کۆشکی باداوە یان کۆشکی مەلافەندی لە گوندی باداوەی جاران، لە سەرەتای سەدەی بیستەم دروست کراوە، ئەم کۆشکە پێگەیەکی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی شاری هەولێر و دەوروبەری بووە، بە دەیان سەرکردەی سیاسی لە کورد و بیانی سەردانیان کردووە، هەندێک جار بووەتە پەناگەیەکی باش بۆ حەسانەوە، هەندێك جاریش بۆ خۆشاردنەوە لە بارێکی سیاسیی ناوچەکە و جاری واش هەبووە جێگەی شیکردنەوە چارەسەری کێشەکان و بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە.
ئەم کۆشکە دەکەوێتە گوندی باداوەی کۆن، كە ئێستا گەڕەکی باداوەیە، چیڕۆک و گوزەشتەی زۆر لەبارەی پێکهاتەکەیەوە باس دەکرێ. لەم وێنانەی لەم بابەتەدا بڵاو دەكرێنەوە، شوێنی کۆشکەکە و وێنەیەكی كۆنی كۆشكەكە بە پشتبەستن بەسەنتەری زانیاریی جوگرافی و لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان و وێنەی ئاسمانی دەستنیشان كراوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە زارەکی و مێژوویییەکانیش کۆشکەکە لەنێو حەوشەیەکی دیوار شێوە چوارگۆشەیی بووە، دەوروپشتی باخچە و ڕەز بووە، ڕووی کۆشکەکە لە گومەتەکەی باداوان (مەزاری مەلافەندی)یە و كە دەكەوێتە ڕاست قەڵاتێ، گومەتەکەی باداوان ئێستا لەسەر هەردوو شەقامی ١٠٠م لە ڕۆژهەڵات و ٤٠م لە ڕۆژئاوا و گەڕەکی باداوەیە.
وێنەی سەرەكیی بابەتەكە هی ئاسمانیی باداوە و لەلایەن سەتەلایتی (کۆڕۆنا)وە گیراوە، کە سەتەلایتی سیخوڕی ئەمریکی بووە و لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەسەر ناوچەکەدا گەڕاوە.
بەهۆی ئەم وێنانە شوێنی گومەتەکەی باداوان و شوێنی کۆشکەکە دیاری كراوە.
بەپێی لێكدانی وێنە كۆن و نوێیەكان، ئێستا شوێنەواری کۆشکی مەلا فەندی دەکەوێتە ناوەڕاستی شەقامی ١٠٠م، دووریشی لە گومەتەکەی باداوە (٢٠٠) مەترە و ڕووبەری حەوشەی کۆشکەکەش بەپێی وێنەی سەتەلایتەكە (٨٣،٥٦٣)م چوارگۆشەیە، ڕووبەری کۆشکەکەش (٤٦٥٠)م چوارگۆشە دەبێت.