ساڵی ١٩٨٩یە، لە شارەدێی مەلاقەرەی سەر بە قەزای مەخموور (٤٠ كیلۆمەتری ڕۆژئاوای هەولێر)، مزگەفتێكی گچكە لە شێوەی هەلیكۆپتەرێك دروست دەكرێ، دوای دوو ساڵ مزگەفتەكە تاڵان دەكرێ، ئاوەدان و نۆژەن دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی تر لە ٢٠٠٣دا تاڵان بكرێتەوە، لەو كاتیشەوە تا ئێستا بە كەلاوەیی بەجێ مایە، بووەتە ئادگارێكی دەشتی هەولێر، كە لە هەمان كاتدا تاڵ و شیرینیشە.
ئەوە جێی تەقینەوە و بەربوونەوەی هەلیكۆپتەرەكەی عەدنان خێروڵایە، كە ئەودەم وەزیری بەرگریی ڕژێمی بەعس بوو. سەدام حوسێنی سەرۆكی لەسێدارەدراو، كە زاوا و كوڕە خاڵی عەدنان خێروڵا بوو، بڕیاری دروستكردنی دا و ناوی نا مزگەفتی عەدنان، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە چەندین لێكۆڵینەوە ئاشكرایان كردبوو كە عەدنان خێروڵا لەلایەن سەدامەوە تیرۆر كرا و ڕووداوەكە پیلانگێڕی بوو.
دواتر نە لەناوچوونی عەدنان خێروڵا وەك هەواڵێكی درخۆشكەر بۆ خەركی دەشتی هەولێر و كوردستان بەردەوام بوو، نەش ئەو مزگەفتەی بەناویەوە دروست كرا، بووە جێی خوداپەرستیی موسوڵمانان، وەك شایەدحاڵ و دانیشتوانی ئەو دەڤەرە بۆ (گڵكەند)یان باس كرد.
بەڵكو وەك هەر كارێكی دیكەی بەعسییەكان، مردنی عەدنان و دروستكردنی مزگەفتەكەش ماكێكی ڕەشی ڕژێمە لەناوچووەكەی بەجێ هێشت، هەڵمەتێكی نوێی تەعریبكردنی لێ كەوتەوە.
دەمودەست لە تەك گوندی مەلاقەرەی كوردنشین، شارەدێی عەدنانیە دروست كرا و دەیان خێزانی عەرەبی بەعسی هاوردە كران، لە شێوەی تۆوی نامۆ لەوێ چێندران.
عوسمان ئەحمەد پیاوێكی بەتەمەنی دەڤەرەكەیە، باسی دوای نیوەڕۆی پێنجی ئایاری ١٩٨٩ دەكات، كە یەكێك بوو لە ڕۆژە تووشەكان بەهۆی ئەو تۆزوبا بەهێزەی ناوچەكەی گرتبووەوە و دەڵێ “وەڵاهی چاو چاوی نەدەدیت، ئەمە لەگژ عەیوانان بووین وەكی كۆپتەرەكە بەربۆوە و ڕمبەی لێوە هات، كەتە بەر تەقران. كەس نەدەوێرا توخنی بكەوی، دوایێ گۆتیان عەسکەر زوو گەیشتینێ”.
ئەو باس لە دەنگۆیەكانی ئەو وەختە دەكات كە دەیانگوت هەلیكۆپتەرەكە بەپیلانگێڕی و لەلایەن سەدام حوسێنەوە خراوەتە خوارێ. دەشڵێ ئەو ڕۆژە كەشوهەوایەكەش زۆر تووش بوو، لەبەر تۆزوبا باڵندەش نەدەفڕین.
گەڕانەوە بۆ ڕووداوی تەقینەوە و بەربوونەوەی كۆپتەرەكەی خێروڵا و دروستبوونی ئەو مزگەفتە، دوایێش هەڵمەتە بەدەكەی تەعریب، خەیاڵی مام عوسمان پڕ دەكات لە هەستێكی نۆستاڵژی تێكەڵ و ئاڵۆز، كە بەشێكی یادەوەریی خۆشیی بەربوونەوەی كۆپتەرەكەی عەدنانە لە ڕۆژێكی تۆزوبادا، بەشە ناخۆشەكەشی نۆستاڵژیای ئەو خاكەیە كە لە سایەی تەعریب لە خاوەنە كوردەكانی زەوت كرا.
لەم بارەیەوە بە تاسەوە باس لە دوای ڕووداوەكە دەكات كە کورد چیی دی نەیاندەوێرا وەكو جاران بچنەوە سەر خاك و زێدی خۆیان، چونكە ژمارەیەكی زۆری خێزانی عەرەب هاوردە كران و پڕ كرا لە بەعسی.
“ئەو ڕۆژی ئەمە لەسەر چیای قەرەچوغ بووین، پاش نیڕوانەكەی تۆزوبایەكی زۆر بوو، دوو كۆپتەری سەمتی پەیدا بوون، وەمان زانی قەسف دەكەن، هەندەی پێ نەچوو ڕمبەكی گەورە هات، قلەكیان بەربۆوە و ئەوی دی لە مەنتیقەی دەسوڕاوە، پاش چەند سەعاتەكی كۆپتەرەكی دیش هات”. جومعە بایز كە لە ساڵی ١٩٨٢ەوە چووبووە ڕیزی پێشمەرگەی كوردستان و لە تیپی ٨٧ی قەرەچوغ بوو، ئێستەش ماڵی لە بەرانبەر كەلاوەكەیە، ئەوها باسی بەربوونەوەی هەلیكۆپتەرەكەی گێڕاوە و ڕوونی كردەوە كە پێشمەرگە دەستی لە ڕووداوەكەدا نەبووە، بەڵام بە ئیشی سەدام و ڕژێمی بەعس دەچوو.
ئەو ئاگەداری وردەكاریی ڕووداوەكانی دوای بەربوونەوەی هەلیكۆپتەرەكە نییە، بەڵام ئەوە دەزانێ كە مزگەفتێك لە شوێنی بەربوونەوەكە دروست كرا و عەرەبی زۆر هاوردەی ناوچەكە كران.
دوابەدوای دروستكردنی، ئەو مزگەفتە بووە شوێنی بەعسییەكان و زۆربەیان بۆ نوێژی هەینی لەوێ كۆ دەبوونەوە. تا ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١، كە ناوچەكە لە بەعس پاك كرایەوە، مزگەفتەكە تاڵان كرا. جومعە بایز ڕۆژی ڕاپەڕینەكەی لە بیرە، كە چۆن هێرشیان كردە سەر دامودەزگاكانی بەعس لە دەشتی دیبەگە، دووپاتیشی دەكاتەوە “مزگەفت ماری خوایە، ئەمە پێشمەرگە دەستمان لێ نەدا. بەس پاشەمە خەركی مەنتیقەی تارانیان کرد”. لەو ساتەدا ئەوەی وەبیر دێتەوە كە سەروەختی ڕاپەڕین، سنوورەكە پڕ كرابوو لە عەرەبی هاوردە و نامۆ بەو ناوچەیە.
دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١، گەلی كوردستان ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی بووەوە لەسەر دەستی سوپای بەعس، لە ئەنجامدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەرکرد، تێیدا هێڵی ٣٦ دیاری کرا، لەسەر ئەو بنەمایە سنووری دیبەگەی دەشتی هەولێر كەوتەوە دەست ڕژێمی بەعس، دوای ڕووخانی ڕژێمیش لە ٢٠٠٣، جارێكی تر سنوورەكە گەڕایەوە سەر كوردستان و كەوتەوە دەست پێشمەرگە.
بەر لە ئازادكردنەوەی سنوورەكە، مزگەفتەكەی عەدنان جارێكی تر كرابوو بەمۆڵگەی بەعس و عەرەبی هاوردەكراو. بۆیە لەگەڵ ڕاكردنی بەعس و سەربازەكانیان، مزگەفتەكە بۆ دووەم جار تاڵان كرایەوە. لەم بارەیەوە حاجی سالار نووری بەڕێوەبەری ئەوقافی مەخموور بە (گڵكەند)ی گوت حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كات ئەو شوێنەی وەك دامەزراوەی ئاینی و مزگەفت وەرنەگرتووە.
بەگوتەی حاجی سالار، ئەو شوێنە لە ڕووی ئەندازیاری و بیناسازیشەوە لە مزگەفت ناچێت، لە ژوورەوە زیاتر بەهۆڵی شانۆگەری یان كۆبوونەوە و چاڵاكیی كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیی دەچێت. دەشڵێ ئەوە مزگەفت نەبوو، بەڵكو یەكێ لە هێماكانی سیاسەتی بەعسی عەرەبی بوو.
بەڵام مام ئەحمەد جەمیل كە ئاژەڵدارێكی سنووری دیبەگەیە ڕای پێچەوانەی هەیە و پێی وایە ئەو شوێنە لە سەرەتاوە هەر مزگەفت بووە و بەر لە تاڵانكردنیشی دواهەمین نوێژی هەینیی لەوێ لە پشت مەلایەكی عارەب كردووە.
مام ئەحمەد دەڵێ “ئەو مزگەفتە لەو گۆڕەی دوو جار تاران كرا، جارەكیان ساری نۆهەتویێك میللەت تارانی كرد، جارەكی دیش ساری ٢٠٠٣“.
ئەو دەشتەكییەی هەولێرێ ساڵی ٢٠٠٣ چەند جارێك داوای لە مەلا عەرەبەكە كردووە مزگەفتەكە چۆڵ نەكات بۆ ئەوەی وەك ساڵی ١٩٩١ تاڵان نەكرێ، دەشڵێ «گۆتمە مەلایەكەی مەڕۆ با مزگەفتەكەی بپارێزین، بەس هەرات و نەگەڕاوە، مزگەفتەكەش تاران كرا”. باسیش لە دوای ڕاكردنی مەلاكە دەكات كە چۆن خەڵك تاڵانیان كردووە “هاوارم دەكرد! كوڕە بابە ئەو كاشییە جوانانەی لۆ لێ دەكەنەوە؟ ئەوە ماری خوایە! بەس كەس گێی نەدەدایێ، هەر بابایە شتەكی لێ دەكڕاند”.
ئەحمەد جەمیل بەردەوام لەگەڵ عەرەبی هاوردە لەو مزگەفتە نوێژی كردووە. دان بەوەدا دەنێت كە “عارەب و مارەب و بەعسی دەهاتن، لۆ خوتبەی مزگەفتیان فول دەكرد. هەندە جار عزو شوعبە دەهاتن، لەوانە كاك عادل مەسئول شوعبەی مەخموور و كاك دەهام مەسئول شوعبەی گوێڕێش دەهاتن”.
ئەو پیاوە بەتەمەنداچووە سەرباری ئەوەی پێی وایە مزگەفتەكە لەخۆڕا تاڵان كراوە، ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو ساڵی هەلیكۆپتەرەكە بەربووەوە، تۆو نەكرابوو، چونكە قەدەغە بوو كورد كشتوكاڵ لە زێدی خۆیان بكەن، بەس مەڕداری لێ مابوو، دەشڵێ پاش ڕووداوەكە، بە لێشاو عارەب هاتن، مزگەفتەكەشیان لە شێوەی كۆپتەرەكەی عەدنان خێروڵا دروست كرد.
٢٢ ساڵە ئەو مزگەفتە شایەدحاڵێكی بێدەنگی ستەمەكانی ڕژێمی بەعسی عەرەبیە لە دەشتی هەولێر، بەجێ هێڵدراوە و لای لێ نەكراوەتەوە. نە دەكرێ بە شوێنەوارێكی بەعس نەش وەك مزگەفت نۆژەنی دەكەنەوە. بەڵام حاجی سەلام كەریم ڕاوێژكاری پێشووی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گڵكەند) بە كورتی یەكلای كردەوە “ئەو مزگەفتە بەپێوە مابوایە، ئێستە دەبووە قیبلەگای بەعسییەكان”.