یەکەم دادوەر كە بڕیارەکانی بە زمانی کوردی نووسیەوە
یەکەم دادوەر كە بڕیارەکانی بە زمانی کوردی نووسیەوە

”دەبێ هەر نەتەوەیێک نوێژی بە زمانی خۆی بکا کە لە فیقهی حەنەفی باس کراوە“

ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی شاوێس لە خێزانێکی مەڕدار لەدایک بووە، بە منداڵی ماوەیێک شوانەتیی کردووە، دواتر لەلای برا گەورەکەی شێمحەمەد كە دەكاتە باوکی د. عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر چووەتە بەر خوێندن.
قازی ئیبراهیم عومەر میکائیل لە عەشیرەتی کەڵوڕ بووە و سەرەتای خوێندنی مەلایەتیی لای کاکی لە مزگەوتی مەلا ساڵح لەسەر قەڵاتی هەولێر و لە گەڕەکی خانەقا ژیاون، لە مزگەوتی شێخ ئەبوبەکر فەقێ بووە، ئەو کات قوتابخانەی تازە نەبوو بۆیە وەک فەقێیەکانی کوردستان زۆربەی شار و گوندەکانی کردووە بۆ وەرگرتنی زانست.
لە قۆناغێكدا بووەتە قوتابیی د. عەبدوڵڵای شێخ مستەفای نەقشبەندی، لەوێ کەسانی ڕووناکبیر و ڕۆشنبیری ئەو سەردەمەی ناسیوە.
كاتێك لە ساڵی ١٩٤٥ شێخ عەبدوڵڵا و چەند فەقێیەکی زیرەک بۆ خوێندن چوونە قاهیرە و لە ئەزهەر وەرگیران، قازی ئیبراهیمیش حەزی كردووە بچێتە ئەزهەر، بۆیە بۆ تەواوکردنی خوێندنەكەی ڕووی لە بەغدا کردووە و چووەتە لای مامۆستا مەلا محەمەدی قزڵچی، کە ئەوساكە لە بەغدا گەورە زانا بووە و لە کاتی خۆیشیدا سکرتێری سمکۆی شکاک بوو، دوای ئەوەی سمكۆی شكاك لە کاتی شۆڕشەکەی لە ڕۆژهەڵات لە مزگەوتی حسێن پاشا بووەتە قوتابیی قزڵچی.
ئەوکات مامۆستا هەژاری شاعیر هاتبووە بەغدا لەو مزگەوتە شەوانە سەردانی قازی ئیبراهیمی دەکرد و شوکر مستەفاشی لەگەڵ خۆی دەبرد. هەر لەوێندەر بووە برادەری مامۆستا عەلائەدین سەجادی کە ئەو کات پێشنوێژی مزگەوتی نائلە خاتوون بوو لە مەیدان، قازی ئیبراهیم لە جیاتیی مامۆستا عەلائەدین پێشنوێژی دوو نوێژانی دەکرد مامۆستا سێ دیناری لە مووچەکەی خۆی دەدایێ.
قازی لە ١٩٤٨ گەیشتە قاهیرە، لە ئەزهەر عەلی عەونی لەگەڵ چەندان فەقێی دیکە لە پێشوازییان بوو، بە چوار ساڵ خوێندنی زانکۆی ئەزهەری تەواو کرد و ویستی خوێندنی باڵاش تەواو بکا، بەڵام تەواوی نەکرد و گەڕایەوە عێراق، وەك مامۆستا لە قوتابخانەی ئامادەییی کوڕانی سلێمانی دامەزرا.
لە ١٩٥٤/٤/٢٠ ئاگەداریان کردەوە کە لە خوێندنی باڵا لە میسر وەرگیراوە، بەڵام وەزارەتی مەعاریفی عێراقی ڕێیان پێ نەدا بچێتەوە قاهیرە.
لە ١٩٥٢/١١/٢١ یەکەم وانەی لە قوتابخانەی ئامادەییی کوڕانی سلێمانی گوتەوە. هەر لە سلێمانی وتاری بۆ ڕۆژنامەی ژین نووسی، بەڵام وەک خۆی دەڵێ بڵاویان نەکردەوە.
لە ١٩٥٣ بەشداریی خولێکی بەهێزکردنی زمانی عەرەبیی کرد کە بۆ مامۆستاکان بوو لە بەغدا لەوێ لەگەڵ د. مستەفا جەواد ئاشنایەتیی پەیدا کرد.
لە ١٩٥٤ گواستراوە هەولێر و بووە مامۆستای ئامادەییی هەولێری کوڕان، ئەو کات سێ وتاری بۆ ڕۆژنامەی (هەولێر) نووسی کە مامۆستا حوسێن ڕەشوانی سەرپەرشتیی بەشی عەرەبی و مامۆستا عیزەدین فەیزی سەرپەرشتیی بەشی کوردیی دەکرد.
سێ وتارەکەی بابەتی زۆر گرینگ و هەستیاری ورووژاندبوو کە یەكیان دەربارەی ئەوە بوو كە هەر نەتەوەیێک نوێژی بە زمانی خۆی بکا کە لە فیقهی حەنەفی باس کراوە. دووەمیش دەربارەی ماچکردنی دار و بەردی سەر گۆڕی پیاوچاکان و هەڵسەنگاندنی لە ڕووی شەرعەوە بوو. سێیەمیش دەربارەی تف و چڵم فڕێدانە ناو حەوزەکانی دەستنوێژ شوشتنی مزگەوتەکان بوو.
هەندێ لە نەیارەکانی ئەو نووسینانەیان بەکارهێنا بۆ دژایەتیکردنی مامۆستا ئیبراهیم و توانییان شاربەدەری بکەن و بگوازرێتەوە شاری کفری دواتر هێنایانەوە کەرکووک.
دیارە گواستنەوەی بۆ کفری بۆی بەخێر کەوتەوە لەوێ قوتابییەکی خۆی کە لە خانەوادەیێکی ناسراوی مەنمی بوو بەناوی (بەدیعە ساڵح) بووە هاوسەری.
لە ساڵانی ١٩٥٦-١٩٥٩ کە لە کەرکووک مامۆستا بوو، مامۆستا گیوی موکریانی لە گۆڤاری هەتاو چەند نووسینێکی مامۆستا ئیبراهیمی بڵاو کردەوە.
لە هەرایەکەی تەبەقچەڵی لە کەرکووک بوو کە ڕۆژێکی خوێناوی و دژوار بوو، ئەو کات مامۆستا بەشەمەندەفەر دەچووە بەغدا، ئەوەی بەچاو بینیبووی وەک شایەدێک بە نووسین لە ڕۆژنامەی (سەوت ئەلئەحرار) لە ١٩٥٩/٧/١٧ بڵاوی کردەوە، مامۆستا دەڵێ دانەیێکی ڕۆژنامەکەم دەست نەکەوت چونکە ئەو ژمارەیە هەمووی فرۆشرابوو.
لە ١٩٥٩/٩/١ بووەتە باش کاتب لە دادگەی پشدەر و دواتر چووەتە دادگەی ڕانیە ئینجا دادگەی چەمچەماڵ، لە بەهاری ١٩٦٣ قایمقامی چەمچەماڵی ئەو کات ڕاپۆرتێکی دژی مامۆستا ئیبراهیم بۆ بەرپرسانی نووسیبوو، مامۆستای بە (شاعیری پارتی) تۆمەتبار کردبوو، بۆیە مامۆستا گیرا و ماڵیشی پشکنرا، ئەو کات دیارە سوپای عێراقی لە گۆپاڵە شکستێکی گەورەی کردبوو لە داخان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک لە ڕێگە خانوو و دوکانی چەمچەماڵیان ئاگر تێبەر دا و خەڵکەکە ئاوارە بوون، مامۆستا ئیبراهیم و کۆمەڵێ گەنجی گیراو بە لۆری عەسکەری بەناو شاری کەرکووک بردران و منداڵ و هەرزەکارانیان لێ هان دابوون بەردبارانیان کردن لەناو لۆرییەکان، دواتر لە بن جەمەلۆنەکانی فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش و دژواردا بۆ ماوەی سێ مانگ بەند کران، دواتر گوازرانەوە بەندینخانەی سەیەب لە حیلە، لەوێ مایەوە تا ئەو کاتەی ئازاد کرا.
