دووسایدی هەولێر - كۆیە ساڵێك بەر لە وادەی خۆی تەواو دەكرێت
لە هەنگاوێکی گەورەدا بەرەو باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان، چەند مانگێكە دەست بەجێبەجێكردنی دووسایدی هەولێر - کۆیە كراوە، كە دەبێتە یەكێك لە پێشكەوتووترین ڕێگە خێراكانی ناوچەكە، 160 گرد و چاڵاییی سەر ڕێگەكە بە بڕین و پڕكردنەوە، لە ڕێگەی پردی گەورە و قەنتەرەوە چارەسەر دەكرێ، ڕێگەكە 10 بەرزە پرد و نزمە پرد لەخۆ دەگرێ.
ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكەدا بەخێرایی و چڕی بەڕێوە دەچێ، بەرپرسانی جێبەجێكار پێشبینی دەكەن ساڵێك یان زووتریش بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، پڕۆژەكە تەواو بێت.
دووسایدی هەولێر - كۆیە، بەپێی نوێترین و بەرزترین ستانداردە جیهانییەكان جێبەجێ دەكرێ، لە كاتێكدا لە نەخشەی سەرەكیی بەر لە ١٣ ساڵ هەر سایدێكی ڕێگەكە دوو ڕێڕەوی لەخۆ گرتبوو، بەڵام وەك ئەندازیار مالك محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لە كۆمپانیای ئاوزان ئاماژەی پێ دەكات، لە كاتی نەخشەداناندا پێشبینی نەكرابوو لە ماوەی ئەم ١٣ ساڵەدا هاتوچۆ لە كوردستان ئەو گۆڕانە خێرایەی بەسەر دێت، بۆیە ئەمساڵ لە كاتی داڕشتنەوەی پڕۆژەكەدا، بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، هەر سایدێكیان كردووە بە سێ ڕێڕەو، بەم شێوەیە دووسایدەكە سێ ڕێڕەوی چوون و سێ ڕێڕەوی گەڕانەوە لەخۆ دەگرێت، ڕێڕەوی یەكەم بۆ ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر و دوو ڕێڕەوەکەی تر بۆ ئۆتۆمۆبێلی ئاسایی دەبێت، ئەمەش وا دەكات ئاستی سەلامەتیی هاتوچۆ بەرزتر بێتەوە.
لە داڕشتنەوە نوێیەكەی ئەم پڕۆژەیەدا، كە لەلایەن كۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێ دەكرێت، گۆڕانكارییەكی گەورەی دیكە كراوە، ڕێگەكە هیچ ترافیك ڵایت و وەستانێكی لەسەر نەماوە، لە كاتێكدا پێشتر بەهۆی شارۆچکەكانی دەهاتنە سەر ڕێگەكە، چەند ترافیك ڵایتێك هەبوو، بەڵام وەك ئەندازیار مالك بۆ (گڵكەند)ی باس كرد “هەموو بەربەستەكانی بەردەم ڕێگەكەمان هەڵگرت، دووسایدەكە بەبێ پچڕان لە هەولێرەوە تا سەیتەرەی كۆیە ڕێگەیەكی خێرا دەبێت، لە بریی یوتێرن و ترافیك، بەرزە پرد و نزمە پرد دروست دەکەین”.
ئاماژەش بەوە دەكات كە دووسایدەكە دەبێتە مۆدێرنترین پڕۆژەی كەرتی گواستنەوە لە ناوچەكەدا، شەقامەکە ١٠ بەرزە پرد و نزمە پرد (ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس)ی تێدا دەبێ بۆ سووڕانەوە و لادان بۆ گوند و شارۆچکەکانی سەر ڕێگە، لەگەڵ تەواوبوونیشیدا، دەبێتە ڕێگەی سەرەكیی هەولێر - سلێمانی.
دووسایدە نوێیەكە هیچ پەیوەندییەكی بە ڕێگە کۆنەکەی هەولێر - کۆیەوە نییە، بەڵكو لە لەلای ڕاستی ڕێگە كۆنەكەوە بەچەند كیلۆمەترێك، لە نێوان باخچەی ئاژەڵانی هەولێر و مۆنۆمێنتی شەهیدانەوە دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرە گشتییەكەی ڕێگەوبان لە كۆمپانیای ئاوزان ئەوەش ئاشكرا دەكات كە دووسایدە نوێیەكە لەودیوی كەسنەزانەوە بە شێوەیەكی ئەندازەییی زۆر جوان و سەرنجڕاكێش درێژ دەكرێتەوە و دابەش دەكرێ بەسەر دوو هێڵی نوێدا، یەكێكیان دەچێتە سەر هێڵە نوێیەكەی كۆیە كە دەكەوێتە بەری مۆنۆمێنتی شەهیدان و ئەوی تریش دەچێتە سەر ڕێگە نوێیەكەی گۆمەسپان.
لە كاتێكدا ڕێگەی ئێستەی هەولێر - کۆیە زیاتر لە ٦٠ كیلۆمەترە، ڕێگە نوێیەكە تەنها ٤٠ کیلۆمەترە. شۆفێر دەتوانێ بەخێرایی ١٠٠ بۆ ١١٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لێ بخوڕێت، واتە لە كەسنەزانەوە بە ماوەی ٢٢ خولەك دەگاتە كۆیە.
هەروەها بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری گرد و کەند لە ڕێگەكە، دووسایدەكە هاوتەریب لەگەڵ كەندەكان درێژ دەبێتەوە، بەڵام بۆ نەهێشتنی بەربەستی بەرزی و نزمی لە مەودای ٤٠ كیلۆمەترەكەدا، ١٦٠ قەنتەرە دروست دەكرێن، سەرباری چەندین پردی درێژ، كە یەكێك لە پردەكان درێژییەكەی دەگاتە ٢٥٠ مەتر، هەروەها هەندێک لە پردەكان بە ستوونی زۆر گەورە و بەرز هەڵدەگیرێن، لەوانەش ستوون هەیە بەرزییەكەی دەگاتە ٥٠ مەتر، كە لە هەمان كاتدا دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و ناوازە بە ناوچەكە دەبەخشێت.
ئەندازیار مالك باسی لە وادەی تەواوكردنی پڕۆژەكەش كرد كە سێ ساڵ و نیوی بۆ داندراوە، بەڵام ئەوان نیاز و پلانیان وایە لە ماوەی دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ تەواوی بکەن.
جێی باسە لەوەتەی دەست پێكردنی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە و دەركەوتنی سەدان ئامێری گەورەی دروستكردنی پڕۆژەكە، نرخ و بەهای زەوییەکانی سنوورەکە بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی ئەو زەوییانەی دەكەونە نزیك دووسایدە نوێیەكە، سەرباری ئەوەی لەسەر دووسایدە نوێیەكەدا چەند شوێنێكی حەسانەوە، بازرگانی و قەپانكردنی بارهەڵگر دروست دەکرێن.
ڕێگەی یەك سایدی هەولێر - كۆیە بەدرێژاییی ساڵانی ڕابردوو، بە لۆفەی مەترسیدار و بەرزی و نزمییە زۆرەكانیەوە، هێڵی چوون و گەڕانەوەی ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر و ئۆتۆمۆبێلی ئاسایی بووە، سەرەڕای قەرەباڵغیی زۆر، قیڕی ڕێگەكە هەڵوەشاوەتەوە و چەندین چاڵی تێ كەوتووە، ئەمانە بوونەتە هۆی بەردەوام ڕوودانی كارەساتی گەورەی هاتوچۆ.