به‌ردی نەیزەك لە مۆزەخانەكەی قەڵات نمایش دەكرێ
به‌ردی چیای سه‌فین و باڵه‌كایه‌تی و ده‌ڤه‌ری پێنجوێن به به‌رده گرانبه‌هاكان هه‌ژمار ده‌كرێن
خانوویه‌كی بچووكی نێو قه‌ڵاتی هه‌ولێری كردووه به‌مۆزه‌خانه و چه‌ندین جۆر به‌ردی گرانبه‌های تێدا نمایش كردووه، حه‌ز و خولیای بۆ به‌رد و گه‌وهه‌ر پاڵنه‌رێكی به‌هێز بووه، تاوه‌كو له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌سه‌دان به‌ردی جۆراجۆر له كون و كەلەبەرەكانی جیهان كۆ بكاته‌وه.
سه‌ربه‌ست مه‌جید (ته‌مه‌ن 63 ساڵ)، پیاوێكی ڕێكپۆش، هێمن و له‌سه‌رخۆ، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، نزیكه‌ی چل ساڵه سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كانه، بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 2014 له قه‌زای شه‌قڵا‌وه مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كان داده‌مه‌زرێنێت، دواتر له ساڵی 2016 نوێنه‌ری ڕێكخراوی یونسكۆ و كۆمیسیۆنی باڵای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر داوایان لێ كردووه مۆزه‌خانه‌كه بۆ نێو قه‌ڵاتی هه‌ولێر بگوازێته‌وه.
ئەو كە ده‌رچووی به‌شی جیۆلۆجیی زانكۆی مووسڵه و سه‌رۆكی ئینستیتیوتی به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كانه له كوردستان، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانەكەیەتی له قه‌ڵاتی هه‌ولێر، بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەكات كە مۆزه‌خانه‌كه‌ی تاكه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، دووه‌م مۆزه‌خانه‌شه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دوای مۆزه‌خانه‌ی تاران، كە تایبه‌تن به به‌رد و گه‌وهه‌ر، كه به‌ردی هه‌موو جیهان له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌شڵێت، له هه‌موو جیهان یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌ت به به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كان ئەوەیە كە له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.
مۆزه‌خانه‌كه له دوو به‌ش پێك هاتووه، نهۆمی یه‌كه‌می تایبه‌ته به‌پێشانگەی به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كان، كه ته‌نها بۆ نمایشه، نهۆمی دووه‌می مۆزه‌خانه‌كه‌ش به‌شی فرۆشتنه، خاوەنەكەی ده‌ڵێت، گه‌شتیاران و قوتابخانه‌كان و قوتابیانی ماستەر و دوكتۆرا بۆ سوود وه‌رگرتن به‌مه‌به‌ستی توێژینه‌وه و تێزی نامه‌كانیان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.
له باره‌ی جۆر و وڵاته به‌نێوبانگه‌كانی جیهان تایبه‌ت به به‌رد و گه‌وهه‌ره‌كان سه‌ربه‌ست مه‌جید ده‌ڵێت، كوارتز، عه‌قیق، یاقووت، سه‌فایر و ئه‌ڵماس له گرانبه‌هاترین به‌رده‌كانی جیهانن، ده‌شڵێت، به‌ردی گرانبه‌ها له وڵاته شاخاوییه‌كان هه‌یه، وه‌كو وڵاتانی به‌ڕازیل و ئه‌فغانستان و هیندستان ئه‌و جۆره به‌ردانه‌یان لێ به‌دی ده‌كرێ، هه‌روه‌ها له هه‌رێمی كوردستانیش به‌ردی چیای سه‌فین و باڵه‌كایه‌تی و ده‌ڤه‌ری پێنجوێن به به‌رده گرانبه‌هاكان هه‌ژمار ده‌كرێن.
ته‌مه‌نی به‌رده‌كانی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه له ملیۆنان ساڵ تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، به‌ردی ترایلۆبات ته‌مه‌نی 600 ملیۆن ساڵه، به‌ردی نه‌یزه‌ك ته‌مه‌نی دوو ملیار ساڵه، ئاماژه به‌چۆنیه‌تیی ده‌ستكه‌وتنی به‌رده‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌رده‌كانی زیاتر به ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه كڕیوه، به‌شەكه‌ی تریشی سه‌ردانی زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كردووه كه خاوه‌ن به‌ردی گرانبه‌هان، هه‌روه‌ها به‌شێك له سه‌ردانیكه‌رانی مۆزه‌خانه‌كه‌ش به‌ردی بۆ ده‌هێنن.
ده‌شڵێت، جیا له‌وه‌ی ئه‌و به‌ردانه گرانبه‌هان و مێژوویه‌كی ملیۆن ساڵه‌یان هه‌یه، ده‌توانرێت له دروستكردنی گواره و ته‌سبیح و ملوانه‌كه سوودیان لێ وه‌رگیرێت، هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی په‌یكه‌ر دابتاشرێن.