تەلەفریكێكی شاخبڕ لە سۆران دروست دەكرێ
تەلەفریكێكی شاخبڕ لە سۆران دروست دەكرێ

پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاریی بە قەبارەی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بەڕێوەیە، كە دەبێتە گەورەترین تەلەفریک لەسەر ئاستی ناوچەكە و چیاكانی ناوچە گەشتیارییەكی سۆران بەیەكەوە دەبەستێتەوە، چاوەڕێ دەكرێ ٢٠ ملیۆن گەشتیار ڕابكێشێت.
گرێبەستی پڕۆژەکە ڕۆژی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥ لە ڕۆما بەسەرپەرشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان کۆمپانیای ڤیزیت كوردستان و کۆمپانیای Leitnerی ئیتاڵی، کە پسپۆڕە لە بواری گواستنەوە، واژوو کرا.
ئەو پڕۆژەیە كە بەگەورەترین پڕۆژەی ژێرخانیی گەشتیاری لە مێژووی هەرێمی کوردستان دادەندرێت، بریتییە لە دانانی تەلەفریک لە نێوان ژمارەیەک چیای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە درێژیی گشتیی تەلەفریکەکە ١٠ کیلۆمەترە و حەفت وێستگەی هەیە.
کۆمپانیای Visit Kurdistanی گەشتیاری، کارەکانی بەهاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات.
ئەو کۆمپانیایە پابەندە بە پێشخستنی ژینگەی گەشتیاری و ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک ڕووگەیەکی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی خستنە ڕووی شوێنەوارە مێژوویییەکان، ڕۆشنبیری و کولتووری جیاواز و میواندۆستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، جگە لە ناساندنی شوێن و ناوچە سروشتییەکان.
پڕۆژەی تەلەفریکی چیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گەورەترین پڕۆژەی تەلەفریکە لە هەرێمی کوردستان و سێیەم پڕۆژەی هاوشێوەیە دوای تەلەفریکی نێوان گوندی بێخاڵ - چیای کۆڕەک و تەلەفریکی چیای زاوا لە شاری دهۆک. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە پڕۆژەیەکی تەلەفریک بۆ سەر چیای سەفین لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێریش بنیات بنرێت.
پڕۆژەی دروستکردن و بەستانی تەلەفریکەکەی سۆران لە بەهاری ئەمساڵەوە دەست پێ دەکات، سەرەتای ٢٠٢٧ تەواو دەبێت.
پڕۆژەی تەلەفریکی چیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بەدەستپێشخەری و سەرپەرشتیی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، سوودی گەورەی ئابووریی دەبێت لە ڕووی ڕاكێشانی گەشتیار و دابینکردنی هەلی كارەوە بۆ سەدان كەس.
ئەو پڕۆژەیە داهاتی گەشتیاریی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٥٪ بەرز دەكاتەوە. هەلی کاری جیاواز بۆ خەڵکی ناوچەکە، لە چێشتخانە، چایخانە، کۆمەڵگەی گەشتیاری و شوێنەکانی کات بەسەربردن لە هەریەک لە حەفت وێستگەکانی پڕۆژەکە دابین دەكات.
کۆتا وێستگەی تەلەفریکە ١٠ کیلۆمەترییەکە لەسەر چیای کۆڕەک دەبێت، ئەو چیایانە بە نوێترین و پێشکەوتووترین جۆری کێبڵی گواستنەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، کە ڕەچاوی سەلامەتی و ئاسوودەیی گەشتیارانی لە ئاستێکی بەرزدا، تێدا دەکرێت.
دیزاینی پڕۆژەکە بەشێوەیەکە، کە پارێزگاری لە دارستان، ژینگە و تاشە بەردەکانی ناوچەکە دەکرێت و وێستگەکان لەو شوێنانە بنیات دەنرێن، کە هیچ زیانێک بە ژینگەی ناوچەکە نەگەیەنن. تەلەفریكەكەش ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا کار دەکات، ئەمەش وا دەکات لە هەموو وەرزەکان گەشتیار بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
لای خۆیەوە د. سەرباز نەجیب ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەكەوە دەڵێ ویستی حکوومەت بۆ هەمەچەشکردنی ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان دەردەخات، کە گەورەترین پلانی حکوومەتە لەو بوارە و کاریگەریی ئەرێنی و سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران دەبێت.
هەروەها دابان حەمید بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Visit Kurdistan ڕای گەیاندووە كە کوردستان پێشوازی لە میوانان دەکات بۆ دۆزینەوەی سامانە مێژوویی و جوگرافییەکان و سروشتەکەی وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەشڵێ “ئێمە زۆر ئاسوودەین بەکارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای Leitnerی ئیتاڵی بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و هەمەچەشنکردنی ئابووری و دابینکردنی هەلی کاری جیاواز لە جوانترین و ناوازەترین ناوچەی کوردستان“.
ئەو کۆمپانیا ئیتاڵییەی پڕۆژەی تەلەفریکی چیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەکات (Leitner)، یەکێکە لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی بواری تەلەفریک و بەرزکەرەوەی کارەبایی خلیسکانەی سەر بەفر، سەرباری لە دروستکردنی شەمەندەفەر و هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە سەختەکانی چیاکان.
تۆماس شویبێرت بەڕێوەبەری هەناردەکردن لەو کۆمپانیا ئیتاڵییە دەڵێ کارکردن لە پڕۆژەی تەلەفریکی چیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەلێکی سەرنجڕاکێشە بۆ کۆمپانیاکەیان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی کارەکانیان لە بواری دروستکردن و بنیاتنانی تەلەفریک لەسەر ئاستی جیهان. دەشڵێ “چاومان لەوەیە خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران ئەوپەڕی خۆشی و ئاسوودەیی لەو پڕۆژەیە وەرگرن“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved