پڕۆژەی ڕووناکی دەنگ و دووكەڵی زیاتر لە حەفت هەزار موەلیدە دەبڕێ، كە دەستەی ئامار دەڵێ لە کوردستاندا هەن. بەرپرسێکی دەستەی ژینگە ئاشكرای دەكات موەلیدەکان ساڵانە یەک ملیار و نیو لیتر سووتەمەنی خەرج دەكەن و چوار ملیۆن تۆنیش گازی ژەهراوی دەخەنە هەواوە. پزیشکێکی پسپۆڕیش دەڵێ نەهێشتنی هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە، 25٪ـی نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "ڕووناکی"ی دەست پێ كرد، ڕۆژی پێنجشەممە، 17ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڕەکی شادی پڕۆژەكەی ڕاگەیاند.
ئامانج لە پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و نەهێشتنی موەلیدەیە، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ (گڵکەند) دەڵێ حكوومهت لهگهڵ تیمی پڕۆژهی ڕووناكی له گفتوگۆدان بۆ دیاریكرنی نرخی کارەبا بەشێوەیەک بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروست نەکات، بهشێوهیهك ئاستی داراییی هاووڵاتیان له بهرچاو بگیرێ، لە ڕووی تەکنیکیشەوە گرفت بۆ سیستهمهكه دروست نابێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێری دابین دەبێت، کرێی دوو پسوولەی کارەبا و گۆڕان و جیاوازیی نرخی ئەمپێری موەلیدە نامێنێ، کرێی کارەبا بەپێی خەرجکردنی دەبێت، ڕێگرییش لە سووتانی ڕێژەیەكی زەبەلاحی سووتەمەنی دەكرێ ، ژینگە خاوێن دەبێتەوە و تەندروستیی هاووڵاتیان پارێزراوتر دەبێت.
تاوەکو ئێستە 417 موەلیدە کوژاونەتەوە، نزیکەی 90 هەزار هاوبەشی کارەبا کە 300 هەزار کەس دەبن، لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون.
لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا بەهۆی پێدانی كارەبای نیشتمانیی ٢٤ كاتژمێری بۆ دانیشتوانی ناو بازنەی ١٢٠ مەتریی شاری هەولێر و كوژاندنەوەی موەلیدەكان، گۆڕانێكی گەورە لە كەشوهەوای ناو هەولێر هەستی پێ دەكرێ و نیشاندەرەكانی پیسبوونی ژینگەش بەشێوەیەكی بەر چاو دابەزیون. لەوانەش دەزگای پڵۆم ڵابز، تایبەت بە پێوانی كواڵیتی هەوا لە شارەكانی جیهان، كە پێش چەند هەفتەیەك كواڵیتی هەوا و ڕێژەی پیسبوونی (AQI) لە هەولێر دەگەیشتە سەرووی ١٥٠، بەڵام ماوەی سێ هەفتەیە بۆ دەوروبەری ٥٠ دابەزیوە، كە گۆڕانێكی گەورەیە لە چاو ڕابردوودا.
بەپێی ڕووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2024 بڵاو کراوەتەوە، حەفت هەزار و 354 موەلیدە هەن، لە پارێزگای هەولێر سێ هەزار و 776 موەلیدە، كە سێ هەزار و 908 کارمەندیان هەیە. لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە یەك هەزار و 759 موەلیدە هەن، دوو هەزار و 40 کارمەندیان هەیە، لە پارێزگای دهۆکیش یەک هەزار و 819 موەلیدە، لەگەڵ یەک هەزار و 798 کارمەند.
هەڤاڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات زیانی موەلیدەکانی کارەبا سێ ڕەهەندییە، زیانی تەندروستی، ژینگەیی و کەشوهەوا، دوای لێکدانەوەی زیانەکان لە ڕێگەی بژمێرەوە بە (گڵکەند)ی گوت "ئەگەر حەفت هەزار موەلیدەی کارەبا هەبن، ئەوا ڕۆژانە زیاتر لە 10 هەزار و 398 تۆن گازی ژەهراوی دەخەنە هەواوە کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن 795 هەزار و 439 تۆن دەبێت".
ئەو پێی وایە موەلیدەکان گازە ژەهراوییەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، دووەم ئۆکسیدی نێترۆجین (NO2)، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2)، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO)، ئۆزۆن (O2)، لەگەڵ تەنۆلکە وردەکان یان (PM) دەردەدەن سەرجەمیان هۆکارن بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.
سەبارەت بە زیانەکانی موەلیدەکانیش بە زمانی ژمارە ڕوونی دەکاتەوە "ئەو حەفت هەزار موەلیدەی هەن ئەگەر هەر موەلیدەیەک ڕۆژانە 10 کاتژمێر کار بکات هەر کاتژمێرێک 55 لیتر گازی پێویستە، واتە سەرجەمی موەلیدەکان ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 850 هەزار لیتر سووتەمەنی دەسووتێنن کە لە ساڵێکدا یەک ملیار و 405 ملیۆن و 250 هەزار لیتر دەکات".
وردەکاریی دەردانی گاز لەلایەن موەلیدەكانەوە، بەم شێوەیە:
1. دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، قەبارەی دەردانی ڕۆژانە 10 هەزار و 318 تۆن، قەبارەی دەردانی ساڵانە سێ ملیۆن و 766 هەزار و 70 تۆن.
2. دووەم ئۆکسیدی نێترۆجین (NO2)، قەبارەی دەردانی ڕۆژانە 35.04 تۆن، قەبارەی دەردانی ساڵانە 12 هەزار و 787 تۆن.
3. دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2)، قەبارەی دەردانی ڕۆژانە 18.48 تۆن، قەبارەی دەردانی ساڵانە شەش هەزار و 745 تۆن.
4. یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO)، قەبارەی دەردانی ڕۆژانە 24 تۆن، قەبارەی دەردانی ساڵانە هەشت هەزار و 853 تۆن.
5. تەنۆلکە وردەکان، قەبارەی دەردانی ڕۆژانە 2.70 تۆن، قەبارەی دەردانی ساڵانەش 983.68 تۆن.
بەپێی ئەو بەرپرسە موەلیدەکان موەلیدەکان هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا، نزمیی ئاستی کوالێتی ژیان، کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئۆکسیدی نێترۆجین و گۆگرد لە دروستکردنی ترشە باران و کاریگەری خراپیان لەسەر خاک و ئاوی ژێرزەوییش دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەواشەوە ڕوونی دەکاتەوە موەلیدەکان بڕێکی زۆری دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) دەردەن کە لە گازە گەرمکەرەکانی زەوییە و هۆکارە بۆ قەبەکردنی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما و هۆکارە بۆ گەورەبوونی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکەوتنی دیاردەی زەقی وەکو لافاوەکان و شەپۆڵەکانی گەرما و وشکەساڵی.
نەهێشتنی موەلیدەکان ئەو مەترسییە تەندروستییانەش کەمدەکاتەوە کە لەسەر دانیشتوانی کوردستان هەیە، لەم بارەیەوە د. هەورۆ تەها پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلیی فێرکاری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پاڵاوگە نایاسایییەکان، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و بزوێنەری خراپی ئۆتۆمۆبێلەکان و سووتەمەنیی کوالێتی نزم، زۆری و نزیکیی کارگەکان لە دانیشتوان لەگەڵ موەلیدەکان هۆکاری سەرەکین بۆ پیسکردنی سێ ڕەگەزە سەرەکییەکەی ژینگە کە خاک، ئاو و هەوان.
لەگەڵ ئەوەی بە پێویستی دەزانێت موەلیدەکان نەمێنن بۆ ئەوەی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی هەناسە و دڵ و شێرپەنجە کە بەهۆی ئەو سێ هۆکارەوە زیاد بوون، کەم ببنەوە، بۆ (گڵکەند(یش دەڵێ "نەمانی موەلیدە بارگرانیی ئەو نەخۆشییە زۆرەمان لە کۆڵ دەكاتەوە، بەتایبەت شێرپەنجە کە ڕێژەی تووشبوون زیادی کردووە".
بەگوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هۆکارە ژینگەیییەکان بەشدارن لە نزیکەی 24%ی هۆکارەکانی نەخۆشی لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم خەمڵاندنە بەرکەوتن بە مەترسییە فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆژییە ژینگەیییەکانی وەک پیسبوونی هەوا، ئاو و خاک دەگرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رێگریی پڕۆژەی رووناکی لە گلدانەوەی سامانی ئاویش لە رێگەی کەمکردنەوەی گووشار بۆ سەر تۆڕەکانی ئاو بۆ (گڵکەند) ڕوون دەكاتەوە و دەڵێ "سیستەمی فێنککردنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان یەکێکە لە سەرچاوەکانی بەفیڕۆدانی ئاو، بەنموونە ئەگەر هەر موەلیدەیەک سیستەمی فێنککردنەوەی کە بە) شەلال) دەناسرێت بە شێوازی ئەندازەیی دروست کردبێت، بەلایەنی کەمەوە رۆژانە لە نێوان 300 بۆ 500 لیتر ئاوی بۆ ساردکردنەوە پێویستە".
هەروەها دەڵێ "ئەگەر هەر موەلیدەیەک رۆژانە بڕی 500 لیتر ئاو بۆ ساردکردنەوە پێویست بێت، ئەوا سەرجەمی موەلیدەکانی کوردستان کە (7354) موەلیدەن پێویستیان بە سێ ملیۆن و 677 لیتر ئاو دەبێت، کە دەکاتە 3677 مەتر سێ جا لە رۆژێکدا و بڕێکی زۆرە و تەنیا ئەو بڕە رۆژانە بەشی پێویستی 2 هەزار و451 ماڵ دەکات، ئەگەر هەر ماڵێک 1.5 مەتر سێ جا ئاو بەکاربهێنێنن، بەو پێیە ساڵانە موەلیدەکانی کوردستان بەلایەنی کەمەوە بڕی 671 هەزار مەتر سێ جا ئاو بەفیڕۆ دەدەن".
سەرباری راگرتنی ئەو بەفیڕۆدانەی ئاو، پرۆژەی رووناکی 920 موەلیدەی حکومەت دەکوژێنێتەوە کە ئێستا بۆ ئیشپێکردنی بیرەکانی ئاوی ماڵان دابین کراوە، هەموو ئەوانەش "خەرجییەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە".