باشە چ لەو خەڵکەی دەکەی؟ کارەبای بەردەوامی پێ دەدەی هەر وەی، پێی نادەی هەر وەی. لە ماوەی بیست ساڵی بووریدا، خەڵک چ نەما بە حکوومەت نەکات لەسەر کارەبا؟ ئێ باشە ئەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئەو خەڵكە هەر ناڕازییە. ئەی هاوار، ئەوە چ قەومێکە؟ بەلاش نییە نالی و حاجی قادری کۆیی سەریان هەڵگرت.
ڕاستە گرانە، دەبێ حکوومەت حسێبی گیرفانی خەڵکی بکات. بەرانەکینێ، خەڵکیش دەبێ فێر بێت دەستی پێوە بگرێت. کاکم دەیەوێت دایمە گیزەر و چار سپلیت پێ بکات (بێ لە پازدە بیست گلۆپ) و مانگانەش پەنجا هەزار بدات. مادام نازانی کارەبا بەکار بێنی، مادام هەستی بەرپرسیارەتیت نییە، دەبێ مانگانە سێ سەت هەزار بدەی.
ئەوە لۆ ئازانە هەفتەی سێ جار ئەو بۆڕییە ئەستوورەی نێرگەلەی بخەنە زارتان بە پارەکی باش، پۆزی پێ لێ دەن و خۆتان بە موسەقەف پێشان بدەن، بەڵام ناتانەوێ خۆتان فێری سەقافەتی بەکارهێنانی کارەبا بکەن؟ ئەگەر بەکەیفی خۆت کارەبا بەکار بێنی، پڕۆژەکە سەرناگرێت، چونکە بەش ناکات. بەس بزانم لۆ لەوە تێناگەن؟ دیارە شایەنی کارەبای بەردەوام نین.
ئەدی سەری زارتان و بنی زارتان دانانی سیستمی پێشکەوتوو نییە؟ سیستمی پێشکەوتوو گرانە، خۆ بەلاش نییە. نەرویج وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەفت، کەچی کارەبای زۆر گرانە. بابایەکی نەدیتکە باسی نرخی کارەبا دەکات لە ئەوروپا، پێی هەرزانترە. نەخێر هەرزانتر نییە. ماڵی گچکۆکەی ئەوروپی تاریکستانە کە تەنیا سی یان چل مەترە، یەک گڵۆپی سفر پێ دەکات، ئینجا ١٠٠ یۆرۆی بۆ دێتەوە. ئەمن لە ئەمریکا، مانگانە ١٥٠ تا ٢٠٠ دۆلارم داوەتە کارەبا. جیرانەکەمان نیوەی منی بۆ دەهاتەوە، چونکە زۆربەی کات لە ماڵ نەبوون، لە ماڵیش بان خۆ هیچیان پێ نەدەکرد لە گڵۆپێکی کز بترازێ.
هەرچەند بیر لەو کۆمەڵگەیەی دەکەمەوە، دەگەمە یەک قەناعەت: کۆمەڵگە فێری بەلاش بووە، نایەوێت پێش بکەوێت، نایەوێت فێری هیچ بێت. چاوی لەوەیە حکوومەت هەموو شتێکی بۆ دابین بکات بە بەلاش. درۆیە، ئەو خەڵکە سیستمی پێشکەوتووی ناوێت، دیکتاتۆری پێشکەوتووی دەوێت.