هەیبەت سوڵتان پیاو بووە نەك ژن
هەیبەت سوڵتان پیاو بووە نەك ژن
April 06, 2025

چیای هەیبەت سوڵتان جگە لەوەی ڕووگەیەكی گەشتیارییە، ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر شیعری شاعیرانی کۆیەش هەبووە، لە دەیان ساڵی رابردوودا بۆچوونی جیاواز لەبارەی ناوەكەی هەبوو كە گوایە هەیبەت سوڵتان كیژی سوڵتانێک بووە.
شاخی هەیبەت سوڵتان 1092 مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، دەکەوێتە پاڵ مەزارگەی هەیبەت سوڵتان و خەڵکانێکی زۆر بەدرێژاییی ساڵ بۆ پاڕانەوه و ئاواتخواستن سەردانیان دەكرد. مەزارگەی هەیبەت سوڵتان بە دووریی 3 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە، 73 کیلۆمەتریش لە هەولێر دوورە.
دوکتۆر زانا تەیفور مامۆستای بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە، نامەی دوکتۆراکەی لەبارەی مێژووی شاری کۆیەیە، سەبارەت بە مێژوو و ناوی چیای هەیبەت سوڵتان، زانیاریی نەبیستراو دەخاتە ڕوو و دەڵێ ئەو ناوە لە کەسایەتییەکەوە وەرگیراوە بەناوی ئەیوب سوڵتان.
ئێستا مشتومڕەكان لەسەر ناوی هەیبەت سوڵتان گەرمن، دوکتۆر زانا تەیفور بۆ (گڵكەند) گوتی هەیبەت سوڵتان یان چاکی هەیبەت سوڵتان، وەک کولتوورێکی میللی بەشوێنەوارێکی پیرۆز سەیر کراوە و شوێنی جوگرافیی ئەو چاکە دەکەوێتە دامێنی چیای هەیبەت سوڵتان و خەڵک سەردانی ئەو شوێنانەیان دەکرد بۆ حاسڵبوونی مرازیان و پەڕۆی سەوزیان لێ بردووە وەک متفەڕک.
لە ڕووی مێژوویییەوە هەندێک لەو سەرچاوانەی لەسەر کۆیەیان نووسیوە وەک نووسینەکانی تایەر حەوێزی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو چاکە دوو ناوی هەیە (هەیبە، ئەیبە) واتە ناوی ئافرەتێک بووە، گوایە خوشک و برایەک بوون، هەردووکیان لەوێ مردوون و نێژراون، بەڵام هەر لەم کتێبەشدا هاتووە كە ئەوە گۆڕی پیاوچاکێکی ئێرانی بووە، کە نەخۆش کەوتووە و لە دامێنی ئەو چیایە مردووە و لەوێش نێژراوە. تایەر حەوێزی ئاماژەشی بەوە كردووە كە ئەوە گۆڕی یاوەرێكی پێغەمبەر بووە و پێیان گوتووە ئەیوب ئەکراد. لەم ساڵانەی دواتریش شێخ سەڵاح شێخ شەرەف لە سیمینارێکدا رای گەیاند كە ئەوە ژنە و خوشکی سەڵاحەدینی ئەیوبییە.
بەڵام دوكتۆر زانا بەپێی لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەڵێ زۆر بەدواداچوونی کردووە لە هیچ سەرچاوەیەک نییە بڵێت ئەو مەرقەدەی هەیبەت سوڵتان ژنە، لە سەرچاوە عوسمانییەکانیش کە ماوەی (١٠٠) ساڵ حوکمی شاری کۆیەیان کردووە و لە مێژوویییەکەیان ئاماژەیان بە هەموو شوێنەکانی پیاوچاکان کردووە وەک (شێخی شێخ موسرێ، بابی فەقێ ئەحمەد و قەبری دایە خەجێ)، بەڵام لە هیچ سەرچاوەیەک باسی ئەو چاکەیان نەکردووە کە لە دامێنی چیای هەیبەت سوڵتانە، هەندێك لە ڕایەکان لە سەرچاوە عوسمانییەکان دەڵێن ئەو چاکە ڕەگەزی نێرە نەک مێ، بەهۆی ئەوەی ناوی ئەیوب سوڵتانە و زۆربەی گەڕیدەکانی هاتوونەتە ئێرە و گوتوویانە بەدامێنی چیای (ئەیوب سوڵتان) واتە ناوی ئەو مەرقەدەیە و لە ڕووی مێژوویییەوە ئەگەر ئەو گۆڕە هەڵکۆڵی و پشکنینی بۆ بكەی تا بزانی ئایا چ ڕەگەزێکە زۆری دەوێت و ناشتوانرێت دەسکاری بکرێت، چونکە لەلایەن خەڵکی سنوورەکە بەشوێنێکی پیرۆز دادەنرێت.
ئەو پسپۆرەی مێژوو لە كۆیە بەو لێكۆڵینەوانەی كردوویەتی گەییوەتە ئەو باوەڕەی كە ئەو مەرقەدە هی پیاوێكە نەك ژن، ئەو دەڵێ ڕای پێچەوانەی ڕای شێخ سەڵاح شێخ شەرەفە، پێی وایە ئەو چاكە؛ پیاوە نەک ژن، هەروەها پێی وا نییە سەڵاحەدینی ئەیوبی بێرەدا هاتبێ و لە ڕووی مێژوویییەوە ئەو زانیارییە دروست نییە.
دوکتۆر زانا زیاتر ڕوونیشی کردەوە کە ڕای دیکە زۆرن لەسەر ئەو مەزارگەیە و دەڵێ “ساڵی 1850ی زایینی، لە سەردەمی نەجیب پاشا كە یەکێک بووە لە پاشاکانی دەوڵەتی عوسمانی، کاتێک بەرەو شاری كۆیە هاتووە بۆ شەڕكردن لەگەڵ یەكێك لە پاشاكانی بابانییەكان بەناوی (ئەحمەد پاشا)، یەكێك لە كەسایەتییەكانی شاری كۆیە بەناوی (حاجی بەكراغای حەوێزی) گێڕاویەتیەوە لە خەونیدا دیویەتی ڕووناكییەك (نورێك) لە هەیبەت سوڵتان هەڵساوە و پێی گوتووە هەستە سەردەكەوی، ئەویش گوتوویەتی ئەو لەشكرە سەركەوتوو دەبێت، لەو كاتەوە بە پیرۆزیان زانیوە”.
ڕایەكی دیكە هەس بەناوی دلارام خان كچی سەید بابەعەلی و خێزانی كاكە زیادی حەماغای كۆیە كە شەوێك خەونی دیوە و بەیانییەكەی بە دارودەستەكەی گوتووە بچوون ئەو شوێنە كێل و قەفەزی بۆ بكەن، ئەوانیش بە دار بۆیان كردووە، پارچە قوماشێكی سەوزیان پێدادا، وەك شوێنێكی كولتووری و ئاینی دەنگی داوەتەوە و خەڵكی سنوورەكە سەردانیان كردووە.
تا ساڵی 2000 خەڵك هەر دەچوونە سەر مەرقەدەكە، بەڵام دوایی وردە وردە ئەوە نەما، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و هۆشیاربوونەوەی خەڵك.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved