بەزمی دزینی پرتەقاڵەكانی ماڵی دكتۆر مەردان
بەزمی دزینی پرتەقاڵەكانی ماڵی دكتۆر مەردان

من ئەگەرچی سۆزی دایکایەتیم نەبینیوە، بەڵام خوشکەکانم قەرەبووی زۆریان بۆ کردمەوە لە نازهەڵگرتنم، باوکیشم هەرچەندە توندوتیژ بوو، بەڵام وانەی یەکجار بەنرخ و پڕ بایەخی پێ بەخشیوم، کە لە بیریان ناکەم. وەک ئەوەی پێشبینیی زەمەنی ئەمڕۆی کردبێ لۆ من، بەردەوام هۆشداریی دەدامێ لە پەیوەندیی برادەرایەتی، کە زۆرێکم لەو هۆشدارییانە بەپراکتیک تاقی کردنەوە.

لە قۆناغی پەڕینەوەم لە پۆلی پێنج بۆ شەش گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر ژیانمدا هات. خوشکەکانم یەک لە دوای یەک بەخت و نسیبیان هەڵدەستا و دەچوونە ژیانی هاوسەرگیری. یەکێکیشیان لە پەیمانگەی مامۆستایان لە بەغدا خەریکی خوێندن بوو هەتا دەهات بێدەنگی پانتاییی نێوماڵی دادەگرت. ڕۆژانی هەینی بێزاری تەنگی پێ هەڵدەچنیم بەتایبەتیش لە تەمەنێک بووم نزیک لە باڵەفڕەی هەرزەکاری. بۆیە ئەو کاتانەی کە لە گەمەی کۆڵانە تەنگەبەرەکەی خۆمان بێتاقەت دەبووم غارم دەدا سەربانەکەی خۆمان کە لایەکی دەیڕوانییە سەر حەوشە و سێ لاشی بەشوورەی نزم و شپڕێو لەگەڵ دراوسێکان کرابوونە ناوبڕ.
لە هەموو وەرزەکانیش ئەو کاتانەی ڕۆژ لە دەرێ با، خەڵکەکە منداڵەکانیان دەناردە سەربان، زۆر جاریش ژنان خۆشیان مەجلیسیان لەبەر هەتاو دادەمەزراند. كۆڵانی عارەبان میللی و هەژارنشین بوو. زۆربەی ئەو عەرەبانەی لە مووسڵ دەهاتن لەو كۆڵانە جێگیر دەبوون. عەرەبەکان لە هەولێر پیشەمەند بوون لە کاری نانەوایی و ئاسنگەری. نانی ئەستوورکیان لە ماڵەوە دەکرد لەسەر سەبەتەیەکی گەورە لە بەردەمی دەرگەکانی قەیسەری دەیانفرۆشت. جگە لەوانەش خەڵکی کەرکووکی تێدا بوو. هەروەها کریستیانیش زۆر بوون لەو گەڕەکە و کەنیسەیەکیشی لێ بوو. هەر لە پشت كۆڵانی عارەبان جوولەکەیەکی زۆر لە تەعجیل و سەربەستی دەژیان و بەوپەڕی ئازادی لەناو بازاڕ کار و کەسابەتیان دەکرد.
لە پشت گەڕەکی مە، گەڕەکێکی نوێ دروست بوو لە شێوەی تەلاری گەورە کە خەڵکە خواپێداوەکانی گرتبووە خۆی، پێمان دەگوت (ناو قەسران)، نێوانیشمان جادەی سوڵتان موزەفەری بوو. بەڵام یەک دوو ماڵی دەوڵەمەند و ناوداری هەولێریش لە پاڵ گەڕەکی مە بوون و تێکەڵ بەیەک دەژیاین وەک ماڵی (شەریف جامباز) و ماڵی (حاجی قەرۆک) و ماڵی (مەلا نووری)ی کوتاڵفرۆش.
ڕەفاقەت و دەرچوون و گەمە و چوونە قوتابخانەمان بەیەکەوە بوو. خێروبێریان بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکەی ئەو گەڕەکە بوو. بەتایبەتیش لە جەژن و بۆنە ئاینییەکان زۆربەی خەڵکی خۆشناوەتی و کرمانج لە قەڵا جێگیر بووبوون لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی ڕەسەنی هەولێرێ. (ناو قەسرانیش) بۆ ئێمەی منداڵانی كۆڵانی عارەبان شوێنی گەڕان و بەسەربردنی کات و گەمە بوو. خۆمان و (دارلاستیقی) گیرفانمان و چەند کەلایەک بەناو ئەو شوێنە وەر دەبووین.. بە دارلاستیق تەیر و تواڵی سەر دارەکانمان دەکردە نیشان.. من لۆ خۆم لەناو برادەرانم بەنیشانگەری ڕاست ناسرا بووم. کە لەسەر لقی دارێک شوێنی هێلانەیەکمان دەستنیشان بکردایە ئەوە زۆر بەئەسپایی بەئیشارەت و فیتە و نازناو یەکترمان بانگ دەکرد. کار و ئەرکیشمان بەڕێکی دابەش کردبوو. من بەو ئیعتیبارەی منداڵەکی ڕەقێتە و سووکەڵە بووم کێشم لە ٣٢ کیلۆ تێپەڕی نەدەکرد لە هەمان کات ڕاوچییەکی چوست و لێزان بووم ئەرکم بە دار و دیواردا هەڵگەڕان بوو.
برادەرێکیشمان خریلەی زرپنی پشت پان بوو، ناومان نابوو (تەکسی)، چونکە هەرچی کاری بارگرانی هەبوو بەومان دەکرد، پێی ناوێ منداڵی کۆڵانی عەرەبان ناو قەسرانیان لە زەواق نابوو، ئێمە ناحەق نەبووین، چونکە ئەو شوێنە لە چاو گەڕەکی عارەبان بەو هەموو دار و درەخت و باخچەی گوڵ و گوڵزاری حەوشەکانیان وەک بەهەشت ڕای دەکێشاین لەلایەکی تر ئەوانیش ناحەق نەبوون چونکە جاروبار جامی پەنجەرەیان دەشکا بە بەردی دارلاستیقی.
بەشێک لە ماڵەکان لە ڕێگەی باغەوان و پاسەوانەکانیان ڕێگرییان لێ دەکردین. جارێکیان لەسەر دیواری ماڵی دوکتۆر مەردان عەلی بە هەمان ستاف پرتەقاڵمان لێ دەکردەوە نەشمانزانی باغەوانەکەیان خۆی لە بۆسە نایە من لەسەر دیوارەکە پرتەقاڵم لێ دەکردەوە و دەمهاویشتە باوەشی حەمۆی. حەمۆ لە غاردان و قۆشمەی یەکەم بوو بۆ کاری وا دشداشەی لەسەر شەرواڵەکەی لەبەر دەکرد ئەو پرتەقاڵانەی دەخستە دشداشەکەی و لچکی دەخستە نێو ددانی وەک مامز ڕای دەکرد. کاتێک من خەریکی لێکردنەوە بووم زەلامێک لەژێر دارەکە قیت بووەوە و بەدەنگێکی ترسناک هاواری کرد وەرە خوارێ هەی حەرامزادە، لەگەڵ هاوارەکەی دارەکەشی هەژاند من بێ یەک و دوو لەسەر شوورەکەی خۆم هەڵدا خوارێ دوو پێم کردە چوار و تێم تەقاند، تا ئەو لە دەرگەی حەوشە بۆم هاتە دەر من دوور کەوتبوومەوە، بەڵام گێم لێ بوو هاواری دەکرد باشە باش کوڕی مەلای وەڵاهی بە بابت دەڵێم تەمبێت بکا، مەبەستی لە خالیدی برادەرمان بوو کە باوکی لای دوکتۆر مەردان خزمەتگوزار بوو، ئەو ڕۆژە كە گەڕامەوە پرتەقاڵمان لێ بوو بە ڕەشاو.
گومان لەوەدا نییە کە هەر قۆناغێکی تەمەن بە جۆرێک لە کردار و ڕەفتاری جیاواز دەردەکەوێ، بۆ من وەک منداڵێکی پڕ جووڵە و بزێو، بەدعەمەل و کەتنکەر، باوکم ناحەق نەبوو بڕیار بدات ڕۆژانی هەینی و پشووەکان بچمە دوکانەکەی، لەلایێک بۆ ئەوەی لە هەڵسوکەوتم ئاگەدار بێت لەلایێكیش هیچ نەبێ لە جیاتیی شاگرد، هاوکاریی بکەم و وردە وردەش فێری سەرتاشین بم.
ئەگەرچی لای باوکم خوێندن بژاردەی یەکەم بوو، بەتایبەتیش کە من گەیشتبوومە پۆلی شەش تاقیکردنەوەی بەکەلۆریم لە پێش بوو. لە پاڵ ئەوەش بەردەوام ئەو ڕستەیان بۆ دەهێنامەوە کە ”تۆ بوویتە پیاو منداڵ نەمای لە ماڵەوە لەناو ژنان دانیشی“ ڕاستییەکەش من لەو تەمەنە هەر زۆر حەزم لە مەجلیسی ژنان بوو، چونکە کۆڕبەندی ژنان لەبەر دەرگەی ماڵەکانیان خاڵی نەبوو لەو کچانەش کە تازە پێدەگەیشتن. نەریتی ئەو کاتی پەروەردەی منداڵان ئاوا بوو، دەبوا نێرینە کە دەگەیشتە تەمەنی دوازدە ساڵی بە پیاو حیساب دەکرا و بەگەر باوکی دەکەوت. لە سەرووی دە ساڵیشەوە بۆی نەبوو لەگەڵ خوشک و دایکی بچێتە حەمامی ژنان. ئەوە یاسای فاتمی دایکی رەحمەتی جەلال بەیاری هونەرمەند بوو.
فاتم تەنها سەرشۆر نەبوو، بگرە ڕۆڵی سکیوریتیشی دەبینی، جاری وا هەبوو منداڵ لە ژوورێش هەستی پێ کرابا، بە ڕووتی دەیانکردە باوەش و جلیان لەبەر دەکرد و بەدەریان دەنا، خۆ کچی بەستەزمان بە شەش مانگیش بۆی نەبوو بگاتە حەمامی پیاوان، ئەگەر بەهەڵە شتێکی وا ڕووی دابا ئەوا کابرا لەناو حەمام تێر تف و لەعنەت دەکرا، ئەوەیان یاسای باوکسالاریی ئەو کاتی حەمامی پیاوان و ژنان بوو.
کچ لەو سەردەمە کە دەگەیشتە شەش حەفت ساڵ، دایکی بەردەستیی خۆی پێ دەکرد، لە دانیشتنی ناو ماڵ و بەردەرگاش ڕێک لە ناوەڕاست و سەیری جووڵەی زاری گەورەکانی دەکرد، ئەوەیان لە مێشک چەسپا بوو کە کچان پێویستە لە دایک و خوشکانی فێر بن چۆن ماڵ بەڕێوە دەبەن. لە گەسک لێدانەوە بگرە تا دەگاتە جل شووشتن و چێشت لێنان. هەر کە دەگەیشتە تەمەنی حەفت هەشت ساڵی لە قسەکردن و ڕەفتار وەک سەرەژنێک دەهاتە بەرچاو. گەمە و یاریی کچان لەگەڵ کوڕان عەیبە بوو، کوڕانیش ئەگەر بچوونایە نێو گەمەی کچان بە ژنانی ناو دەبران.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved