سینەما حەمرا ئاو دەیبرد
سینەما حەمرا ئاو دەیبرد

جاران چوونە سینەما لە کاتی پێشاندانی فیلمی خۆش، وا ئاسان نەبوو.
مەبەست لە فیلمی خۆش ئەوانە بوون کە ڕەواجی بینینیان زۆر بوو، وەک فیلمی هیندی، ژاپۆنی، چینی و کاراتی، فیلمی شەڕ و فیلمی ڕووت.
بۆ بینینی ئەو فیلمانە، دەبوایە خۆت بەهیلاک دەیت. چونکە پلیتی چوونە ژوورەوە بەئاسانی وەدەست نەدەکەوت. حەشامەتێک لە بەردەم پەنجەرەی پلیتبڕین دروست دەبوو، نە سەری دیار بوو نە بن.
زۆر جار هەزار شەق و پێلەقەت بەردەکەوت و قۆپچەی کراسەکانت لێ دەبووەوە، هەندێ جار بۆ دووسێ پلیت قۆڵ و سینگی کراسیشت دەدڕا.
جارێ لە فیلمی ڕووت هەر شتی وا نەبوو، لە ساڵانی شەڕی عێراق و ئێراندا، عەسکەرەکانی سوپای عێراق ئامادە بوون خۆیان بەکوشت بدەن، تەنیا پلیتیان دەست کەوێ، دەتگوت دەچنە سەنگەری بەرگریی خاكی نیشتمانیان، چونکە لە كۆتاییدا ئەوانەی پلیتیان دەست دەكەوت، دەبوونە قارەمانی ئەو ڕۆژە.
ئەو سەردەمە لەبەر قەرەباڵغی و سەختی وەدەستکەوتنی پلیتی چوونە سینەما، بازاڕی ڕەش پەیدا بوو، پلیت بە پەنجا فلس یان سەد فلس و گرانتریش لە نرخی خۆی هەر لەبەردەم سینەما حەمرا و سینەما سەڵاحەدین دەفرۆشران.
پارەدارەكان بۆ ئەوەی سەختی نەکێشن و هیلاک نەبن، بەئاسانی پلیتیان لە بازاڕی ڕەش دەکڕی و بە جلی پۆشتەوە دەچوونە ژوورێ، بەڵام عەسکەری سەدام بە هیلاک دەچوون تا دەگەیشتنە پەنجەرەی پلیت بڕین.
منیش جار جارە پلیتم لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشت، کاتێک دەمزانی فیلمێکی خۆش ئیش دەکا و دەبێتە هەرا لەسەری، پێشوەختە بە حوکمی پەیوەندیی باشم لەگەڵ خاوەن سینەما و کارمەندانی، دەچووم دەستەیەک پلیتم لێیان دەکڕی کە سەد دانە بوو، ڕۆژ هەبوو بە دانێك هەموویم بە نرخێكی گرانتر لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشتەوە، بەشێوەیەک خەرجیی هەفتەیەکی بینینی فیلمم لە سینەما و خواردنی دوو ژەمەی گەس و عەنبە نایابەکەی بەردەم سینەما و بیبسی کۆلای شووشەی ئەوسام لە کۆڵ دەبووەوە.
ئەو حاڵەتە حەفتانە بۆم ڕێک دەکەوت، چونکە سینەماکان حەفتانە فیلمی خۆش و پڕ ڕەواجیان پیشان دەدا. لە بازاڕی ڕەشدا، پلیتم زۆر فرۆشت، بەڵام هەرگیز نەمدی عەسکەرێک پلیتم لێ بکڕێت.
کاتێکیش عەسکەرەکان دەچوونە ژوورەوە، بەتایبەت لە فیلمە ڕووتەکان، تێکەڵ بە ئەجوای فیلمەکە دەبوون و لە کاتی دیمەنە سێکسییەکان، بێرییەی سەریان كە سیمبۆلی سەروەریی خاكی وڵاتەكەیان بوو، دەخستە سەر ئەندامی نێرینەیان و لە ژێر بێرییەكانیانەوە خەریك دەبوون، لەو ساتانەدا سەروەریی خاك و بێرییەكانیان لەگەڵ جووڵەی دەستیان هەڵبەز و دابەزی دەكرد. ئیتر عەسکەری سوپای عێراق بەم شێوەیە هیلاکی و سەختیی پلیت وەدەستکەوتنەکەیان لە بیر دەچووەوە، لەو سەریشەوە حەشامەتی نێو هۆڵی سینەما گاڵتەیان بەو عەسكەرانە دەكرد و یەک بەدەنگی خۆیان هاواریان دەکرد (سینەما ئاو بردی ئاو...).


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved