تیپی هونەریی میللیی هەولێر
تیپی هونەریی میللیی هەولێر

مێژووی شایی و هەرپەڕكێ و سەما لەناو میللەتی كورد كەونە و لۆ سەردەمانی زوو دەگەڕێتەوە، كەونترین بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواری كە هەتا ئێستا دۆزرابیتەوە بریتییە لە دیمەنی وێنەی هەرپەڕكێی لە قوڕ هەرقەندرای لە شوێنەواری گوندی سەوان و چەرمۆی لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و هەروەها لە گردی (حەلەف)ی لە ڕۆژئاوای كوردستانێ، كە لۆ (10000) سار پێش زاینی دەگەڕێتەوە، كە وێنەی چەند كیژەكیە دەستی یێكیان گرتییە و شایی دەكەن.
كورد لە بۆنە و ئاهەنگەكان وەك دەربڕینەك لۆ خۆشی، شایی و هەرپەڕكێی كردییە، كاتەك لە ساری 1979 تیپی هونەرە میللییەكانی عێراقێ هاتە شاری هەولێرێ و چەند تابلۆیەكی شایی و هەرپەڕكێی عەرەبی و عێراقی نمایش دەكات، ئەم نمایشە هانی كۆمەرەك هونەرمەندی هەولێرێی دا بیر لە دامەزراندنی تیپەكی بكەنەوە وەكی ئەوەی بەغدایێ، لەو هونەرمەندانە سابیر عەبدولڕەحمان، ڕزگار خۆشناو، شێرزاد سەرسپی، وریا ئەحمەد، حەمید مەڕمەڕچی بوون، لە ڕێككەوتی 2/5/1979 ڕەزامەندیی وەرگیرا و ئەو تیپە دامەزرا، سەرەتا داوای هاوكارییان لە هونەرمەندی عێراقی سەلمان محەمەد كرد، هەتا ڕاهێنان بەو تیپەی بكا و بە شێوەكی زانستی ڕایان بینی لەسەر هونەری شایی و هەرپەڕكێ، ئەویش دەستبەكار بوو، سەرەتا كاری لەسەر جوانی و لەشولاری سەماكارەكان كرد، پاشان چەند تابلۆیەكی ئامادە كرد و دەستیان بەڕاهێنانێ كرد.
دیارترین ئەندامەكانی ئەو تیپەی: عەبدولعەزیز مەجید، سوبحی كۆیی، هیمداد لەشكری، پشتیوان لەشكری، سوهام حەسەن، سەلیم فەتاح، مەعروف موحسین، قادر كوردی، مستەفا ڕەنجەڕۆ، سەركەوت خدر و ڕووناك محەمەد بوون، گۆرانیبێژەكانی ئەو تیپەش جەلال سەعید، نیزام شوكر، عارەب عوسمان، ساڵح سەرچناری، سابیر عەبدولڕەحمان و بوڕهان خۆشناو بوون.
سەلمان محەمەد سێ تابلۆی ئامادە كرد و ڕاهێنانی بە تیپەكەی كرد، تابلۆی (نەورۆز، شوان، بادینی)، ڕزگار خۆشناو، وریا ئەحمەد و جەمال جەلال، مۆسیقەیان لۆ ئەو سێ تابلۆیەی دانا، پاشان هونەرمەندی ئەرمینی ڕەشیدیان فارتیكس دێتە شاری هەولێرێ و گەشتەكی بە شار و گوندەكانی كوردستان دەكا و سێ تابلۆی دی ئامادە دەكا و كۆی تابلۆیەكان دەبیتە شەش تابلۆ: تابلۆی (دروونە، لۆركێ، كوێستان)، ڕەشیدیان ڕاهێنان بەتیپەكەی دەكا و شێرزاد محەمەد حوسێن سەرسپی)یش مۆسیقەی ئامادە دەكا.
ئەو تابلۆیانە لە 17/7/1980 لە شاری هەولێرێ نمایش كران و دەنگدانەوەكی زۆری هەبوو، لە مانگی ئاداری 1981 ئەو تیپە بەشداریی فیستیڤاڵی بەهارێی لە شاری موسرێ كرد، بێجگە لە تیپی هونەریی هەولێرێ تیپی هونەریی بەسرە و بەغداش بەشدارییان كردبوو، بەبڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق تیپی هەولێر پلەی یەكەمی بەدەست هینا و خەرات كرا.
پاشان ئەو تیپە گەشتەكی هونەریی لۆ ئەڵمانیای ڕۆژھەرات و ڕۆژئاوا ئەنجام دا، لەوێ نمایشەكی جوانیان پێشكەش كردبوو، هەر لەبەر هەندێ یەكێتیی سۆڤیەت بانگهێشتنی كردن و چوون لە مۆسكۆی پایتەختیش دوو نمایشیان كرد، پاشان چوونە هەرێمی ئۆكرانیا و لە شاری ڕیگە (پایتەختی وراتی لاتڤیای ئێستا) تابلۆیەكی هاوبەشیان لەگەر تیپی هونەریی میللیی شارەكە ئەنجام دا، لە ساڵی 1982 گەشتێكی دیكەیان بۆ وراتی نەمسای ئەنجام دا و لەوێ كۆمەرەك تابلۆیان پێشكەش كرد و بووە جێی سەرنجی خەركی نەمسای، لە كاتی مانەوەیان لە نەمسای چەند ئەندامەكی ئەو تیپەی وەكی حەمید مەجید و بێجان شێرەسواری لەو تیپەی جودا دەبنەوە و داوای مافی پەنابەرێتی لە نەمسا دەكەن، ئەوە وا لە حكوومەتی عێراق دەكات گەشتی دەرێ لەسەر ئەو تیپە قەدەغە بكات.
لە ساری 1983 تانرا ستۆدیۆیەك لۆ تیپی هونەریی میللی لەناو بارەگای تیپ دروست بكرێ، لۆ تۆماركردنی گۆرانی و مۆسیقا، ئەو ستۆدیۆیە بەشێوەكی هونەریی سەردەمییانە دروست كرابوو، بەران بەهۆی شەڕی عێراق - ئێران و بوونە سەربازی كۆمەرەك لە كوڕانی ئەو تیپەی، تیپەكە هەتا پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە چالاكی دەوەستی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved