یه‌كێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، سندوقی زه‌كات له كوردستان دادەمەزرێنێت، بەپێی خەمڵاندنەکان دەتوانرێ بە پارەی زەکات، ساڵانە زیاتر له پێنج هه‌زار خانوو بۆ خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت و كرێنشین دروست بكرێت.
دوكتۆر عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەهۆی نەبوونی سندوقێک بۆ کۆکردنەوەی زەکات ساڵانە پارەی زەکات لە کوردستاندا پەرت دەبێت، نەبوونیشی بە "بۆشایییەکی گەورە" دەزانێت.
لەم بارەیەوە بۆ (گڵکەند) گوتی كە یه‌كێتیی زانایان به‌نیازه دوای پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، به‌هاوكاریی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، سندوقی زه‌كات له كوردستان دابمه‌زرێنێ و لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت سه‌رپه‌رشتیی سندوقه‌كه بكات کە ئەو کۆکردنەوە ڕێکوپێکەی زەکات دەبێتە هۆی سوودمەندبوونی زیاتری هەژاران.
لە هەرێمی کوردستاندا هیچ ئامارێکی ورد لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی لەبارەی قەبارەی زەکات نییە، کە یەکێکە لە ڕوکنەکانی ئاینی ئیسلام و ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا دەردەکرێت و دەدرێت بەو کەسانەی شایستەن، بەڵام دوكتۆر عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت بڕی پارەی زەکات لە کوردستاندا سەدان ملیار دینارە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی زانایان ئاشكرای دەكات بەپێی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، ئەم ساڵ بۆ هەر کەسێک 3000 دینار بۆ سه‌رفیتره دیاری کراوە، ژماره‌ی موسوڵمانان له هه‌رێمی كوردستان چوار ملیۆن و 500 هەزار كه‌سه، به‌و پێیه قه‌باره‌ی سه‌رفیتره زیاتره لە 13 ملیار دینار، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدان ملیار دینار پارەی زەکات هەیە، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی سندوقی زه‌كات قه‌باره‌ی زه‌كات له كوردستان بەدیاریکراوی نازاندرێت چەندە.
ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستاندا پارەی زەکاتی خواپێداوان بۆ دەرەوەی کوردستان و عێراقیش دەنێردرێت کە ئەمە ناکۆکیی شارەزایانی لەسەرە، لەو بارەیەوە دوكتۆر عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی ڕوانگه‌ی ئاینی ئیسلام له‌باره‌ی پێدانی زەکات بەکەسانێک لە دەرەوەی کوردستان و بردنی ئەو پارەیە بۆ شوێنی دیکە ئاشکرا دەکات و ده‌ڵێت "ئاینی پیرۆزی ئیسلام کۆمەڵێک پێوەری دیاری کردووە بۆ زەکات، باشتر وایە زەکاتدەر لە شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی زەکات بداتە به‌و کەسانەی كه شایستەن، بەپێی فەتوای زۆربەی زانایان و تەنانەت ئەنجوومەنی باڵای فەتوای كوردستانیش، زەکات نەگوازرێتەوە بۆ شارێکی تر، چ جای بۆ وڵاتێکی تر، ته‌نیا لە حاڵێکدا ئه‌گه‌ر هەژار و نەدار نەمابێت لە شوێنی نیشته‌جێبوونی زه‌كاتده‌ر".
ئەمەش پێچەوانەی ئەو کارەیە کە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆکردنەوەی زەکات دەیکەن و پارەی خواپێداوانی کوردستان بۆ شوێنی دیکە دەگوێزنەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان، ئەگەر پارەی زەکات بە ڕێکی کۆ بکرێتەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا کرێچی لە کوردستان نامێنێت.
بەپێی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان کە کۆتاییی ساڵی 2024 کرا و ئەمساڵ ئەنجامەکەی ڕاگەیەندرا، ڕێژەی 21.59 %ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان کرێچین، هه‌روه‌ها 25.87% هاووڵاتیانی هه‌ولێر له خانووی كرێ دان.
ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانی، یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی لە پاڵ کارەکانی دیکەی، ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا پارەی زەکاتی پێ دەگات و بەسەر شایستەکاندا دابەشی دەکات، سیتاف ئاسۆ، به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌ڵێ ئەمساڵ چه‌ندین پڕۆژه‌یان بۆ ئەو مەبەستە هەیە، دیارترینیان بڕی ملیۆنێك دۆلار بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان پێشكێش به ئازیزان كراوه، كه 3562 منداڵی بێ باوک له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان لێی سوودمه‌ند بوون.
هەروەها چوارده هه‌زار سه‌به‌ته‌ی خۆراك به‌سه‌ر خێزانه هه‌ژاره‌كان دابه‌ش كراوه، لەگەڵ هاوکاریکردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه و ئاماده‌كردنی ئێواره‌خوان له مانگی ڕه‌مه‌زان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێشكگرن، سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ش له ڕێگه‌ی كه‌سانی خواپێداوی هه‌رێمی كوردستانەوە بوون كه به‌شی زۆریان خه‌ڵكی شاری هه‌ولێرن.