پاڵەوانیەتی دامە بە سیستەمی سویسری بەڕێوە دەچێ
پاڵەوانیەتی دامە بە سیستەمی سویسری بەڕێوە دەچێ

لەو هۆڵەی پاڵەوانێتییەکەی تێدا بەڕێوە دەچێت، منداڵ، گەنج و پیر دەبینرێن، هەموو بە بێدەنگی و بە تێڕامان لە تەختی یاریی دامە سەرقاڵی یاریکردنن، بچووکترین یاریزان تەمەنی حەفت ساڵ و بەتەمەنترین یاریزانیش تەمەنی ٧٣ ساڵە.
هەفتەی ڕابردوو بە بەشداریی زیاتر لە ٥٠ یاریزان، سێیەمین پاڵەوانێتیی ساڵانەی یاریی دامە بە سیستەمی سویسری لە هەولێر بەڕێوەچوو.
پێشبڕکێیەكە ماوەی سێ ساڵە شەوانی مانگی ڕەمەزان لە هۆڵی یانەی شەترەنجی خانزاد لەلایەن گرووپی دامەچییە نایابەکانی کوردستان سەرپەرشتی دەكرێ.
یاریی دامە مێژوویەکی دێرینی لە کوردستان هەیە، وەک یارییەکی ستراتیژی و کۆمەڵایەتی گرینگی پێ دراوە. بە تایبەتی لە دیوەخان و شوێنە گشتییەکان وەک چایخانەکان، زۆر جار پیاوانی گوند و شار لە بەردەم بەشێکی زۆر لە مزگەوتەکانیش کۆ دەبوونەوە بۆ یاریکردن.
ڕزگار عەبدولواحید سەرپەرشتیاریی پاڵەوانێتییەکە ئاماژە بەوە دەدات بە هەمان شێوەی یاریی شەترەنج، بە سیستەمی سویسری کراوە یاریی دامە ئەنجام دەدەن. كە بە سیستەمی (ڕاوند ڕۆبین)یش ناسراوە، هیچ یاریزانێک لە یارییەكان دوور ناخرێتەوە، هەموو یاریزانێکیش لە تەواوی خولەكان یاری دەکات، ئەو یاریزانەی لە کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە زۆرترین خاڵی هەبێت، براوە دەبێت. هەروەها هیچ یاریزانێک نابێت دوو جار یاری لەگەڵ هەمان ڕکابەر بکات. هیچ یاریزانێکیش ناتوانێت سێ جار لەسەر یەک بە هەمان ڕەنگ یاری بكات.
هەروەها ساڵانە بەپێی ژمارەی بەشداربووانی پاڵەوانێتییەکە، خولەكان دیاری دەکرێن و لە پاڵەوانێتیی ئەمساڵدا ٥٢ یاریزان بەشدارییان کرد، ٩ خولی بۆ دیاری کرا، هەر یاریزانێک ٢٠ خولەک کاتی هەبوو بۆ یاریکردن، لە ماوەی دوو ڕۆژدا سەرجەم یارییەکان ئەنجام دران.
سەرپەرشتیاریی پاڵەوانێتییەکە سەبارەت بە مەرجی ناوچە و تەمەنی بەشداربووان، باسی لەوە کرد، هیچ مەرجێک بۆ تەمەن و ناوچە دانەنراوە. یاریزانەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردووە، “یاریزانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەتوانن بەشداری پاڵەوانێتیی دامە بکەن» سەرپەرشتیارەکە وای گوت.
دامە یەکێکە لەو یارییانەی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاتر بڵاو بووەتەوە لە ناوچەکە. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە ڕەگی یارییەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە میزۆپۆتامیا سەری هەڵداوە.
شوکر ساڵەیی، ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند، ٧٣ ساڵە و بەتەمەنترین یاریزانی پاڵەوانێتیی دامەیە، خەڵکی کەرکووکە و ساڵانە بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانێتییە دێتە هەولێر، باسی لەوە کرد ماوەی ٦٠ ساڵە دامە دەکات. گوتیشی “دامە یارییەکی کوردییە و ٦١٢ ساڵ پێش زایین لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی دەوڵەتی ماد کوردەکان یاریی دامەیان کردووە”.
لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد كە بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم یارییە کۆنە کوردییە، بۆیە بە گرنگی دەزانێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە وەک یارییەکی کولتووری کوردی بپارێزرێت.
سەبارەت بەوەی یاریزانی لێهاتووی دامە لە کام ناوچەی هەرێمی کوردستان زۆرترە و باشتر یاری دەکەن، یاریزانە بەتەمەنەکە گوتی “هەولێر یاریزانی زۆر لێهاتووی تێدایە و دەستێکی باڵایان هەیە لە یاریی دامە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد كە دڵخۆشە بە یاریزانە گەنجەکان و ساڵانە بەشداری پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دەکەن و لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەش ئەنجامی زۆر باشیان بەدەست هێناوە.
سۆران بنەسڵاوەیی، دانیشتووی شاری هەولێر، تەمەنی ٤٣ ساڵە و زیاتر لە ٢٥ ساڵە دامە دەکات، ساڵی ڕابردوو براوەی یەکەمی پاڵەوانێتیی دامەی هەولێر بووە، پێشتریش لە یەکەمین پاڵەوانێتییدا پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە.
ئەو لە تەمەنێکی بچووکدا، چووەتە بەردەم مزگەوت و چایخانەکان سەیری یاریی دامەی کردووە، سەرەتا کە فێر بووە، گەورەکان یارییان لەگەڵ نەکردووە و پێیان وا بووە ناتوانێت باش یاریی بکات، دواتر وای لێ هاتووە لە زۆربەی یاریزانە بەتەمەنەکانی بردووەتەوە، دەشڵێ “تەمەنم ١٥ ساڵ بوو، بەدوای منیان دەنارد تاوەکو بچم یارییان لەگەڵ بکەم”.
یاریزانی دامە بەوە دەناسرێتەوە کاتێک داو (ئۆین)ی بۆ دادەندرێتەوە، پێی دەزانێ، سۆران ئەوها باس لە ناسینەوەی یاریزانی لێهاتووی یاریی دامە دەكا و دەشڵێ “ئەو قسەیە ڕاست نییە کە بە جووڵاندنی یەکەم بەرد یاریزان دەناسرێتەوە”.
پاڵەوانێتییەکە ژمارەیەک یاسای بۆ دانراوە؛ لە کاتی یاریکردن یاریزان نابێت دەنگ بەرز بکەنەوە، لە کاتی تەواوبوونی هەر یارییەک، یاریزانی براوە دەست بەرز دەکاتەوە، تا ناوبژیوان ئاگادار بکاتەوە، دواتر هەردوو یاریزان هۆڵەکە بەجێ دەهێڵن. هەروەها لە ئەگەری ئامادەنەبوونی یاریزانی بەرانبەر، یاریزانی ئامادەبوو کاتی یارییەکە دەست پێ دەکا و دوای چەند خولەکێک لە ڕۆیشتنی کاتەکە، یاریزانەکە بە براوە هەژمار دەکرێت.
دوای ئەنجامدانی سەرجەم یارییەکان و کۆکردنەوەی خاڵ لەلایەن یاریزانەکانەوە، لەسەر شاشەیەک کە بە دیواری هۆڵەکەدا هەڵواسراوە، ڕیزبەندی ناوەکان نیشان درا و سێ براوەی ڕیزبەندی پاڵەوانێتیی دامە لە ساڵی ٢٠٢٥ دیاری کران.
محەممەد ئیبراهیم، پلەی یەکەمی ڕیزبەندی بەدەست هێنا، ٣٠٠ هەزار دینار خەڵات کرا. محەممەد قەهار و سۆران بنەسڵاوەیی پلەی دووەم و سێیەمی پاڵەوانێتیی دامەی ئەمساڵیان بەدەست هێنا، پلەی دووەم بە ٢٠٠ هەزار و پلەی سێیەمیش بە ١٥٠ هەزار دینار خەڵات کران.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved