ڕووداوی یەكەم:
لە پایزی ساڵی 1984 دا شەهید (شاكر فەتاح 1914 سلێمانی – 1988 ؟)1 بەشی دووەمی بیرەوەرییەكانی بەنێوی (ئاوێنەی ژینم) ڕادەستی دەزگەی ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی كرد لە بەخدا بۆ ئەوەی لە كۆڤاری ڕۆشنبیری نوێدا بڵاوبكرێتەوە. ئەمە لەوكاتەدا بوو، كە من هەوڵی ئەوەم دەدا كۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ لە كۆڤارێكی ڕۆشنبیری گشتی بكەم بە كۆڤارێكی ئەكادیمی، بۆیە ئەم بابەتە جێگەی لە ڕۆشنبیری نوێدا نەدەبووەوە، بەڵام موسلح جەلالی – بەڕێوەبەری گشتی دەزگەی ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی وای پێ باشبوو، كە بەشی دووەمیشی بۆ بڵاوبكرێتەوە، بۆیە بابەتی نێوبراو بۆ دوو هەڵسەنگێنەر نێردرا، هەردوویان چەند تێبینێكیان لەسەر ناوەڕۆكەكەی هەبوو، هەروا لەگەڵ ئەوەشدا نەبوون، كە لەم كۆڤارەدا بڵاوبكرێتەوە. وەڵامی هەردوویانم بە مامۆستا شاكر فەتاح ڕاگەیاند، جا پێم گوت: من هەوڵدەدەم وەك پاشكۆی كۆڤارەكە بۆ بەڕێزتی بڵاوبكەمەوە، بەڵام بە دوو مەرج:
یەكەم/ دەستكاری ئەم نووسینەتان بكەن، كە تێیدا سپاسی كاربەدەستانی حیزبی بەعستان كردووە، بەرامبەر بەوەی لەنێوان ڕێكەوتی (1/10/1977 – 15/11/1980) دا كردوویانی بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی یاسادانانی كوردستان و تێیدا نووسیوتە:
[لە دڵی خویشمدا بەم گۆڕانی ژیانم، زۆر سەرم بەرزبووە و كامەڕان بووم، چونكە دەرگایەكی گەورە و فراوانم لێ كرابووەوە بۆ فرمانكردن و ڕاژە پێشكەشكردن بۆ (كورد) و (كوردستان). لەبەر ئەوە سوپاسێكی گەرم و گوڕی (خودای پاكی بێهاوتا) و (كاربەدەستانی فەرمانڕەوایی) و (فەرمانداریی خۆیی كوردستان)م كرد، چونكە بێ ئەمەی خۆم داوای هیچ شتێكیان لێ بكەم، یاخود هیچ شتێكیان بۆ بكەم، كاربەدەستانی بەڕێز و بەخشندە ئەم ڕێز و خۆشەویستییەم بەرامبەر بنوێنن، بەڕاستی جێگای سەربەرزی و دڵخۆشی و سوپاسگوزاریم بوو، كە تا دەمێنم چاكەیانم لەبیرناچێتەوە].
دووەم/ ئێوە لە ساڵی 1963 دا لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا خانەنشینكران، هەڵبەت لەبەر دڵتان زۆرگرانبوو، ئا لەوێدا باس لەوەش بكەن، كە لەبەر هەستی كوردایەتی و لایەنگریتان بۆ شۆڕشی كورد لە تەویلەیەكی شاری سلێمانی بۆ ماوەیەك زیندانی كران! هەروەك چەندجارێك ئەوەتان لای گیو موكریانی باوكم دركاندبوو. دواتر پێم گوت ئێوە لە ئاوێنەی ژیندا، مێژوویەكی پڕ لە سەروەریتان خستۆتەڕوو، هیچ پێویست بە سپاس، ستایشكردن، بە شان و باڵی دەسەڵاتداراندا هەڵگوتن ناكات و... بەڕێز شاكر فەتاح هەردوو مەرجەكەی منی نەپەژراند.
ڕووداوی دووەم:
لە ڕێكەوتی 12 و 13/3/1988 دا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ڕاپەڕاندنی ناوچەی كوردستان، یەكەمین دیداری فیكری لە هەولێر سازكرد. عەبدولكەریم عەبدولسادەی ڕاگری كۆلێژی ئاداب لە زانكۆی سەڵاحەددین، من و د. جەمال ڕەشیدی داوەتكرد. جەمال بە منی گوت: من نامەوێت لەمجۆرە كۆڕانە ئامادەبم. منیش لە وەڵامدا گوتم: من دەمەوێت ئامادە بم، چونكە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە كوردستان دوورخرابووینەوە2، نازانین لەم كۆڕ و كۆبوونەوانەدا كێ بەشداری دەكات و چ دەگوترێت؟ ناچار جەمالیش ئامادەبوو.
شەهید شاكر فەتاح لە دانیشتنی دوای نیوەڕۆی یەكەم ڕۆژدا بابەتەكەی خۆی پێشكێشكرد3، لەدوای ستایش وپێداهەڵگوتن، ڕووی لە كاربەدەستانی ئامادەبوو كرد و گوتی: چۆن ئێوە ئامادەن لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆبكەن و ڕێكبكەون، ئاواش دەتوانن دەست لەنێو دەستی پێشمەرگە بنێن، ئەوان كوڕی ئەم میللەتەن. شاكر فەتاح چاوەڕێینەدەكرد، بەمجۆرە پەلاماربدرێت.
بۆ ڕۆژی دواتر مامۆستا شاكر فەتاح بە د. جەمال و د. بەدرخان سندی و منی گوت دوێنێ دوای كۆبوونەوەكە داوایان لێكردم، كە ئەمڕۆ لە هەمان شوێندا دانیشم و بڵێم من لەم قسانەی خۆم پەشیمانم.من ئەلەوكاتەدا هەڵوێستی ساڵێ 1984 یم هاتەوە یاد و گوتم: ئەوەندەی من شارەزای ئێوەبم، ئامادە نین داواكارییەكەیان بەجێبهێنیت، د. بەدرخان سندی گوتی: دەڵێن سواربوون ئەیبێك، دابەزین دوو ئەیب. شاكر فەتاح گوتی: دڵنیابن، كاری وا ناكەم هیچ و نایڵێم و هیچ نانووسم. جەمال گوتی: مامۆستا گیان زۆر دەترسم لەڕێگەی گەڕانەوەتدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دەستگیرت بكەن، جا وا باشە، با بۆ ماوەیەك بتشارینەوە. بەڕێز شاكر فەتاح گوتی: خۆ من قسەیەكی خراپم نەكردووە، ڕێنوێنیم كردوون.جەمال گوتی: ئەوانە خۆیان بە زانای زانیان و .. دەزانن و ركیان لە كوردە و... و ئەوەش بزانن لەم دیدارەدا هێندێك ڕاپۆرتنووس هەن، بۆ بەرزكردنەوەی پلە و پایان و چەورتركردنی پارووی چەوریان بەڕێزت دەكەن بە پێزترین بابەتی ڕاپۆرتەكانیان.
لە سەئات دەی شەوی 18/3/1988دا شەهید شاكر فەتاح لە ماڵی خۆی لە سلێمانی دەستگیركرا، بێسەر و شوێنكرا و لەنێوبردرا، هەتا ئێستەش گۆڕی ئەم پیاوە جوامێر و مەردە ونە.
***
١. شاكر فەتاح، كەسایەتێكی هەڵكەوتووی ڕووناكبیر و كوردپەروەر بوو. لە سلێمانی و زۆربەی شارۆچكەكانی كوردستاندا، وەك: هەڵەبجە، چەمچەماڵ، خورماڵ، شێخان، دهۆك، ئاكرێ، شەقڵاوە و.. كراوە بە قایمقام، تا بۆی لواوە ئاوەدانیكردوونەتەوە. شاكر فەتاح لەڕێگەی بەرهەمی بیریشدا هەوڵی پێشخستن و هۆشیاركردنەوەی كوردی داوە، چەند ڕۆژنامەیەكی دەرهێناوە، وەك: خورماڵ، باسەڕە، چەمچەماڵ و ئاكرێ هەروا خاوەنی پڕۆژەی خوێندەواری كورد بووە و لەم بوارەدا دەیان نامیلكەی پێشكێش بە كتێبحانەی كوردی كردووە. بۆ زانیاری زێتر بڕوانە: (ئاوێنەی ژینم؛ سەرجەمی بەرهەمی شاكر فەتاح – بەرگی 1 ، ڕێكخستن و لێكۆڵینەوەی ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی، دەزگەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، هەولێر 2003 ).
٢. لە پایزی ساڵی 1982 دا من و د. جەمال و 37 مامۆستای زانكۆی سەلاحەددین بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە كوردستان دوورخراینەوە.
٣. جگە لە شاكر فەتاح ئەم بەڕێزانەش بابەتیان لە دیداری نێوبراودا پێشكێشكرد: د. خوسرەو جاف، عەبدوڵڵا عەباس، عەبدولوهاب تاڵەبانی، شەفیق جاف، حوسێن ڕەشوانی، تێلی ئەمین، ساجد ئاوارە، عەبدولسەتار تاهر شەریف و موحسن بەرزنجی.
بۆ زانیاری زێتر لەبارەی ئەو كەسانەی سەرۆك و بڕیاردەری دانیشتنەكان و ئەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵ پێشكێشكاران كرد و ئەوەی خۆی بە قوربانی سەدام حوسێن دەكرد و..، بڕوانە:(كۆڤاری كاروان، ژمارە 63ی ئازار و نیسانی 1988 لاپەڕە 4 – 8). ئەوەی شایەنی باسە لەنێو ئەم بابەتەی كۆڤاری كارواندا نێوی شاكر فەتاح نەهێندراوە!