لە ڕواندزەوە جلی کوردی دەنێرنە ئەوروپا
سەر‌باری هاوردەكردنی سەدان جۆری جلوبه‌رگی خانمان بۆ هه‌رێمی كوردستان، هێشتا جلوبەرگی كوردی خواستی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه. گه‌نجێكی بەرگدوور لە شاری ڕواندز ماوەی 11 ساڵە کارگەیەکی دامه‌زراندووه، ڕۆژانه دەیان جۆری جلوبەرگی کوردی تایبه‌ت به خانمان دروست دەکات. ئاسۆ یوسف ناسراو به ئاسۆی خه‌یات (ته‌مه‌ن 35 ساڵ)، نزیكه‌ی چوارده ساڵه دەستی بە دوورینی جلوبەرگ كردووە، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات پیشه‌كه‌ی له باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، هه‌ر له منداڵییه‌وه ڕۆژانه سه‌ردانی دوكانه‌كه‌ی باوكی كردووه و هاوكاریی بووە.
“پاش پێنج سار له دانانی دوكانی خۆم، فكرم له‌وه‌ی كردیته‌وه كارگەكی دوورینی جلوبەرگی كوردی له ڕواندزێ دابنێم”، ئاسۆ ئەوها باسی بیرۆكه‌ی دروستكردنی كارگه‌كەی بۆ (گڵكه‌ند) دەكات. دەشڵێ ئێستا له خوا به‌زیاد بی ئیش زۆر باشه، ڕۆژانە ئافرەتان بۆ درووینی جلوبەرگی كوردی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
ئەو كارگەیە هه‌لی كاری بۆ نزیكه‌ی 21 كه‌س ڕه‌خساندووه كه هەموویان ئافره‌تانی سنوورەكەن و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاكانن، ئاسۆ ده‌ڵێ ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌وه بووه كه كارەكەی له ڕواندزێ ببێته هۆكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی بێ كاری.
ئەو كارگه‌یە كە تا ئێستا ته‌نها جلوبه‌رگی ئافره‌تانی تێدا دووراوە، هه‌وڵ دەدرێ فراوان بكرێ، تا له داهاتوودا جلوبه‌رگی كوردیی پیاوانیش بدوورن و بیخەنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
له‌باره‌ی جۆری دوورینی جلوبه‌رگه‌كانیشەوە ئاسۆ ده‌ڵێ جگە لە كراس و كه‌وێی كوردی، هەروەها تەنوورە، عەبای خەلیجی و جلی مۆده‌ش ده‌دوورن. بەردەوامیش خواست لەسەر جلوبەرگەکانیان لە زیادبوون دایە و هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م شارەکانی هەرێمی کوردستان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.
هەروەها دەڵێ جلوبەرگی كوردی به ده‌ستووری باكوری كوردستانیش دەدوورن، بۆیه به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده‌ی باكوری كوردستان ده‌كه‌ن. هەروەها خەڵكی باشووری كوردستانیش ئەو جلوبەرگانە هەناردەی ئەورووپا دەكەن بۆ ئەوەی بە دیاری بیبەخشن بە هاوڕێ و كەسوكاریان لە دەرەوە، چ ئەوانەی كوردی پەنابەرن و چ ئەو بیانییانەی حەزیان لە پۆشینی جلوبەرگی كوردییە.
وەستا ئاسۆ لەکاتی کارکردن