بڕیارە لە هەولێر مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی هاوچەرخ هاوشێوەی مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهان لەسەر ڕووبەڕی 15 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست بکرێت و ببێتە ناوەندێک بۆ نیشاندانی کولتوور و شارستانیەتی کوردستان، دیزاینی پڕۆژەکەش لەلایەن ئیتاڵییەکانەوە کراوە.
بڕیارە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەجێبەجێکردنی ئەو مۆزەخانەیە بکرێت کە بۆ دیزاینەکەی سوود لە ژمارەیەک لە مۆزەخانەکانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا وەرگیراوە.
مۆزەخانەکە وەکو بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر باسی دەکات دەکەوێتە سەنتەری شارەکە و لە نزیک باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر نزیک لە شەقامی بازنەییی شەست مەتری.
د.نادر بابهكر، بهڕێوهبهری شوێنهوار و كهلهپووری ههولێر لەبارەی پڕۆژەکەوە بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند «دیزاین و نهخشهی مۆزهخانهكه لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵییەوە دەکرێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە و بڕیارە بەم زووانە تەواو بکرێت و دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بەجێببەجێکردنی دەکرێت.»
بۆ هەڵبژاردنی دیزاینێکی گونجاو و هاوچەرخ سوود لە باڵەخانەی ژمارەیەک مۆزەخانەی وڵاتی ئەوروپایی وەرگیراوە، یەکێک لە دیارترین جیاوازییەکانی باڵەخانەکەش ئەوەیە لەگەڵ سەردەمدا دەگونجێت و ژمارەیەک ئامێری نوێی تێدا دەبێت پێچەوانەی مۆزەخانەکانی ئێستەی کوردستان کە مەبەست لە دانانیان بۆ شیکردنەوە و نیشاندانی کەلوپەل و ئەو شتانەیە کە تێیدا دەبێت لە ڕێگەی ڤیدیۆ و شاشە و هەروەها بەسیستەمی دەنگیش.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر پێکهاتەی مۆزەخانەکە ئاشکرا دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، مۆزهخانهكه له سێ بهشی سهرهكی پێك دێت، بەشی شوێنهوار، بەشی كهلهپوور و كاری دهستی، لەگەڵ بەشی كهلوپهلی شۆڕشهكانی کوردستان و کەسایەتی و سهركردهی شۆڕشگێڕەکانی کوردستان بەجیاوازیی پێکهاتەکانەوە.
لەو مۆزەخانەیەی بڕیارە دروست بکرێت جگە لە نیشاندانی کەلوپەل و مێژوو و کەلەپوور شوێنی حەوانەوەش لەخۆ دەگرێت وەکو ڕێستۆرانت و كافتیریا، هەروەها ژمارەیەک هۆڵ لەخۆ دەگرێت کە بەشێکیان تایبەت دەبن بەكۆبوونهوه، لەگەڵ كتێبخانهش بۆ کتێبەکانی شوێنەوارناسی و مێژووی کوردستان.
مەبەست لە مۆزەخانەکە وهك بهڕێوهبهری شوێنهواری ههولێر ئاماژهی بۆ دهكات، دهیانهوێت ئهو مۆزهخانه نیشتمانییه بكهن بەناوەندێک بۆ خستنە ڕووی مێژووی کورد و هەروەها سەرچاوەیەک بێت بۆ داهات بۆ حكوومهت.
مۆزەخانەکە وەکو ئەو بەرپرسە ئاشکرای دەکات باڵەخانەیەکی تەواو گونجاو دەبێت و ژێرزهمینی مۆزهخانهكه قاسهی تایبهت به كهلوپهله گرانبهها شوێنهوارییهكانی تێدا دەبێت، گهشتیاران لە ڕێگەی پلیتەوە دەتوانن سەردانی بکەن کە سەرچاوەیەک دەبێت بۆ داهات هاوشێوەی مۆزەخانەکانی دیکەی وڵاتان.
یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی مۆزەخانەکە بریتی دەبێت لە کارگەیەک کە تێیدایە و کاری دروستكردن و لەبەرگرتنەوەی كۆپیی شوێنهوارهكانه بهمهبهستی ڕەخساندنیان بۆ گەشتیاران تاوەکو وەکو یادگاری لەلایان بمێنێتەوە بەتایبەت گەشتیارانی بیانی کە دەیانەوێت دەستیان بخەن.
مۆزەخانەکە سەرجەم پێداویستییەکانی مۆزەخانە لەخۆ دەگرێت و هەموو خاڵەکانی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی ئاگر و فریاگوزاری لەخۆ دەگرێت، بڕیاریشە لەلایەن وەبەرهێنی ناوەخۆی کوردستانەوە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.