لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆری بەرەبەیان، بۆنی نانی تازە و چای گەرم تێکەڵ بەهەوای پاکی ناو كۆنترین پارکی شار دەبێت.
لە گۆشەیەکی پارکە دێرینەکەی هەولێردا كە گڵكەندە، کاربین و هاوکارەکانی ڕۆژانە خەریکی ئامادەکردنی بەرچایین بۆ ئەو میوانانەی دەیانەوێت نانێکی بەیانیی جیاواز لەنێو سروشت و ئەو ئادگارەی هەولێردا ئەزموون بکەن كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی 300 ساڵ دەگەڕێتەوە.
کاربین کەرخی (٢٧ ساڵ)، كچە هەولێرییەكی دەرچووی بەشی شیکاریی نەخۆشییەکانە و ئێستا قوتابیی ماستەرە، باسی بیرۆکەی دروستکردنی کافێی کارلین بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێ کاتێک قوتابیی کۆلێژ بووە، لەگەڵ هاوڕێیەکانی بۆ ئەوەی چەند کاتژمێرێک بەیەکەوە بخوێنن سەردانی کافێیەکانیان دەكرد، بەڵام بەهۆی داخراوی شوێنەکان و زۆریی دووکەڵی نێرگەلە و جگەرە لەو شوێنانە، هەر زوو هەستیان بە بێزاری کردووە.
کاربین دەڵێ “بیرم کردەوە بۆچی کافێیەک نییە لەناو سروشت بێت و هەوایەکی پاکی هەبێت”. بۆیە لەو کاتەوە بڕیار دەدات لە دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، خۆی ئەم بیرۆکەیە بکاتە ڕاستی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارکی گڵکەندیش بۆ شوێنی کافێیەکە، باس لەوە دەكات كە خۆی دەرچووی بەشێکی پزیشکیە و بەلایەوە گرینگ بوو کافێیەکە لەنێو پارک و سروشت بێت، هەروەها مێژووی پارکی گڵکەند وەک یەکەم پارک لە هەولێر گرینگییەکی زۆری بەلای ئەوەوە هەبوو.
ئەو كیژە خاوەنكارە بەدەم خواردنەوەی چایەکەی بەردەمی، باسی منداڵیی خۆی دەكات كە لەگەڵ خێزانەکەیدا سەردانی پارکی گڵكەندیان کردووە و دەڵێ “ئەوانەی دێنە ئێرە، نۆستاڵژیا و یادەوەریی زۆریان لەگەڵ شوێنەكەدا هەیە”.
کاربین پێی وایە زۆربەی كیژان لە دروستکردنی شیرینیدا دەستڕەنگینن، خۆیشی بە یەکێک لەوانە دەزانێ، بە بزەیەکیشەوە دەڵێ لە سەرەتای پرۆژەكەیدا دڵەڕاوکێیەكی زۆری هەبووە، چونكە خەڵکیش پێیان سەیر بوو كیژێك لە شوێنێکی گشتیدا کافێ بکاتەوە. بەڵام ئێستا زۆربەیان بوونەتە دۆست و خێزانی دووەمی.
هەروەها باسی پیاوێکی بەتەمەن دەکات کە ڕۆژانە ئەگەر بۆ سڵاوێکیش بێت، سەردانی کافێیەکەی دەکا و دڵخۆشە بەوەی کچێک توانیویەتی ببێتە خاوەنکار. كابرا ناوی حاجی كەریمە و هەموو جارێ ڕاشكاوانە بە كاربین دەڵێ ئەگەر خاوەنی كافێیەکە کوڕ بوایە، هێندە سەردانی نەدەكرد.
نهێنیی سەرکەوتنی کافێی کارلین لە سادەیی و خۆماڵیبوونی دایە. نانی گەرم، هێلکەی کوڵاو لەگەڵ پەنیری کوردی، هەنگوین، لۆبیا، شیرینیی تازە، چای بەتام و قاوەی تورکی کە بەشێوازی نەریتی ئامادە دەکرێت.
کافێی کارلین لە وەرزی زستاندا رۆژانە لە ٨ی بەیانیەوە تا ٦ی ئێوارە کراوەیە، لە هاوینیشدا تا ١١ی شەو. جگە لە نانی بەیانی، عەسروونییەش پێشکێش دەکەن کە لە چەرەزات و شیرینی و چای و قاوە پێک دێت.
“من پێم وایە هەر کەسێک دەتوانێ خەونەکانی بکاتە ڕاستی، تەنیا دەبێت متمانەی بەخۆی هەبێت»، کاربین وا دەڵێ، بەدەم سەیركردنی ئەو کەسانەشەوە کە لە کافێیەکەی دانیشتوون، دەڵێ کاتێک دەبینێ خەڵک لێرە کۆ دەبنەوە و پێ دەکەنن، هەست دەکات شتێکی باشی كردووە.
لە کافێی کارلین، جگە لە کاربینی خاوەنی کافێیەکە، چوار کوڕی تر کار دەکەن. دڵخۆشە شوێنەكەی بۆتە سەرچاوەی بژێویی چەند گەنجێك، بیریش لەوە داتەوە کافێیەکەی گەورە بكات.
ئەو کافێیەی کاربین ئێستا بووەتە نموونەیەک بۆ کچانی دیكە، بە دەوری کافێیەکە لەنێو پارکەکەدا ژمارەیەک مێز و کورسی دانراون، چوار کچ دانیشتوون کە هاوڕێی یەکترن، بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش هاتوون، كاربین دەڵێ ئامادەیە یارمەتیی هەر کەسێک بدات کە پڕۆژەی خۆی دەست پێ بکات. پێی وایە ئافرەتان دەبێ پشتی یەکتر بگرین.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە نیوەی ڕۆژەکە، خۆر بەرزتر دەبێتەوە و سێبەری دارەکان کورتتر دەبنەوە. کاربین و هاوکارەکانی خەریکی کۆکردنەوەی پەرداخە بەتاڵەکانن. خەونی داهاتووی گەورەترە، دەیەوێت کافێیەکە فراوانتر بکات و چەند کەسێکی تریش دابمەزرێنێت. بەڵام وەک خۆی دەڵێت «گرینگ ئەوە نییە کافێیەکە چەند گەورەیە، گرینگ ئەوەیە چەندە خۆشەویستی و خۆشی بڵاو دەکاتەوە».
مێژووی دروستكردنی پارکی گڵکەند، بۆ زیاتر لە 75 ساڵ دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 1965 بەردی بناغەی دانرا و ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکەکەش لە ساڵی 1968 بووە. یەکێکە لەو شوێنە دێرینانەی هەولێر کە یادەوەریی زۆری لە هزری خەڵکەكەیدا هەیە، بۆ ماوەیەکی درێژ یەکەمین و تاكە باخچەی هەولێر بووە و پێشتریش بەر لە سێ سەدە كانگای پیشەسازیی شارەكە بووە و لەوێندەر گڵ بۆ دروستكردنی ئەو خشتانە دەرهێندراون كە گەڕەكەكانی هەولێریان پێ دروست كراوە.