حوزنی موكریانی (بەخدا 1944)
لەم چەندانە تەنگەدا ئەو هەموو خەم و ئازارانە یەك لەدوای یەك هەڵمەتیان دێنایەسەر و زەبوون و سەرسامیان كردبووم و لە بەخدادا هەر بزووتنەوە و بیرەوەرییەكم هەر ژان و بڕك و دڵ ئێشان بوو، چاوم بە كۆشكە بەرزەكان دەكەوت و جادە و باخچەكانم دەدین لەسەر خەمم دەبوونە بار و سوێم دەبۆوە، كە بیرەوەریم لە خاكە بێكەسە وێرانەكەم دەكرد و ئەم ئاوەدانییەم دەدی نیوە عەمر دەبووم و لەم حاڵەشدا یەك دوای یەك خەبەرم وەردەگرت، كە عەبدولرەحمانی برام لە ئازاردایە.
بەتایبەتی، كە ئێواران چاوم بەدەستە ئوتومبیل دەكەوت منداڵە بچووكەكانی لە باخچەی منداڵان (روضة الأطفال) دەگەڕانەوە، هەریەك لەبەر دەرگای خۆیانی دادەبەزاند و سبەینە سەر لە گەزەنگكەوتن، دەستە بە دەستە ئوتومبیلی جوان و ڕەنگین لەپێش دەرگاكان ڕاوەستاون و منداڵە بچووكەكان سواردەكەن بۆ باخچە و لای لەلە و مامانیان دەبەن.
جەرگم قرچەی دەكرد و بۆكرووزم لە هەناوەوە دەهات. منداڵە پێخواسە ڕووتە بێجلكوبەرگ و ملكەچەكانی وڵاتم دەكەوتە پێشچاو، كە سەر لە بەیانی لەبن دیوارەكانی خانووەكانی خۆیاندا هەڵترووشكاون چاوەنۆری ڕووی ڕەحمەت و میهرەبانی هەتاو دەكەن و هێندێكیشیان بابۆڵە نانێكی وشكی بەدەستەوە گرتووە، بەلێوەلەرزێ دەكرووزێنەوە و برای منیش لەژێر موراقەبە و توهمەتی شورتەی هەولێردا لە عەزابدایە.
بەتایبەتی ئەوە هەناوی بڕیبووم، كە سبەینە زوو كچ و كوڕە ڕووخۆشە جوانەكانی بەخدام دەدین پۆلپۆل بە بەرگی ڕەنگاوڕەنگی قەشەنگەوە بەلەنجە و لار و بە پێكەنین و شادمانییەوە ڕوو بە مەكتەب و مەدرەسەكان لە جۆلانەدابوون، داخ و برینی دەكولاندمەوە، كە كوڕ و كچە هەژارەكانی كوردستانم وەبیردەكەوتنەوە بەڕووتی و پێخواسی هەر یەك كتێبە شڕێكی لە بن هەنگڵدا بەڕووێكی گرژ و چاوێكی خەماوی و لێوێكی بەبارەوە دەچوونە مەكتەب، پێی ڕۆیشتن بەستراو، دڵی چوونیان شكاو لەترسی ئەو مامۆستایانەی، كە زمانیان نازانن و لە ترسی ئەو دەرسانەی، كە لە خوێندن ناگەن، لە هەراسا كەموكورت بۆی دەجووڵانەوە و لە ماڵەوە بەنیگەران و خەمی نەبوونییەوە دەركەوتووە. لەنێو چاویاندا ئاشكرا و دیاربوو، نائومێدی لەپێی خستبوون.
كوردستان موكریانی ئامادەیكردووە و هێناویەتە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆی كوردی