لە باتیی حکوومەت بم
لە باتیی حکوومەت بم

لە کابینەی دەیەم لە باتیی حکوومەت بم نیوەی فەرمانبەران فەسڵ دەکەم. هەر دائیرەیەکی حکوومەت بگری، فەرمانبەری بێ ئیش کراشەی دەکات. ئەوانە هەم جێ هەم ڕێشیان گرتییە، بووینە بارگرانی لەسەر حکوومەت. فەسڵکراو بەدەستی بەتاڵ نانێرمەوە مارێ، مووچەی ساڵێکی دەدەمێ.
کولتووری دەست لەکارکێشانەوە دەسەپێنم.
واتە: هەر وەزیرێک یان کاربەدەستێکی پلە باڵا فەڵتەی دا، پێی دەڵێم لۆ خۆت بە کڕی دەست لە کار بکێشەوە، ئەگەر نا فەسڵت دەکەم. ئەوها بی، جارێکی دی کەسی نەشارەزا ناوێرێت خۆی لەو پۆستانە بدات هەرچەند حیزبییەکی تۆخیش بێت. فەرمانبەرەکانی دیش ئاقر دەبن.
هەر ماڵێک، هەر دوکانێک، هەر باڵەخانەیەک پێش دەرگەی پیس بێت، غەرامەی دەکەم. بەم شێوەیە، شار خاوێن دەبێتەوە. توند دەبم، لەسەر هەمووان جێبەجێی دەکەم.
پێش ئەوەی پۆست بدەم بە هەر کەسێک، لە دەستپاکی و داوێنپاکی و ئەزموونی دەپرسم. هەر کەسێک دەستپاک و داوێنپاک بێت و ئەزموونی هەبێت لە کارەکەی، لێی بێ خەم بە. پێش ئەوەی حیزبی بێت، دەبێ کوردستانی بێت، واتە بەرژەوەندیی کوردستان بە پێش حیزبەکەی بخات.
توند دەبم لەسەر باندەیلی قاچاخ لە مەرزەکان و کوالێتی کۆنترۆڵ دادەنێم، ناهێڵم یەک مەوادی بەسەرچوو بێتە کوردستان.
ڕاوە دووکەڵی ژەهراوی دەکەم. هەموو پاڵاوگە نایاسایییەکان دادەخەم، هەرچی کارگەی بە دووکەڵە دەبێ فلتەری ئەسڵیی هەبێت، هەرچی ترومبێلی دووکەڵدارە نایهێڵم. هاوردەکردنی ترومبێل سەتا نۆهەت کەم دەکەمەوە.
هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر کەم دەکەمەوە، هەتا بەرهەمی خۆماڵی ببووژێتەوە و جووتیارەکان قازانج بکەن.
واز لە شەمەندەفەر دێنم جارێ، لە باتیان، سیستمی پێشکەوتووی پاس دادەنێم، هەموو شار و شارۆکە و گوندەکان بە پاس پێک دەبەستمەوە.
خەڵک بە هەڕەشە و گرتن و کوتان ئاقر نابی، بە غەرامە ئاقر دەبی. ئەوەی سەرپێچیی کرد، جا لە هەر بوارێکدا بێت، پشتی دەشکێنم بە غەرامە. لەمێژە پۆلیسی هاتوچۆ ئەوە دەکەن، توندتریش بن چێترە.
پشتی ملی زەنگینەکان دەگرم، قوتابخانە و نەخۆشخانە و جادەیان پێ دروست دەکەم، باجیان بەسەردا دەسەپێنم، ناهێڵم زۆر پشت بە هێزی کاری بیانی ببەستن.
پێش ئەوەی ئەوانەی سەرێ بکەم، کارەبا و ئاو و غاز و نەفت بەنرخێکی هەرزان دابین دەکەم بۆ هەمووان، هەتا ئەوە نەکەم کەس گوێڕایەڵم نابێت. پێش ئەوانەش، هەر کووەکی بی، کێشەی مووچە چارەسەر دەکەم. وا نەکەم، هەموو هەوڵێک بەلاشە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved