بەر لە دەستپێکی نوێژی نیوەڕۆ و وتاری هەینی، مەلای مزگەوتی ئەحمەد دەرماناوەیی لە گەڕەکی باداوە، لە گۆشەیەکی مزگەوتەکەی ژمارەیەک پیاو و گەنج دەبینێ، باوەش بە یەکتریدا دەكەن و بە زمانی ئاماژە سڵاو لە یەکتری دەکەن و خۆشی بەڕوخساریانەوە دەبیندرێ، ژمارەیەکیان نوێژ دەکەن، ئەوانی دیكەش بەجووڵەی دەستەکانیان خەریکی گفتوگۆن و چاوەڕێن بۆ دەستپێکردنی وتاری هەینی.
لە هۆڵێکی مزگەوتەکەدا دەیان نابیست کۆ بوونەتەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژ و ئامادەبوون لە وتاری ڕۆژی هەینی، بەدیار پیاوێک دانیشتوون کە بە زمانی ئاماژە بەجووڵەی دەستەکانی و کاردانەوەی ڕووخساری وتاری ڕۆژی هەینی بۆ نابیستەکان وەردەگێڕێت.
زمانی ئاماژە سیستەمێکی پەیوەندیکردنە کە لە ڕێگەی جووڵەی دەست، دەربڕینی ڕووخسار و جەستەوە بەکار دێت. هەر وڵاتێک و تەنانەت هەر ناوچەیەک دەکرێت زمانی ئاماژەی تایبەت بە خۆی هەبێت.
زمانی ئاماژەی ئەمریکی (ASL) نزیکەی ١٠,٠٠٠ هێمای سەرەکیی هەیە. هەروەها زمانی ئاماژەی بەریتانی (BSL) نزیکەی ٥,٠٠٠ هێمای سەرەکیی هەیە. زۆربەی زمانە ئاماژەیییەکان بەردەوام گەشە دەکەن و وشەی نوێ وەردەگرن.
سەبارەت بە زمانی ئاماژەی کوردی، كە تایبەت بە کۆمەڵگەی کەڕوڵاڵی کوردستانە و گەشەی کردووە، ئەم زمانە کاریگەری لە زمانە ئاماژەیییەکانی دەوروبەر وەرگرتووە، بەڵام تایبەتمەندیی خۆی هەیە و گونجێنراوە لەگەڵ کولتوور و زمانی کوردی.
عیزەدین حامید، تەمەن ٤٨ ساڵ، دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین. مامۆستای زمانی عەرەبی و بابەتی ئاینە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر، زیاتر لە حەفت ساڵە وەرگێڕان بۆ نابیستان دەکات، ئێستا بە خۆبەخشی وتاری ڕۆژانی هەینی لە مزگەوت وەردەگێڕێ، لەبارەی بیرۆكەی ئەم كارەیەوە بۆ (گڵکەند) گوتی لە ماڵی خۆیان چوار کەسی نابیست هەن، دوو خوشک و برا و براژنێکی. بەردەوام داوایان لێ کردووە وەرگێڕانیان بۆ بکات، چونکە هەستیان بەدڵتەنگی دەکرد کاتێک پابەندی ئاین بوون و نەیاندەتوانی لە هیچ شتێک تێ بگەن.
ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرەتا بە وەرگێڕانی وتار و سیمینار بۆ نابیستەكانی ماڵی خۆیان دەست پێ بكات، دواتر هەستی بەوە کردووە ژمارەیەکی زۆر نابیست هەن کە پێویستیان بەو هاوکارییە هەیە، بۆیە بڕیاری داوە، بە زمانی ئاماژە وتاری ڕۆژانی هەینی بۆ نابیستان وەربگێڕێت.
لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش تەنیا لە شاری هەولێر وتاری هەینی بۆ نابیستان وەردەگێڕدرێت، بۆیە لەنێو نوێژخوێنانی نابیست لەو مزگەوتەی شاری هەولێر نابیستانی شار و ناوچەکانی تریش دەبینرێن. مامۆستا عیزەدین دەڵێت “نابیستانی شارەکانی تر کۆ دەبنەوە و بە پاس بۆ وتاری هەینی دێن بۆ ئەم مزگەوتە، تەنانەت لە شارەکانی دهۆک، سلێمانی، کەرکووک و مووسڵیشەوە دێن.
مامۆستا عیزەدین جیا لەوەی بەڕاستەوخۆ وتاری هەینی بۆ نوێژخوێنانی نابیست وەردەگێڕێت، لە ڕێگەی کامێرای مۆبایلێکەوە بەڕاستەوخۆ لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووکیشەوە وتارەکە بڵاو دەکاتەوە، بۆ ئەو نابیستانەی دوورەدەستن یاخود لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان دەژین، ئەو دەڵێت «بینەرێکی زۆرمان هەیە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقیش، کۆمێنت و نامەی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری و بەردەوامیمان بۆ دەنووسن”.
ئەمەش لە كاتێك دایە كە ئێستە لە سەنتەری شاری هەولێر لە دوو مزگەوت بە زمانی ئاماژە وتاری هەینی بۆ نابیستان وەردەگێڕدرێت، نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی مزگەوتەکان بۆ نابیستان بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند، بەچاودێریی ئەوقافی هەولێر ئەم کارە دەکرێت و بەپێی داواکاری و پێویستیی نابیستان مزگەوتەکان دیاری دەکەن.
ساڵی ڕابردووش لە پڕۆژەیەکی دەگمەن و ناوازەدا، مامۆستا عیزەدین بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئانێكی بەزمانی ئاماژە بۆ نابیستان ئامادە کرد، كە لە سێ بەرگ پێک هاتووە و هەر بەرگێکی ٦٠٠ لاپەڕەیە، هەزار دانەی لێ چاپ کراوە.
لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار نابیست هەن. پێنج پەیمانگەی تایبەت بە نابیستان هەیە و ژمارەی ئەوانەی لەو پەیمانگەیانە دەخوێنن ٢٨٣ کەسن.
ڕەشاد عەلی، لە شەستەکانی تەمەنی دایە، لە گەڕەکێکی ناوەڕاستی هەولێر دەژی، لە منداڵییەوە بەردەوام نوێژی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گوێبیستی قسەکانی مامۆستایانی ئاینی بێت، لە وتاری ڕۆژی هەینی تێنەگەیشتووە، تەنیا سەیری کردووە، هیچ کەسێکیش نەبووە لەبارەی وتارەکە زانیاری پێ بدات. ئەو دەڵێ «بە ئاماژە دەمویست پرسیار بکەم، بەڵام کەس نەبوو وەڵامم بداتەوە، زۆرجار نوێژ و دەستنوێژەکەشمان هەڵەی تێدا بووە».
ئەو پیاوە دڵخۆشییەکی زۆر بەڕووخساریەوە دیارە، هەستێکی خۆشی هەیە چونکە ئێستە کەسێک هەیە بە زمانی ئاماژە وتارەکانیان بۆ وەردەگێڕێت، ئەوان دەتوانن بە باشی لە وتارەکان تێبگەن و شارەزاییی زۆریان لە ئاینی ئیسلام پەیدا کردووە. دەشڵێ “لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان گفتوگۆ لەبارەی وتارەکانی ڕۆژانی هەینی دەکەین”.
لەگەڵ تەواوبوونی نوێژی هەینی دڵخۆشییەکی زۆر باڵ بەسەر ئەو هۆڵەدا دەکێشێ کە نوێژخوێنانی نابیستی لێ كۆ بوونەتەوە. پەیتا پەیتا بەئاماژەی دەستەکانیانەوە بەدەم گفتوگۆی گەرمەوە، مزگەوتەکە جێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.