نووسراوی نهێنی هەڵوێستی قوتابیانی هەولێر لە دژی هەڵسوکەوتی خراپی مامۆستایان ئاشکرا دەکات
لە نووسراوێکی نهێنیدا، کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لیوای هەولێر لە ڕۆژی ١٤/١١/١٩٥٣ ئاراستەی موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێری کردووە، ئاشكرای كردووە كە ٢٧ قوتابیی قوتابخانەی ناوەندیی هەولێر لێژنەیەکیان بەناوی (یەکێتیی قوتابیان، لقی هەولێر) پێک هێناوە.
ئەو قوتابیانە ڕۆژی ٧/١١/١٩٥٣ بڵاوکراوەی ژمارە (١)یان بەناوی (پەیامی لێژنەی یەکێتیی قوتابیانی هەولێر بۆ هەموو قوتابیان) دەرکردووە.
٢٠ قوتابی وەک لایەنگری لێژنەکە دەستنیشان کراون و حەفتیشیان سکرتێر و ئەندامی لێژنەکە بوون کە هەموویان پۆلی سێی ناوەندی بوون و بریتی بوون لە تەڵعەت نادر (سکرتێری لێژنە) و ئەندامێتیی ئیبراهیم، خالید محەمەد، ئەحمەد حەمەد ئەحمەد، جەوهەر، هاشم عەبدولڕەحمان و عادل حاجی ساڵح.
لایەنگرەکانیش پۆلی سێ تا پێنج بوون و بریتی بوون لە محەمەد محەمەدئەمین، عەوڵا، جەمال قادر کەشاف، ڕەقیب سەلیم، عیسا شێخ حەسەن، عەلی جەلال، کەمال عەبدولڕەزاق، جەبار حەسەن ڕەحمان، جەلال قادر، ماربین عۆدە، حوسام شاکر، یوسف پۆڵس، بویا عەتو، فاروق سەید حەسەن، عەدنان شێخ مستەفا، عەدنان، محەمەد کەریم، عەلی و عارف شاکر.
لە بڵاوکراوەکەیدا، لێژنەی یەکێتیی قوتابیان لقی هەولێر ڕای گەیاندووە، لێژنەکە بەشێکە لە لێژنەی ناوەندیی یەکێتیی قوتابیان لە بەغدا و بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافی قوتابیان دروست بووە، کە ئەو مافانە لەلایەن ”حکوومەتی نووری سەعید و حکوومەتەکانی دواتر“ پێشێل کراون.
لێژنەی یەکێتیی قوتابیان لقی هەولێر لە بڵاوکراوەی ژمارە (٢)دا، داوای لە قوتابیان کردووە پاڵپشتیی لێژنەکە بکەن لە دژی هەڵسوکەوتی خراپی پەروەردە و مامۆستایان، کە گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی جنێوی وەک (سووک و گوو بخۆ) بە قوتابی بدرێت و لێیان بدرێ و ئەنجوومەنی عورفیی سەربازی سزای قوتابیان بدات.
پۆلیسی لیوای هەولێر هەردوو بڵاوکراوەی ژمارە ١ و ٢ی لێژنەی یەکێتیی قوتابیان لقی هەولێری دەست کەوتووە و بە نووسراو بۆ موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێری ناردووە.