سوڵتانی عوسمانی و نەورۆزی هەولێر
سوڵتانی عوسمانی و نەورۆزی هەولێر

بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئەرشیڤیی دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتانی ئەو کاتی عوسمانییەکان ڕۆژی ١٧٣٢/١٢/٨ مەرسومێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز دەرکردووە و باسی نەورۆزی هەولێریش دەكات.
مەرسومەکە کە بەناونیشانی (نەورۆز پیرۆز) دەرکراوە، بۆ فەرماندەکانی سوپا و دادوەر و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی عوسمانی نێردراوە و تێیدا داوا دەکات ئامادەکاری بکەن بۆ پاراستن و دابینکردنی کەشێکی لەبار و ئارام بۆ جەژنی نەورۆز لە شارەكانی هەولێر، ئامەد، روحا، ئورفە، عەنتاب، کەرکووک، مووسڵ، مەڵاتیە و خەربوت.
داواکەی سوڵتانی عوسمانی ئەو شار و ناوچانەشی گرتووەتەوە کە کوردستان نین بەڵام جەژنی نەورۆزیان تێدا ساز کراوە وەک قۆنیا، قەیسەری و ئەدەرنە لە تورکیای ئێستە، حەلەب و ڕەققە لە سووریا و بەغدا لە عێراق.
ئەو مەرسومە لەلایەن سوڵتان مەحموودی یەکەم کوڕی مستەفای دووەم دەرکراوە. سوڵتان مەحموودی یەکەم لە ساڵی ١٦٩٦ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٧٥٤ کۆچی دواییی کردووە، لە ساڵی ١٧٣٠ لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا بووەتە سوڵتانی عوسمانی و خەلیفەی موسوڵمانان تا ڕۆژی کۆچی دوایییەکەی لەسەر تەختی شاهانەیی بووە.
بە وردبوونەوە لە مەرسومەکە، چەند خاڵێکی گرینگ دەردەکەون، کە بریتین لە:
• هەولێر یەکێک بووە لە شارە گەورە و کاریگەرەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
• دەوڵەتی عوسمانی ڕێگەی بەیادکردنەوەی جەژنی نەورۆز داوە و خودی سوڵتان مەرسومی بۆ دەرکردووە.
• نووسراوەکە زیاتر لە سێ مانگ پێش جەژنی نەورۆز دەرکراوە، کە هێمایە بۆ گرنگیپێدان بە نەورۆز بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو کات هاتوچۆ و پەیوەندییەکان زەحمەت بوون و سێ مانگ زووتر داوای ئامادەکاری بۆ پاراستنی جەژنی نەورۆز کراوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved