كوردستان دەتوانێ ببێتە ڕووگەی گەشتیاری زستانە
كۆنسوڵی كۆریا: بەفری كوردستان لە هی وڵاتەكەم دەچێت
سنچۆڵ لیم كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەولێر، لەم ڕۆژانە وێنەی بەفر بارینی ناو شاری سلێمانیی بینیوە و دەڵێ زۆر لە هیی كۆریای باشوور دەچێت.
لیم لە میانی سەردانیكردنی دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكڵ)دا ڕای گەیاند كە پێشتر باوەڕی نەدەكرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەفر بارین ببینێت، بەڵام پار لە میانی سەردانیكردنی چیای كۆڕەك، خەونەكەی هاتە دی و یەكەم دیمەنی سەرسوڕهێنەری بەفری بینی. دەشڵێ ئەو چیایە شوێنێكی نموونەیییە بۆ دیتنی دیمەنی بەفر بارین و جوانییەكانی سروشتی كوردستان.
ئەو كونسوڵە باسیش لەوە دەكات كە بەفری چیاكان دەرخەری كەشوهەوای پاكی كوردستانن، بۆیە پێی وایە كوردستان دەتوانێ بە ژینگە پاكەكەی ببێتە پێشەنگی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جگە لە چیای كۆڕەك، چیاكانی باڵەكایەتی، پرژێ، حەساری سەکران و هەڵگورد، كە دەکەونە زنجیرە چیای حەسارۆستەوە، بەهۆی بەرزییان لە ئاستی ڕووی دەریاوە لە سێ وەرزی ساڵدا بەفریان تێدا دەمێنێتەوە و لەبارن بۆ خلیسكێنەی سەر بەفر.
دیمەنی چاڵاکییەکی کولتووری لە میانی فیستیڤاڵی خلیسکێنەی سەر بەفر
بەم هۆیەوە هاوینەهەواری پرژێی سنووری گوندی وێزە، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا بە بەشداریی دەیان وەرزشوانی نێوەخۆیی و بیانی، پێشوازیی لە فیستیڤاڵی خلیسکێنەی سەر بەفر کرد، كە ئەمساڵ بۆ حەفتەمین جار لە سنووری چۆمان بەڕێوە چوو.
ئەم فیستیڤاڵە سەلماندی كە كوردستان دەتوانێ ببێتە ڕووگەی گەشتیاری زستانە، سروشتی جوانی كوردستان و كولتوور و فەرهەنگەكەی بەگەشتیاران و یاریزانانی بیانی ئاشنا كرد، هەروەها دووبارە بووەوە بەهاندەرێكی گەورەی پەرەپێدانی وەرزشە زستانییەكان.
ماوەی چەند ساڵێکە گرووپێک لە وەرزشوان و شاخەوانان لەسەر بەفری ئەم چیایانە وەرزشی خلیسکێنەی سەر بەفر “سکی” دەکەن و بەشدارێکی کارای فیستیڤاڵی ساڵانەن لە پرژێ.
لە فیستیڤاڵەكەدا چەند یاریزانێكی بیانی به یارییه سهركێشییهكان خهڵكیان سهرسام كرد، كە ژمارەیان لە ٢٣ یاریزانی نێودهوڵهتیی خلیسکێنەی سەر بەفر زیاتر بوو و، نمایشیان بۆ فیستیڤاڵی بهفری ئەمساڵ دەکرد.
ئانا تاسیج یاریزانی نێودهوڵهتیی خلیسکێنەی سەر بەفر بۆ (گڵکەند) گوتی “ئەمە سێیەم ساڵە لە سلۆڤینیاوە بۆ بەشداریكردن لە فیستیڤاڵی بهفر سەردانی كوردستان دەكەم، ژمارهیهك یاریزانی سكیم لەگەڵە و ئهم یارییه سهركێشییه له شوێنێكی ههره شیاوی جیهان دهكهین».
لای خۆیەوە بەختیار بەهجەت سەرپەرشتیاری گرووپی (سکی چۆمان) كە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە و ٣٥ ئەندامی هەیە، لەبارەی سروشتی ناوچەکە و لەباربوونی بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر و ئەنجامدانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی لەو زنجیرە چیایانە دەڵێ: سنووری باڵەكایەتی بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و نمایشی یاریی خلیسکانێی سەر بەفر، شیاوترین شوێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
باس لەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی سیاسەتی ڕاکێشان و زیادکردنی گەشتیار لە هەرێم پەیڕەو بکات، سوود لە ناوچە کوێستانییەکان وەرگرێ بۆ زیادکردنی داهاتی ناوەخۆ.
هەروەها مەحبووب عەزیز ئافرەتێکی هەولێرە و بەشداربووی یاریی سکییە دەڵێ هەرچەندە زۆر باش نییە لە یاریی خلیسکانێ، بەڵام ئەمساڵ ئامادەكاریی باشتری كردبوو بۆ فیستیڤاڵی بەفر و خلیسكانێی سەر بەفر. زیاتر لە ١٣٠ یاریزانی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدارییان لەو فیستیڤاڵەدا كرد كە لە شیاوترین سروشتی كوردستان ئەنجام درا، بەهۆی ئەوەی بەرز و نزمییەكانی ناوچەكە زۆر لەبارە بۆ ئەنجامدانی یاریی خلیسکێنەی سەر بەفر، لەلایەكی دیكەشەوە پرژه تهنها ١٦٠ كیلۆمهتر له ههولێری پایەتەختەوە دووره و لە ههر چوار وهرزی ساڵدا بهفری لێ دهمێنێت.