لەمەودوا خەڵك بە پێوەری خەرجكردنی وزە كەلوپەلی كارەبایی دەكڕن
لە هەولێر بازاڕی كەلوپەلی كارەبایی گۆڕانێكی گەورەی بەسەردا دێت، ئەو ئامێرانەی وزەی كارەبا كەمتر خەرج دەكەن و دۆستی ژینگەن زیاتر دێنە فرۆشتن، ئەمەش دوای نزیكەی ٣٥ ساڵ دابڕان دێت لە كارەبای بەردەوام.
هاوتەریب لەگەڵ پێشڤەچوونی كارەكانی پڕۆژەی ڕووناكی و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، كە ئێستە گەیشتووەتە ٢١ گەڕەکی هەولێر، خەڵكی شارەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هۆشیار دەبنەوە بۆ ئەوەی وزەی كارەبا لە خۆڕایی خەرج نەكەن، بەڵكو بەگوێرەی پێویست دەست بە بەكارهێنانیەوە بگرن، تا لە كۆتاییی مانگدا هەر هێندە كرێی كارەبا بدەن كە بەپێی پێویست خەرجیان كردووە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە وەرزی زستاندا هاووڵاتیان زۆرترین وزەی كارەبای ٢٤ كاتژمێریان لە داگیرساندنی گیزەر (بۆیلەر)دا خەرج كراوە، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە هێشتا زانیاری و هۆشیاریی پێویست لەبارەی دەستپێوەگرتن بەكارەبا نەبوو. فەیسەڵ غەفوور ماوەی ٢٦ ساڵە لە بازاڕێكی هەولێر گیزەر دەفرۆشێ، لەم بارەیەوە بۆ (گڵكەند) گوتی؛ ئەگەر كەسێك بیەوێ لە كۆتاییی مانگدا بڕێكی كەمی پارەی خەرجكردنی وزەی كارەبای بۆ بگەڕێتەوە، ئەوا شەو و ڕۆژ گیزەرەكەی بە داگیرساوی بەجێ ناهێڵێ، بەڵكو تەنها لە كاتی پێویستدا دایدەگیرسێنێ.
نموونەش بەماڵی خۆی دەهێنێتەوە كە خێزانەكەیان بەر لە خۆشوشتن بۆ ماوەی یەك كاتژمێر گیزەرەكەیان دادەگیرسێنن، دەڵێ ئەو كاتژمێرە بەسە بۆ ئەوەی ئاو گەرم بێت و خۆیان پێ بشۆن، دوای ئەوە گیزەرەكە دەكوژێننەوە.
هەروەها باس لە خەڵكانێك دەكات كە ڕێگەی هەڵە بۆ خۆپاراستن لە خەرجكردنی وزەی زۆری كارەبا دەگرنە بەر، بۆ نموونە هەوڵی گۆڕینی هیتەری گیزەرەكانیان دەدەن، لە ١٢ ئەمپێرییەوە دەیگۆڕن بۆ هیتەری دوو ئەمپێری، بەڵام وەك ئەو بەئەزموون بۆی دەركەوتووە، ئەمە چارەسەر نییە، چونكە داگیرساندنی هیتەرێكی دوو ئەمپێرییش بە بەردەوامی دەبێتە هۆی خەرجكردنی بڕێكی زۆری وزەی كارەبا و مەرج نییە ئاویش بەپێی پێویست گەرم بكات، بەڵكو چارەسەر ئەوەیە گیزەر تەنها لە كاتی پێویستدا دابگیرسێت.
لەلایەكی دیكەشەوە بەپێویستی دەزانێ هاووڵاتیان كەلوپەلەكانی دیكەش لە پلاکەوە بكوژێننەوە كاتێك پێویستیان پێ نامێنێ. تەنانەت هەڵكردنی گڵۆپیش لەو ژوورانەدا كە كەسی لێ نییە بەزیادە دەزانێت.
پشتیوان غەریب خاوەنی پێشانگەیەكی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەباییی ناوماڵە، باس لەوە دەکات كە ئێستە كڕیارەكان زیاتر پرسیاری ئەو کەلوپەلە کارەبایییانە دەکەن كە کەمترین ئەمپێری کارەبایان پێویستە. دەشڵێ خەڵک لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دوور دەكەوێتەوە كە وزەی كارەبا زۆر خەرج دەكەن.
لەبارەی سپلیتیشەوە دەڵێ ئێستە دوو جۆر سپلیت لە بازاڕ هەن، سپلیتی ئینڤێتەر و سپلیتی ئاسایی. ئەوەی دووەم لە کاتی کارپێکردنیدا ١٦ ئەمپێر کارەبای پێویستە و لە دۆخی ئاساییشدا ١٠ ئەمپێر، نرخی لە نێوان ٢٠٠ تا ٤٠٠ دۆلارە. هەرچی سپلیتە ئینڤێتەرەکانە لە کاتی کارپێکردنیدا شەش ئەمپێر و لە کاتی ئاساییی کارکردنیشدا دوو ئەمپێر کارەبای پێویستە. سپلیتی جۆری ئینڤێتەر نرخی لە ٤٠٠ تا ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەبێت. دەشڵێ چاوەڕوان دەكرێ لەم هاوینەدا خەڵك ڕوو لە ئینڤێتەر بكەن، چونكە لە كۆتاییدا ئەو جۆرە قازانجی زیاترە و بە درێژاییی هاوین پارەیەكی زۆر بۆ بەكارهێنەر دەگێڕێتەوە.
خاوەنی ئەو پێشانگەیە باسی گۆڕانی بازاڕی ئامێری جلشۆریش دەكات و دەڵێ خەڵك ئیتر ئەو ئامێرانە ناكڕن كە لە ناوەوە ئاو گەرم دەكەن و هیتەریان تێدایە، چونكە وزەیەكی زۆری كارەبایان دەوێ.
هەروەها عەلی نووری دوكاندارێكی تری هەولێرە و زیاتر لە ٢٠ ساڵە گڵۆپ دەفرۆشێت، بەگوتەی ئەو، بازاڕی گڵۆپیش گۆڕاوە، ئێستە خەڵک ئەو گڵۆپانە دەكڕن كە بەکەمترین وات کار دەکەن. دەشڵێ لە ڕاستیدا جۆری باشی گڵۆپ هەن كە كەمترین وات خەرج دەكەن و ڕووناكییەكی زۆریش دەبەخشنەوە.
ئەوەش باس دەكات كە خواستی زۆر لەسەر گڵۆپە هەستیارەكان هەیە و دەڵێ ”لە ماری خۆمان هەموو گڵۆپەکانم كردیتە ئەو نەوعە“. گڵۆپی هەستیار بەجووڵانی دەوروبەری کار دەکات، لە بێ دەنگی و بێ جووڵەییدا دەکوژێتەوە.