لە ١٩٦٤-١٩٦٧ لە دادگەی شەرعیەی چەمچەماڵ وەک باش کاتب دەستبەکار بووەوە، هەروەها لە دادگەکانی خانەقین و مەندەلیش کاری کردووە، دواتر گواستراوەتەوە باقوبە، ئەو کاتەی لە دادگەی باقوبە بووە، حەفتەی جارێک بۆ ماوەی نۆ مانگ وتاری ئاینی و کۆمەڵی لە ئێزگەی کوردی بەغدا پێشکێش دەکرد.
لە تاقیکردنەوەی بوونە قازی بەشداریی کرد و سەرکەوتوو بوو، بەفەرمانی سەرۆک کۆمار دوای سوێندخواردن لە ١٩٦٨/١/٢٠ بووە قازی سلێمانی تا ١٩٧٨/٨/١.
ئەو کاتەی قازی سلێمانی بوو وتاری لە گۆڤاری شارەوانیی سلێمانی بڵاو کردەوە، لە کۆنگرەی زانستیی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ ئیسماعیل شاوەیس و شاکر فەتاح و کەریم زەند ئەندام بوون.
لە ١٩٧٨/٨/١ گواستراوە بۆ دادگەی شەرعیەی هەولێر و پۆلینی دادوەری بوو بە یەک. لە ١٩٨٥/٨/١ بۆ جاری یەکەم خانەنشین کرا لە ئەنجامی چەند هەڵوێستێکی کە دیارە بەعسییەکانی نیگەران كردبوو.
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکە وەک قازیی یەکەمی دادگەی باری کەسیی هەولێر دەستبەکار بووەوە.
کە لە پەرلەمانی کوردستان یاسای بە کوردیکردنی زمانی دادگەکان دەرچوو یەکەم دادوەر قازی ئیبراهیم عومەر میکائیل بوو بڕیارەکانی دادگەی بە کوردی نووسی، ماوەی پتر لە سێ ساڵ وەک تاکە سوارێکی ئەو مەیدانە زۆر بوێرانە و کوردانە بە گوڕ و تینێکی بێ وێنە هەسپی خۆی تاو دەدا، گوێی بەو دادوەر و کەسانە نەدەدا کە دەیانگوت ناکرێ بڕیارەکانی دادگە بەکوردی بنووسرێ و دەربکرێ، ئێستەش بەفەرمی جەخت لەسەر بەکوردی نووسینی بڕیارەکانی دادگەکان دەکرێ.
لە ١٩٩٧/٨/١ بەهۆی تەمەن جارێکی دی و بۆ دواجار خانەنشین کرا.
لە ٢٠٠٦/٣/٢٧ ئەو دڵە گەورەی پڕ لە خۆشەویستی کورد و کوردستانی قازی ئیبراهیم عومەر میکائیل کەلوڕی لە لێدان کەوت.
ئەمانەی خوارەوە ناونیشانی هەندێک لە کتێبەکانین:
١. زەردەشت. چاپخانەی مەعاریف- بەغدا ١٩٦٦
٢. پیتۆلی دانانی ڕەوای ئیسلام. چ/ سۆمەر- بەغدا ١٩٨٩
٣. کورد لەناو ئاین و مێژوودا چ/ ڕاپەڕین- سلێمانی ١٩٧٢
٤. ڕاڤەی کورد تا سورەی ئیسرا چ/ زانکۆی سەڵاحەین ١٩٩١.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved