سەگە بریندارەكەی هەولێر چۆن گەیشتە ئەڵمانیا
سەگە بریندارەكەی هەولێر چۆن گەیشتە ئەڵمانیا

ئێوارەك لە دەرگەی ماڵ دەهاتمە دەرێ، تووتکە سەگێک بە جەستەی خوێناوییەوە پەنای بۆ هێنام، دەتگوت داوای یارمەتیم لێ دەکات، هەموو گیانی دەلەرزی، دیار بوو لە دەست سەگێکی گەورە ڕای کردبوو، ئەو کاتەی سەگە گەورەكە منی بینی، وازی لە تووتکە هێنا.
لەگەڵ خێزانەکەم ناچار تووتکە سەگەکەمان بردە نۆڕینگەیەکی تایبەت بە ئاژەڵان، لە ڕێگەدا وام هەست دەکرد منداڵێکی بریندارم پێیە و دەیگەیەنمە نەخۆشخانە. ئیدی دوای چاكبوونەوەی، تووتكە سەگ ماڵی ئێمەی بەجێ نەهێشت، بەناچاری لە حەوشە شوێنێکمان بۆ دیاری کرد و نزیکەی ساڵێك وەک میوانێکی خۆشەویست لەگەڵمان دەژیا.
تا ڕۆژێک كیژێكی خزممان کە لە ئەڵمانیا دەیخوێند، سەردانی کردین و دوای بینینی، سەرسام بوو بەئارامی و جوانیی سەگەكە، داوای كرد بیدەینێ تا لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئەڵمانیا، ڕۆیشت و دوای نزیکەی دوو مانگ بە مۆڵەت و بەڵگەنامەی فەرمییەوە گەڕایەوە هەولێر و ناوی لە سەگەکە نا مایلۆ و لەگەڵ خۆی بردی بۆ ئەڵمانیا.
لەو کاتەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بووین بۆ بەڕێکردنی كیژەكە و مایلۆ، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی فڕۆکەوانیی ئەو فڕۆکەیەی بڕیار بوو مایلۆ گەشتی پێ بکات، پلیتی كیژەكەی لە ئاسایییەوە بۆ ڤی ئای پی گۆڕی و پێی گوت ئەوە دیارییە، چونكە سەگێکی بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتی دەهێنییە ئەڵمانیا.
وەک ئەو كیژە دەیگێڕێتەوە، ئێستە مایلۆ لە ئەڵمانیا چارەسەر و پێکوتەی باشی پێ دراوە و بردراوەتە خولی تایبەت، بەهۆی جەستە ڕێك و جوانەکەیەوە، بووەتە جێی سەرنجی ئەو ئەڵمانییانەی دەیبینن و بەردەوام وێنەی لەگەڵ دەگرن، لە ڕەچەڵەک و شوێنی لەدایکبوونی دەپرسن، چونكە شێوەكەی نامۆیە بە خەڵكی ئەو وڵاتە، لە هەمان كاتیشدا بە جۆرێك لە سەگی سەرنجڕاكێش و دەگمەنی دەبینن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved