دیوارەكانی فەرمانگەی پۆستە و تەلەگراف ڕووخان
حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانی نزیکەی ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا، لە سـێ بەڵگەنامەدا باسی سێ لافاوی وێرانکەری لە شاری هەولێر و زیانەکانی کردووە، بڕیاری لەبارەوە دەرکردووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانییەکان، کە لە ڕۆژی ١٨٨٥/٢/٣ دەرچووە، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی بینای فەرمانگەی پۆستە و تەلەگراف لە هەولێر و ژمارەیەک شاری تر دەرچووە، کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوونە.
ئەوکات هەولێر پێگەیەکی گرینگی لە دەوڵەتی عوسمانیدا هەبووە و جوگرافیاکەی کەوتبووە نێوان ویلایەتەکانی باشوور و باکوری دەوڵەتەکە و فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی هەولێر میانێکی ناوەند بووە لە نێوانیاندا.
لە بەڵگەنامەکەدا، کە لە ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، دیوارەکانی بینای فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی هەولێر بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە، تێک چوون و مەترسیی ڕووخانیان هەیە، بۆیە داوای ١٠ هەزار و ٨٠٠ قوروشی عوسمانی کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی.
بە بەراورد بە شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، داوای بڕە پارەیەکی زۆر زیاتر لە شارەکانی تر بۆ فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی هەولێر کراوە، جیاوازیی بڕە پارەکە یەکجار زۆرە. هەروەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، داوای بڕی ٨٦٠ قوروش بۆ نۆژەنکردنەوەی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنی لازقییە (ئێستا کەوتووەتە ڕۆژئاوای سووریا) و ٢٠٠ قوروش بۆ هەمان مەبەست بۆ فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی لوروس لە ئەلبانیا، کراوە.
بارانە بەخوڕەکە و لافاوەکە لە ساڵی ١٨٨٤ لە هەولێر ڕووی داوە و جگە لە زیانگەیاندن بەفەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی هەولێر، زیانی بەچەندین خانووش گەیاندووە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، تەنیا بڕیاری نۆژەنکردنەوەی فەرمانگەکەی، داوە.
جگە لە باران و لافاوی ساڵی ١٨٨٤، بەپێی دوو بەڵگەنامەی تری عوسمانی لە ١٩٠٠/٣/١٩ و ١٩٠٧/٩/١٧، بەهۆی بارانی بەخوڕ، لافاو لە ڕووباری زێی بچووک لە نێوان هەولێر و کەرکووک و ناو شاری هەولێر دروست بووە و بەهۆی یەکەمیان، سەدان خانوو لە پردێ وێران بوون و بەهۆی دووەمیشیان، ١٩ خانوو لە هەولێر تێک چوون بەبێ بوونی هیچ زیانێکی گیانی.
بابەت و بەڵگەنامەكان لە كتێبی (وثائق اربيل في عهد العثماني) وەرگیراوە.