دایكی كۆیە مەریەمی عەنكاوەیە
دایكی كۆیە مەریەمی عەنكاوەیە
April 10, 2025

ژنە پەرستارێكی كریستیان بە ناوی مەریەم، ٦٧ ساڵ هاوتەریب لەگەڵ كاروانی هێڵی ژیان لە شارەكەیدا، فریشتەئاسا مامانی بۆ دەیان هەزار ژنی دووگیان كرد و ناوكی منداڵەكانی بڕی.


لە سەرەتای تەمەنی كاركردنیدا، بۆ ماوەی دە ساڵ بە تەنیا وەك مامانێك لەسەر پێیەكانی خۆی وەستا، ئەو سەردەمە كۆیە هیچ پزیشکێکی ژنی لێ نەبووە، ئەو پەرستارە قورسایی باری مامانیكردن و تازەلەدایکبووانی تەواوی شارەكەی بەتەنیا هەڵگرت.
مەریەمی پەرستار كە بە دایكی كۆیە ناسراوە، ئێستا بەهۆی چوونە تەمەنەوە وازی لە كاری مامانی هێناوە، لە دیدارێكی (گڵكەند)دا دەڵێ جاران ژن بە سروشتی منداڵیان دەبوو و هیچ كێشەیەك دروست نەدەبوو، زۆر بە كەمی ڕووی دەدا ژن ناچار بە نەشتەرگەری بێت بۆ منداڵبوون.
باس لەوەش دەكات كە دەیان جار ڕێك كەوتووە مامانی بۆ ژنی دووگیان بە منداڵی دووانە كردووە، هەروەها دوو جاریش ڕێك كەوتووە ژنی دووگیان لە لای ئەو سێ منداڵیان پێکەوە بووە و هیچ كێشەیەكیشیان نەبووە.
مەریەم یوسف قۆقاز كە زۆربەی تەمەنی لە كۆیە بەسەر بردووە، ئێستا لەناو ماڵەكەیدا لەگەڵ هاوسەر، كوڕ و بووك و نەوەكانی لە یەك ماڵدا دەژین، بەدەم قسەكردنەوە كەمێك دەوەستێ و دەڵێ زۆربەی یادگارییەكانی لەبیر چووەتەوە، بەڵام تا ئێستە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی لە بیرە و دەزانێ یەكەم منداڵ كێ بووە كە ناوكی بڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەریەم خان بەگاڵتە و پێكەنینەوە دەڵێ زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتم هەیە كەچی مووچەی خانەنشینیم (500) هەزارە و لەو ڕووەوە زۆر خۆی بە مەغدوور دەزانێ.
ئەو پەرستارە ساڵی 1934 لە شارۆچكەی عەنكاوە لە هەولێر لەدایك بووە، تا قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە لە زێدی خۆی ژیاوە، دوای ئەوە بۆ خولی پەرستاری لە ساڵی 1952 ڕووی لە كۆیە كردووە، دەڵێ پێنج كەس بوون بەردەوام لەناو خەستەخانەدا خولیان بۆ دەكرایەوە، بەپراكتیكیش لەناو قاوشەكان لە برینەوانی ژنان بۆ ماوەی ساڵێك كاری كردووە، لەوێ پێیان گوتوون یەکەم و دووەمی خولەكان دەنێرنە هەر شوێنێك كە خۆیان داوا بكەن.
مەریەم دووەم بووە، داوای كردووە بچێتە کۆیە، برادەرەکانی گوتوویانە تۆ بۆ خۆت خەڵکی عەنکاوەی، بۆ دەچیە كۆیە؟ ئەویش گوتوویەتی “ئەمن لەگەر بابم سارەك لە كۆیە ژیایمە، ئەو کاتی بابم پۆلیس بوو لەوێ ئەمن چار سار بووم، ئەوها لە 5/1/1953وە هاتینە کۆیە و دەستبەكار بووم، هەتا ئێستا لێرە مایمە و كۆیێم زۆر خۆش دەوێ”.
ئیدی مەریەم لە نەخۆشخانەی كۆیە دەست بەکار دەبێ و سەرەتا مووچەكەی 14 دینار و نیو بووە، دواتر ماڵی باوكیشی چوونەتە كۆیە، ئەوكات تەنها مەریەم پەرستار بووە لە نەخۆشخانەی كۆیە و كاری مامانی و برینەوانی ژنانی كردووە.
دەشڵێ یەكەم منداڵ لەسەر دەستی ئەو لەدایك بووبێت ناوی سەرۆك حەمیدی كوڕی تایەر چەلەبی بوو كە 18\1\1953 لەدایك بوو. لەو كاتەوە تا نزیكەی ١٠ ساڵ بەتەنها لە نەخۆشخانە هەموو كارەكانی لەدایكبوونی منداڵانی كردووە، هیچ پزیشكێكی ژنی لێ نەبوو، جگە لەوەی كاری مامانی لە دەرەوەی نەخۆشخانەش دەكرد.
زۆر جار شەوانە لە گوندە دوورەكانەوە خەڵك دەچوونە دوای مەریەم خان بۆ ئەوەی مامانی بۆ ژنە دووگیانەكانیان بكات، ئەوسا نەدەگەیشتنە نەخۆشخانە و ئەو پەرستارە دەبووە فریادڕەسیان. لەبارەی چوونە گوندەكانەوە بەسەرهاتێكی ناخۆشی ژیانی دەگێڕێتەوە كە شەوێكیان چووبووە گوندی شیلە، دوای تەواوبوونی كارەكەی ویستوویەتی بگەڕێتەوە، بەڵام لە نێوان شیلە و كۆیە تەقە كراوە و شەڕێك ڕووی داوە، دوو ئۆتۆمبێلی چەكدار ڕێگەیان لێ گرتووە، دواتر خۆی پێ ناساندوون و یەكێك لە چەكدارەكان خەڵكی سنوورەكە بووە و ناوبانگی بیستبوو، دوای ئەوەی دەیناسێتەوە، هاوكاریشی دەكەن تا دەگاتەوە ناو شاری كۆیە.
مەریەم قۆقاز ئەگەرچی ساڵی 2003 خانەنشین بووە، بەڵام دوای خانەنشینبوونیشی خەڵك وازیان لێ نەهێناوە و تا 2012 لە ماڵەوە كاری دەكرد و بۆ مامانی دەچووە ماڵان. ئەو پەرستارە لە كۆتاییدا دەڵێ دوای ئەو هەموو ساڵە مامانی و پەرستاریە، دایكان دڵنیا دەكاتەوە لەوەی هەموو ژنێك دەتوانێ بە سروشتی منداڵی ببێت، هەموو ژنێكیش دەتوانێ شیری خۆی بە منداڵەكەی بدات و هیچ پێویستییەكی بە شیری قوتوو نەبێت.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved