ئەگەر سەیری جامخانەی ستۆدیۆ (الفنون)ت بکردبا، کە کەوتبووە بەرامبەر چایخانەی (مەچکۆ)، ڕۆژانە نوێکارییەكانی پاشات دەدیت، كە بووبووە جێی سەرنجی هەمووان. لە دوای ماڵئاواییی خۆیشی، عیماد پاشای کوڕی ڕێچکەی بەرنەدا، چونکە هەر لە منداڵییەوە لەبن دەستی ئەو کاری دەکرد و سوور بوو لەسەر ئەوەی کوڕەکەی وەک خۆی فۆتۆ بناسێ و مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەر واش دەرچوو.
عیماد دوای ماڵئاواییی محیەدین پاشای باوكی، بووە جێگرەوەی و ئەم شێوازە هونەرییەی لە فۆتۆ بەر نەدا و توانی سەروەریی ئەم ستۆدیۆیە بپارێزێ و هەر خۆشی ناوی (پاشا) هەڵگرێ.
لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ڕابردوودا عیماد پاشاش كۆچی دوایی كرد، كە مامۆستای پێشووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانیش بوو، ئەو خاوەنی ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی هەولێر و شۆڕشیش بوو.
بەهرەی عیماد پاشا هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی سەری هەڵدا، کە قوتابیی (اربیل الاولی) بوو، ڕۆژێکیان هونەرمەند دانیاڵ قەساب، کە ئەو کات مامۆستای هونەر دەبێت، تەماشای دەکات لە هونەری شێوەکاری دەستڕەنگینە، بۆیە لە مەرسەمی قوتابخانە شوێنێکی بۆ تەرخان دەکات، ئەویش ڕۆژ بەڕۆژ داهێنانی جوان دەکات و دەست بە دروستكردنی پۆرترێتی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی ئەوێ ڕۆژێ دەكات، وەک فەرید ئەتڕەش و ئەسمەهان. کە ئەو کات ئەوانە لە بازاڕ باو بوون و بەخێرایی دەفرۆشران، بۆیە بە پارەی ئەو پۆرترێتانە توانی ماتۆڕێک بکڕێت.
عیماد پاشا لە ساڵی ١٩٥٨ دوای شۆڕشی تەمووز، لە بەردەم چایخانەی کورد و عەرەب لە گەڕەکی تەیراوە، تابلۆی کورد و عەرەبی بە ئەندازەی (٦-١٠) م دروست کرد.
لە دوای بەیاننامەی یازدەی ئاداریش، وێنەیەکی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی بە ئەندازەی (٦-١٠) م گەورە کرد و بە بڵندایی قەڵاتێیدا هەڵواسی، لە دوایدا وەکو لە شارۆچکەی دیلمان چووە خزمەتی بارزانی و لەوێ وێنەكەی بە دیاری پێشکێش کرد.
عیماد پاشا لە سەرەتای كاركردنیدا وەك وێنەگر، لەگەڵ کەسێک بە ناوی سەعدون کەرکووکی دوکانێکی وێنەگرتنی لای مزگەوتی مەحموود عەلاف کردەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ چووە بەرامبەر قەڵاتێ و لەوێ لە دوكانێكدا پەرەی زیاتری بە کاری فۆتۆیی خۆی دا.
ئەگەر بگەڕێینەوە ناو ئەرشیفەکەی، کارامەییی پاشای كوڕمان بۆ دەردەکەوێ، کە چۆن توانیویەتی مێژووی هونەریی ئەم شارە بە فۆتۆ بپارێزێ و ئەمڕۆش بەشێکی تایبەتی لە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر وەک قوتابییەکی قوتابخانەی (اربیل الاولی) بۆ کارەکانی تەرخان بکرێت.
لە کۆتاییی حەفتاکاندا محیەدین پاشای باوک عیمادی کوڕی بەمەبەستی خوێندن ناردە ئیتاڵیا و لە شاری فلۆرەنسا گیرسایەوە، عیمادیش وەکو باوکی یەکێ بوو لە بەهرەمەندەکانی هەولێرێ لە بواری شێوەکاری و فۆتۆگرافی، بۆیە کە گەیشتە ئەوێ یەکێ لە کارە هونەرییەکانی دروستکردنی وێنەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئیتاڵیا بوو و پێشکێشی کرد.
ئەو چەند ساڵەی لە ئیتاڵیا مایەوە، بەسەرکەوتوویی کارەکانی خۆی دەکرد، بەڵام بەهۆکاری ماڵئاواییی باوکییەوە، ناچار بوو بگەڕێتەوە هەولێر و ببێتە هەڵسوڕێنەری دوکانەکەی باوکی و پاراستنی ئەرشیفە دەوڵەمەندەكەی، کە هەموو کات شانازیی پێوە دەکرد، دواجاریش لە سەرەمەرگدا تاقە وەسیەتنامەی ئەوە بوو، کە ئەرشیف و مێژووی (پاشا)ی باوکی بە زیندوویی بمێنێتەوە.