باس باسی ژمارەیەك بڕیاری ئەنجوومەنی شاره‌وانیی هه‌ولێرە لە 1954 و 1955دا، ئه‌و كاته موحسین ئاغای كوڕی محەمەد ئاغاى ئه‌سعه‌دی سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر بوو. ڕاستییەكەی ئەو كەسایەتییە 30 ساڵی تەواو سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر بووه له 1928ەوە تا 1958، واتە له كاتی حوكمڕانیی مه‌له‌كیی هه‌رسێ مه‌لیكدا (فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م و غازی و فه‌یسه‌ڵی دووه‌م).
ئه‌ندامه‌كانی ئەوسای ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیی هه‌ولێر، محەمەد سادق محەمەد موختار، ئەحمەد محەمەد ئیبراهیم داود چیچۆ، حاجی عەلی حاجی یونس، خەلیل شەكیب ئاغا، زیوه‌ر عومر ئاغا، توفیق حاجی مەولود، ئەلیاس عەلی به‌گ، حەنا بۆیا، عەبدولمەجید حاجی یونس، فەخری ئەمین ئەفەندی، جەمیل عەبدولكەریم، عەلی حەسەن بوون.
موحسین ئاغا له 1905 له هه‌ولێر له‌دایك بووه و له تشرینی یه‌كه‌می 1979 كۆچى دوایی كرد. پیاوێكی ده‌ستپاك و هێمن و له‌سه‌رخۆ و قورساییی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بووه. ڕۆژانی هه‌ینی به‌یانیان له دیوه‌خانی خۆی پێشوازی میوانانی كردووه.
مه‌لا ئه‌فه‌ندی وه‌كو ڕێبه‌ر و قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره بووه بۆ ئه‌و، چونكه تاقه خوشكه‌زای مه‌لا ئه‌فه‌ندی بووه و دواتر كچی گه‌وره‌ى محەمەد عوسمانی خواستووه كه یه‌كه‌م موته‌سه‌ڕیفی هه‌ولێر بوو.
موحسین ئاغا سێ كوڕی له پاش خۆی به‌جێ هێشتووه نەجدەت، محەمەد و نەجات. محەمەدی كوڕی به‌رپرسیارى به‌شی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه له ئێزگه‌ى BBC له له‌نده‌ن و ڕۆڵی هه‌بووه له وه‌رگرتنی هه‌واڵی كوردستان بۆ ئێزگه‌ى BBC كه ڕۆژانه له ڕۆژنامه‌كانی كوردستان هه‌واڵه‌كانی وه‌رده‌گێڕا بۆ زمانی ئینگلیزی.
لە 1954دا ئەنجوونەكە 780 بڕیاری دەركردووە، هە‌مووى به‌ده‌ستخه‌ت نووسراونەتەوە، ئەندامەكان ئیمزایان كردووە، دیاره هه‌ندێكیان به پێنووسی قۆپیه و ڕه‌ساس ئیمزایان كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كان نه‌بووبێت به وشه‌ى (غائب) یان له ده‌ره‌وه (فی الخارج) له به‌رده‌م ناوه‌كه‌ى نووسراوه، سه‌رۆكی شاره‌وانیش به قه‌ڵه‌م حوبری سه‌وز واژووی كردووه. هه‌ردوو ساڵی زایینی (ز) و كۆچی (ك) له ته‌ك بڕیاره‌كان نووسراوه.
1. بڕیاری ژماره (334 له 24/6/1954ز ـ 22/10/1373ك). تێیدا كرێكارێكی باخچه‌وانی شاره‌وانی داواى قه‌رزێك (3 مانگ مووچه‌ى پێشین) ده‌كات، بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریى پرۆستات له شاری مووسڵ به‌پێی ڕاپۆرتی پزیشكی هاوپێچی داواكه. دیاره ئه‌م كرێكاره مووچه‌ى مانگانه‌ى (4 دینار) بووه، ڕه‌زامه‌ندیی دراوه كه 12 دینار به قه‌رز بدرێته ناوبراو به مه‌رجێك له چواریه‌كی مووچه‌كه‌ى وه‌ربگیرێته‌وه.
2. بڕیاری ژماره (360 له 15/7/1954ز ـ 16/11/1373ك) تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئامێری چاپی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی تێكچووه و له كار وه‌ستاوه به‌پێی ڕاپۆرتی نووسه‌رى چاپ كه تێیدا ده‌ڵێت پێویستی به‌چاكردنه‌وه هه‌یه و له شاری هه‌ولێر چاك ناكرێته‌وه بۆیه بڕیارمان دا به ناردنی بۆ شاری مووسڵ، شوێنی (حاج حەمید ئیخوان) بۆ چاكردنه‌وه‌ى و به‌پێی پسووله‌ى خاوه‌ن دوكانه‌كه پاره‌كه‌ى بۆ سه‌رف بكرێت.
3. بڕیاری ژماره (367 له 15/7/1954ز ـ 16/11/1373ك) تێیدا ئاماژه به‌نووسراوى ڕۆژنامه‌كانی ئه‌وكات ڕۆژنامه‌ى (هه‌تاو، صوت الاهالی، الرایه، الحیاه) ده‌كات به‌داواكردنی كرێی بڵاوكردنه‌وه‌ى بڵاوكراوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی له وانه (3 دینار و 500 فلس) بۆ ڕۆژنامه‌ى هه‌تاو بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاگاداری كردنه‌وه‌ى شه‌قامی مووسڵ له نێوان شه‌قامی موزه‌فه‌ریه و مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌م له گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌ب و بڕی (یه‌ك دینار و 750 فلس) بۆ ڕۆژنامه‌ى (صوت الاهالی) كه له به‌غدا ده‌رده‌چێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاگاداری دروستكردنی عه‌لوه‌ى سه‌وزه‌وات و بڕی (3 دینار) بۆ ڕۆژنامه‌ى (الرایه) كه له مووسڵ ده‌رده‌چێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاگاداری كڕینی (عادله) بۆ شاره‌وانیی هه‌ولێر.
4. بڕیاری ژماره (380 له 17/7/1954ز ـ 18/11/1373ك) تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئاگەدارییه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی بڵاو كراوه‌ته‌وه بۆ پڕۆژه‌ى دروستكردنی عه‌لوه‌ى سه‌وزه‌وات و، به‌ڵێنده‌ره‌كانی هه‌ولێر داواكارییه‌كانیان پێشكێش به‌شاره‌وانیی كردووه، پڕۆژه‌كه دراوه‌ته به‌ڵێنده‌ران (جلال عبدالله و رشاد خورشید) چونكه ئه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌وان دیاری‌یان كردبوو له هه‌موو به‌ڵێنه‌ده‌ره‌كانی دیكه كه‌متر بووه، كه (388 دینار و 514 فلس) بووه. به‌ڵێنده‌ره‌كانی ئه‌و كاتی شاری هه‌ولێر ئه‌م به‌ڕێزانه بوون (فائق نادر و شریف جامباز، جلال خلیل، حاجی یادگار بكر، عبدالقادر حاجی محمد، حیدر حاجی حسن، جلال عبدالله و رشاد خورشید، شهاب شێخ یونس، عه‌نته‌ر محمد) .
5. بڕیاری ژماره (398 له 29/7/1954ز ـ 28/11/1373ك) تێیدا بڕیار دراوه به سه‌رفكردنی (300 فلس) بۆ كڕینی 4 ته‌نه‌كه‌ی به‌تاڵ بۆ ئاوڕێژكردنی ده‌روازه‌ى قه‌ڵاتی هه‌ولێر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی دانیشتووی قه‌ڵات له تۆز و خۆڵی به‌رده‌رگای قه‌ڵا، له ئاكامی هه‌ڵكۆڵینی پڕۆژه‌ى ئاوی نوێ له قه‌ڵا.
6. بڕیاری ژماره (544 له 30/9/1954ز ـ 2/2/1374ك) تێیدا بڕیار دراوه به سه‌رفكردنی (15 دینار) بۆ كڕینی چه‌ند كه‌لوپه‌لی پیشه‌سازیی ده‌ستكردی كورده‌وارى له هه‌ولێر بۆ هاوبه‌شیكردن له پێشانگەی پیشه‌سازیی به‌ریتانی له به‌غدا كه له ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى مانگی سووری عێراقی داوا له موته‌سه‌ڕیفی هه‌ولێر كراوه بۆ هاوبه‌شیكردن له‌م پێشانگەیه. ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیش به‌ڕێز (محمد یحیى)ی جابیی دیاری كردووه كه به‌م 15 دیناره (جاجم و كڵاوی به‌سیم و گۆره‌ویى خوری و كڵاش)ی پێ بكڕێت و بنێردرێته به‌غدا بۆ هاوبه‌شی له پێشانگەكه.
7. بڕیاری ژماره (551 له 30/9/1954ز ـ 2/2/1374ك) تێیدا بڕیار دراوه به خه‌رجكردنی (8 دینار و 400 فلس) بۆ كڕینی (كا و جۆ) بۆ ئاژه‌ڵه‌كانی شاره‌وانی بۆ ماوه‌ى 15 ڕۆژ كه بریتی بووه له (570 كیلۆ جۆ و 1000 كیلۆ كا).
8. بڕیاری ژماره (631 له 4/11/1954ز ـ 28/3/1374ك) تێیدا بڕیار دراوه به‌فرۆشتنی گوێدرێژێكی شاره‌وانی، كه هه‌ردوو چاوی كوێر بووه و كڕینی گوێدرێژێكی دیكه له جیاتی. كوێربوونی گوێدرێژی یه‌كه‌م به‌پێی نووسراوی ته‌ندروستیی به‌یته‌ره‌ى لیوای هه‌ولێر سه‌لمێنراوه.