زۆرجاران لەنێو نووسەرانی شارەزای زمان و ڕێنووس، وتوێژ لەبارەی چۆنێتیی بەكارهێنان یان ڕەنووسكردنی وشەیەكەوە لە ڕووی ڕاستودروستییەوە لەنێو ڕستەدا دەكرێت، بەتایبەت ئەو وشە و زاراوانەی كە لە فەرهەنگی زمانانی دیكەوە هاتوون، یان جیهانین و لەنێو تێكڕا یان زۆرینەی زمانانی دونیادا هەر یەك زاراوەن و بە هەمان شێواز بەكاردێن، بۆ نموونە وشانێکی لەجۆری:) كولتوور، سیستم، دونیا، كۆمپیوتەر، ئینتەرنێت و ڕێژیم... تاد.) بەلای منەوە هەریەك لەم وشانە و گەلێك وشە و زاراوەی دیكە هەن كە بە دوو جۆرە شێواز و ڕێنووس یان زیاتریش دەنووسرێن، هەر بۆ نموونە كە دەڵێین (كولتوور)، ئەم وشەیە لە زۆر زمانان بەكاردێت كە cultura لە بنەمادا لە لاتینییەوە هاتووە، دەتوانین بنووسین (كولتوور) یان (كەڵتوور) یاخود (كەڵچەر) كە بە ڕای من هیچ یەكێك لەم بەكارهێنانانە هەڵە نین، بەڵكوو جیاوازییەكەیان زیاتر لە ڕێنووسەكەیاندایە و لە بنەڕەتدا هەموویان یەك واتا دەدەن، وشەكە لە هەر زمانێكدا بە شێوازێك دەخوێندرێتەوە، بۆیە هەر نووسەرێك كامیانی پێ ڕاست بێت دەتوانێت ئەویان بەكار بهێنێت، ئەگەرچی باشتر وایە یەک بخرێن. من خۆم و زۆر لە نووسەرانیش دەنووسین (كولتوور)، هەروەها بۆ وشەی) دونیا) كە گەلێك جار نووسەرانمان بە (دنیا) دەیڕێنووسێنن و زۆربەشمان هەر بە (دنیا) گۆی دەكەین. نموونەی زۆرمان لەم بارەیەوە هەن، لەوانە وشەی (بەرانبەر) كە دیسانەوە زۆر لە نووسەرانمان بە)بەرامبەر) دەینووسن، هەروەها زۆرجار خەڵكان لە قسەكردندا هەر بە )بەرامبەر) گۆی دەكەن، کە ڕاستەکەی) بەرانبەر(ە، ئەمە لە زمانی عەرەب پێی دەڵێن)اقلاب)، یان وشەی )سیستم) كە خەڵكانێك هەن دەنووسن (سیستەم). بەلای منەوە ئەمانە لەنێو زمان و بەكارهێنانەكانیاندا كێشەی گەورە نین، ئەم بار و كێشانە لە زۆر ڕێنووسی زمانانی دنیادا هەن كە بە شێوەیەكی ئاسایی وەرگیراون. بۆ نموونە ئینگلیز دەنووسن centre, کەچی ئەمەریکایی دەنووسن center ، یان وشەی theatre هەن دەنووسن theater، هەروەها color , colour و dialog, dialogue. هەردووانێكیش لەم وشە ئینگلیزییانە بە ڕاست دادەنرێن، هەمان دیاردە لە زمانی عەرەبییشدا زۆرە، بۆ نموونە: وشەی السماوات و السموات، الرحمن و الرحمان، الحیاە و الحیوە. هەر زمانێك وەرگرین، چەندان وشە یان زاراوەیان هەن كە بە هەڵە بەكاردێن یان بە شێوەیەكی هەڵە لە زمانانی دیكەوە وەرگیراون و ڕێنووسەكەشیان شێوێندراوە، بەڵام وەك هەڵە باوەكانی نێو زمانان ڕۆیشتوون و بەریان پێ نەگیراوە و لە فەرهەنگەكانیشیاندا هەن و بە شێوەیەكی ئاسایی بەكاردەهێنرێن.
جگە لەو بابەتەی باسمان كرد، دوا قسەمان ئەوەیە بڵێین: هەقە هەموو نووسەران و مامۆستایان، لەوانیشەوە قوتابییان فێری ڕاستنووسی و ڕێنووسدروستی و ڕستەسازیی تەواو بن و بایەخی زۆر بە هەموو لایەنەكانی زمانەكەمان بدەن، پاشان حكوومەت كار بكات بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە خولی تایبەت فێری ڕێنووسی كوردی بكرێن، بەڵكە بەپێی توانا، لە خڵتوخار و خەوش و هەڵە باوەكانیش ڕزگارمان بێت.