دیلە فەڕەنسییەكەی جان دۆست بە کوردی بڵاو دەبێتەوە
دیلە فەڕەنسییەكەی جان دۆست بە کوردی بڵاو دەبێتەوە

نووسەر و وەرگێڕ دروستکراوی خودان، بەڵام لە قوڕێکی جیاواز لەوەی ئادەمیزادەکانی پێ دروست کردوون. ئەوەتا، دوای ئەو هەموو ساڵ و سەدەیە، (جان دۆست)ی ڕۆماننووسی کورد، خۆی بۆ گێڕانەوەی بەسەرهات و گەشتی ئەو وەرگێڕە فەڕەنسییە تەرخان کرد، کە لە فەڕەنساوە بەرەو باکوری کوردستان بە ئەرک و پەیامێکی گرینگ ملی ڕێی گرتە بەر.
(پیێر ئامێدی ژۆبێر) ئەو وەرگێڕەی (ناپلیۆن) کە لە گۆڕانکارییەکان و شۆڕشی (باستیل)دا بەزیندوویی دەرچوو، بەڵام لە زیندانی تەسک و تاریکی کورداندا هەرچی ئازار بوون، چەشتی.
لە هەمووی ناخۆشتر و دڵتەزێنتر ئەوە بوو، دەبوو لە چاوەڕوانیی گەیشتنی هەواڵێکی دڵخۆشکەر لەلایەن دارودەستەی (مەحموود پاشا)ی دڵڕەقدا، کات بەدەم ئازار و مەراق و خۆخواردنەوەوە بەسەر بەرێت.
خوێنەر کە دەست بەخوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەکات، لە سەرەتادا تەنها چیڕۆکی گەشتێکی نامە گەیاندن دەخوێنێتەوە، وەلێ لە ناکاو دەکەوێتە بۆسەی کۆمەڵێک چەتە و نەناس و بێ ویستی خۆی، لەگەڵ دیلێکدا کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نییە ئازاد ببێت، دەبێتە دیل و وەک ئەو تاڵاوەکانی زیندانی نووتەک و بۆگەن، دەچێژێت.
کە لە خوێندنەوەی بوومەوە، لە سەرچاوە مێژوویییەکاندا و لەناو دنیای دیجیتاڵیشدا سۆراخ و گەڕانێکی وردم بەدوای چیڕۆکەکەدا کرد، بۆم دەرکەوت کە جگە لە خەیاڵی ڕەنگاڵەیی، هونەری چنینی ڕووداوەکان، تەکنیکی گێڕانەوە و زمانە باڵا ئەدەبییەکەی، نووسەر کارێکی بەڵگەنامەییشی کردووە.
ڕێکەوت وا هات، گەشتێکی پاریسم کرد، ئیتر لە شارێکی وەک پاریس (کە ناخۆشترین ڕۆژی لە خۆشترین ڕۆژی هەر شارێکی دنیا بەچێژترە)، سەخت بوو بەرنامەی ئەوە دابنێم بچم سڵاوێک لە وەرگێڕێک بکەم کە چەند سەدەیەکە جێی هێشتووین!
بەهەرحاڵ، کە گەیشتمە پاریس، یەکەم وێستگەی سەردانم، گۆڕستانی (پیر لاشێز) بوو. ئەو ڕۆژە سەرمایەک بوو، دە هێندەی زستانی ڕۆژهەڵات و شارەکەی من سارد و سەختتر، بەڵام کاتێک بیرم لەو گەرمایەی ناو زیندانەکە دەکردەوە کە پاڵەوانی چیڕۆکەکە چەشتوویەتی، بە خۆمم دەگوت ئەوە بۆ من هەر بەهارە.
لە گۆڕستانەکەدا چوومە سەر گۆڕی (ژۆبێر)، گۆڕێک کە ڕەونەقی ئاورینگ و باران، سپیی کردبووەوە. سڵاوێکم لێی کرد و پەڕتووکەکەی (جان دۆست)م ڕووبەڕوو کردەوە و بە چرپەوە بەگوێچکەیمدا چرپاند: مسیۆ، کورد لە یادی نەکردوویت! ئەوەتا سەیرکە، چەند بە جوانی و ڕەنگێکی دڵنشین، بەرگی کتێبەکەشتی لە ڕەنگی کلاسیکی سەردەمی خۆت، نەخشاندووە.
قەیرێک مانەوە و چەند وێنەیەکی گۆڕەکە و کتێبەکەم بۆ یادگاری چرکاندن و ماڵئاواییم لە وەرگێڕە فەڕەنسییەکەی دیلی دەستی کوردان کرد (ئۆڤواغ مسیو ژوپێغ) و بەرەو ژوور، ملی ڕێی (باستیل)م گرتە بەر.
دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە عەرەبی و سەردانکردنی گۆڕەکەی (ژۆبێر)، ئێستە بە تاسە و تامەزرۆیییەوە چاوەڕێم دووبارە ڕۆمانەکە بە زمانی شیرینی کوردی بخوێنمەوە، کە وەرگێڕ و نووسەری بە توانا (نووری بێخاڵی) لە عەرەبییەوە کورداندوویەتی و بڕیارە ئەم مانگە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بکەوێتە بەردەستی خوێنەران.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved