کاتێ لەلای قەسران بەدیار دەکەوت کابرایەکی چوارشانەی تێک چەقیو هەردەم دیاریی بۆ کوڕەکەی و کچەکەی دەهێناوە، هەندێ زەرفی لە دەست بوو منداڵەکانی بەغاردان بەرەو پیلی دەچوون.
کوڕەکەی لەگەڵ ئێمەی منداڵ کە تەمەنمان حەفت هەشت ساڵ بوو یاریی دەکرد، لە زۆربەی منداڵانی گەڕەک بەنازتر بەخێو دەکرا، هەرچەندە باوکی حەمباڵیی دەکرد لە گومرگەکەی نزیک پردی سەیداوە، لە ژوورێکی ناو حەسارەکەی تەنیشت ماڵی ئێمە لەگەڵ هەشت خێزانی دیکە دەژیان.
تا ئەو پارشیوەی دایکم وەک ڕۆژانی دی پرێمزەکەی داگیرساند و لەبەر ڕۆناکیی چرایەکە خەریکی ناوساجی کردن بوو باوکیشم شەونوێژی دەکرد لە ناکاو بووە هاتوهاوار و گریان و زرووکەی منداڵان لە حەسارێ، ئەو کات خانووەکانی گەڕەک هەموویان واڵا بوون دوو ژوور و هەیوانی کراوە بۆیە گوێبیستی دەنگەکان دەبوون.
پاش کەمێک غەڵبەغەڵب لە کۆڵانێ پەیدا بوو زانیمان ئەو کابرا حەمباڵە بەخەنجەرە دەبانەکەی دوازدە خەنجەری لە ژنەکەی داوە و کوشتوویەتی، دواتر حەساری بەجێ هێشتووە و خۆی شاردووەتەوە، ئێمەی منداڵ گوێمان لە گەورەکانی گەڕەک دەبوو دەیانگوت کابرا دوای تاوانەکەی چوویتەوە گوندەکەی خۆیان لە سەرێ.
دوای کوژرانی دایک و هەڵاتن و خۆشاردنەوەی باوکی، منداڵە نازدارەکەی گەڕەکێ کەوتە لای ماڵی مامی کە لە هەمان کۆڵان بوون. نازەکەی جاران، یاری و گەمەکانی ڕۆژانەی نەما، کەوتە بەر ڕەحم و بەزەییی مام و مامۆژن کە خۆیان هەژار و خاوەن کۆمەڵە منداڵێکی سەرکەوبنکە بوون، کۆنە جلکی ئامۆزاکانمان لەبەر کوڕەکە دەبینی، دوای ماوەیێک مامی کردییە شاگرد و لە قوتابخانە دەرهات، دواتر سێنییەکی لەسەر سەر دادەنا کێکی دەفرۆشت، بەر لە کوژرانی دایکی، پاک و خاوێنترین منداڵی گەڕەک بوو، دواتر کرایە کێکفرۆش و هەردەم سەردەستەکانی کورتەکە کۆنەکەی دژون و بەقڕێژ بوو، لە کاتی چوون بۆ کێک فرۆشتن لە گەڕەکەکانی دی زۆر جار فێڵی لێ دەکرا، لێی دەدرا و کێکی لێ دەخورا، کەس نەبوو گلەیی و گازاندە و سکاڵای لا بکا، دوای چەند ساڵێک بووە برادەری کەسانی لانەواز و بێ سەرپەرشت، لە چل بایی سینەما حەمڕا دەبینرا فێری جغارە خواردن و قومار بوو، خوشکەکەشی تازە پێ ڕادەگەیشت ماڵی مامی بە شوویان دا و لە پیرەمێردێکی پارەداری ژن مردوویان مارە کرد.
ئەوە یەکەم تاوان بوو بینیم، لەو ڕۆژەوە هەر پاشێوێکی ڕەمەزانان هەڵدەستم، وێنەی ئەو پیاوە ژنکوژەم لە بەرچاوە و نەفرەت لە هەموو ژنکوژێک دەکەم.