ئەگەرچی لە مزگەوتەكانی هەولێر، پێشكێشكردنی خواردنی بەربانگ و خوانی بەخۆڕایی نەریتێكی كۆنە و مێژوویەكی دووری هەیە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ لە جاران جیا دەكاتەوە، هەڵكشانی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی پایەتەختی كوردستانە كە خواردنی وەك كەباب و گۆشت بەخۆڕایی پێشكێشی میوانان دەكەن.
ئەو نەریتە میواندۆستە كۆمەڵایەتییە هەر لە كۆنەوە لەلایەن کەسانی خێرخوازی شارەكەوە پارێزراوە و بووەتە بەشێك لە ناسنامەی كولتووری و ئاینی ڕیشەداری هەولێر. تەنانەت لە مزگەوتێكی وەك شێخی چۆلی، زیاتر لە ١٠٠ ساڵە ڕۆژانە خواردنی ژەمی نیوەڕۆ بەخۆڕایی بۆ نزیكەی 200 کەس ئامادە دەکرێت.
لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵیشدا زۆربەی مزگەوتەکان خوان بۆ میوان دەڕازێننەوە، كەسانی خاوەن داهاتی كەم سوودی زۆر لەم دەرفەتە دەبینن و بەربانگ لەم مزگەوتانە دەكەنەوە.
لە دەرەوەی ئەم نەریتە ئاسایییەی شاریشەوە، هەندێك مزگەوت بوونەتە ڕچەشكێن و لەوەش زیاتر پێشكێشی میوانی مزگەوتەكان دەكەن، بۆ نموونە لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی، كە ساڵی ٢٠١٦ لە گەڕەکی نازنازی هەولێر لە نێوان شەقامی ٤٠ مەتری و ١٠٠ مەتری دروست کراوە، ماوەی سێ ساڵە، ئێوارانی مانگی ڕەمەزان، بەر لە بانگی مەغریب، پڕ دەبێت لە خەڵک.
لە حەوشەی ئەم مزگەوتەدا، لەسەر مێزێک خورما، ئاو، نیسک و شیرینی دانراوە، لەلایەکی دیکەوە سفرەی درێژ ڕاخراوە بۆ ئەو کەسانەی لەو مزگەوتەدا بەربانگ دەکەنەوە. لەوێ خەڵکی لە تەمەن، زمان و نەتەوەی جیاواز دەبینرێن، هەموو چاوەڕێی بانگی مەغریبن تاوەکو بە خواردنی خورما و خواردنەوەی ئاو دەمی خۆیان شیرین و تەڕ بکەنەوە.
لە دوای نوێژی مەغریبیش، ئەوانەی بۆ نانخواردن لە مزگەوتەکە دەمێننەوە لەسەر سفرەی ڕاخراو دادەنیشن. خواردن بۆ زیاتر لە ١٥٠ کەس ئامادە کراوە، لە کەبابەوە بگرە تا گۆشتی مریشک و برنج و شلە، سەرباری کولێرەی گەرم و چەند جۆرێک شیرینی و شەربەت.
مەجید حاجی بارۆ گەردی، خاوەنی مزگەوتەكە بە (گڵکەند)ی گوت بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی کە نەیانتوانیوە بۆ بەربانگ بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، دەچنە ئەو مزگەوتە بەربانگ دەکەنەوە، سەرباری خەڵكانی خاوەن داهاتی كەم، كەسانی تریش هەن بۆ بەشداری و خۆشی بینین لەو كۆبوونەوە كۆمەڵایەتی و ئاینییە لەوێ بەربانگ دەكەنەوە و نان دەخۆن.
هەروەها لە مزگەوتی شێخی چۆلیی گەڕەکی تەعجیلیش، کە لە ساڵی ١٨٨٣ەوە لەلایەن شێخ محەمەدی چۆلی و خەلیفە و موریدەکانی لە قوڕ و کەرپووچ دروست کراوە، لە مانگی ڕەمەزاندا هەموو ئێوارەیەک زیاتر لە ١٠ ژن و پیاو بۆ نزیكەی ٢٠٠ کەس خواردن ئامادە دەکەن، کەسانی خاوەن داهاتی كەم و میوانی مزگەوتەكە لەوێ برنج و چەند جۆرێك شلە، گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور دەخۆن، هەروەها شیرینییش پێشكێشی میوانان دەكرێ. لەوێندەر چەند خولەکێک پێش بانگی مەغریب، دەیان کەس لە پیر، گەنج و منداڵ بۆ وەرگرتنی خواردن ڕیز دەبەستن.
موعتەسەم عوزێری، نزیکەی ٤٥ ساڵە سەرپەرشتیاری مزگەوتی شێخی چۆلییە، بۆ (گڵکەند) گوتی مزگەوتەکە بۆ هەموو کەسێک کراوەیە، ئێواران خەڵکێکی زۆری لێ دەمێنێتەوە. دەشڵێ "هەندێك كەس خواردنەکەی بە متفەرك دەزانن، بۆیە لێرە نان دەخۆن، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە تەریقەتی نەقشبەندین".
لەسەر شەقامی ٦٠ مەتریی هەولێر، لە بەرانبەر پردی شۆڕش، مزگەوتی جەلیل خەیات هەیە کە ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر شێوازی ئەندازیاریی عوسمانیی کۆن بنیات نراوە كە تێکەڵەیەکە لە شێوازی فاتمی، عەباسی و ئومەوی. ئەحمەد کاوێس حەسەن، پیاوێکە لە شەستەکانی تەمەنی دایە، کارگێڕی ئەو مزگەوتەیە، دەڵێ هەموو ئێوارەیەکی ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان لەسەر وەسێتی حاجی جەلیل خەیات، خواردن بۆ ١٤٠ کەس ئامادە دەکەن، بۆ ئەوانەی لە مزگەوتەکە بەربانگ دەكەنەوە.
لەو مزگەوتە برنج و شلە، گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور، شیرینی و شەربەت پێشكێشی میوان دەكرێ. ئەحمەد کاوێس باس لەوە دەكات كە هەندێك جار كەسانی خاوەن داهاتی كەم بە مەنجەڵەوە دەچنە مزگەوتەكە و ئەوانیش بۆیان پڕ دەکەن لە خواردن، تا بۆ ماڵ و منداڵی بباتەوە.
ئەمانەش سەرباری چەندین پڕۆژەی تری خێرخوازی لە هەولێر، كە لەلایەن دەزگای گەورەی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێ و سەبەتەی خۆراک بە کەسانی خاوەن داهاتی سنووردار دەبەخشرێ.
ئەم نەریتە پیشاندەری میراتی مێژووییی ڕیشەداری کۆمەڵگەی کوردییە کە سەرەڕای گۆڕانکارییە خێراکان، هێشتا بەردەوامە و لەناو نەچووە، بەڵکو زیاتریش گەشەی کردووە.