بەپێی بەڵگەنامەیەكی تایبەت كە بریتییە لە نووسراوێكی فەرمیی موتەسەڕیفییەتی هەولێر و ڕۆژی 4/10/1961 دەركراوە، بەدرەدین عەلی موتەسەڕیفی ئەوسای هەولێر داوای لە یاریدەدەرێتیی ئەمنیی هەولێر کردووە بە وردی چاودێریی جووڵە و کرداری هەندێک مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی هەولێر بکەن، گلەییشی كردووە كە مامۆستا ئافرەتەكان لەسەر كوردایەتی دەستگیر ناكرێن.
وێنەیەکی نووسراوەکە، کە هاوپێچێکی لەگەڵ دایە، بۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و مەعاریف (پەروەردە)ی لیوای هەولێر نێردراوە.
لە هاوپێچەکەدا، گلەییی ئەوە کراوە کە پیاوان بەهۆی کاری زیانبەخش بە (بەرژەوەندیی وڵات) دەستگیر کراون، بەڵام ئافرەتان دەستگیر ناكرێن.
دەشڵێ بەشێک لە قوتابخانەکانی کچان بوونەتە شوێنی ڕۆشنبیرکردنی قوتابیان و مامۆستا ئافرەتەکان بیریان لەسەر شتی دەرەوەی پرۆگرامی خوێندنە، مەبەستی نووسراوەكە تۆمەتباركردنی مامۆستایانە بە پەروەردەكردنی قوتابیان بە بیری كوردایەتی.
جێی باسە ئەو تۆمەتباركردنەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی ئەو کاتی هەولێر بۆ مامۆستا ئافرەتەكان و بەڕێوەبەرە ئافرەتەكانی قوتابخانەکانی كچان، چەند پرسیارێکی مامۆستاکان بووە لە قوتابیان، کە لەبارەی بارەگای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرۆکی گرووپی قوتابخانە و سکرتێرەکەیان لە قوتابیانیان كردووە، وەكو جۆرێك لە هاندان و ناساندنی ڕێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە قوتابییەكان و هاندانیان بۆ بیری نەتەوایەتی.