كورد پێویستی بەسیستەمی بانکە نەك سەڵاحەدینی ئەیوبی
كورد پێویستی بەسیستەمی بانکە نەك سەڵاحەدینی ئەیوبی

هەتا کورد خەریکی سەمای بەپاڵەوانکردن بی و وەکی قڕنەی بەمێژوو وەنووسێت نابینە هیچ، لۆیێ ئەو بەزمەی کوردبوونی سەڵاحەدین نابڕێتەوە.
بەخۆی کوردبوونەكەی لەمێژە یەکلا کرایتەوە، نازانم بۆ کوردەبۆر حەز دەکات لەسەر شک یاری بکات؟ واز لە ڕەشوڕووت بێنە، ئەمن عەنتیکەم بەڕۆشنبیر دێ کە زۆری دەڕێسن و هیچیش ناڵێن لەسەر بابەتەکە. هەرچیش بڵێن هیچ لە دۆخی کورد ناگۆڕێت، سەڵاحەدین کورد بێت یان نەبێت، چیت بۆ دەکات؟
بەس بزانم کورد چ سوودێکی لە مێژووی خۆی وەرگرتووە، تا ئێستە لە مێژووی سەڵاحەدینی وەرگرێت؟ کە دەڵێم ڕۆشنبیرانی مە هیچیان لەباردا نییە، بە فشە و بەلاش وا ناڵێم. دیتتان لە میدیا ئاست نزمەکان و سۆشیەل میدیای فەعۆیان چییان کرد؟
دەمی هەر تاکێکی کورد بکەیەوە، دنیات بۆ خرا دەکات لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین. باشە مادام هێندە مکوڕی لەسەر ئەو ئازادییە، بۆ ڕایەکت قبووڵ نییە دژت بێت؟
یوسف زێدان یان هەر بابایەکی دی، هەرچی بڵێت لەسەر کورد، ڕای خۆیەتی، دەبا بهاتبا و لە پێشانگە دوو قسەی کردبا و دوو کوردەبۆریش دوو بۆچوونی جیاوازی خستبا ڕوو، یان ڕاستەوخۆ گلەیی و ڕەخنەکانیان ئاراستە کردبا و بیانخستبا ناو مەوقیف، نەک بەو شێوازە نامەدەنییە ڕێگریی لێ کرابا.
کورد هەموو شتێک بێت، مەدەنی نییە. هەتا تاکی کورد مەدەنی نەبێت، نابینە دەوڵەت. پێویستە ببینە دەوڵەتێک كە تاکەكانی بزانن گفتوگۆ بکەن، نەک جنێوفرۆش و ئاست نزم و بێ سەواد بن.
کوڕە کورد هەتا ئێستە نازانن ترومبێلی باژۆن، چ جای گفتوگۆیەکی مەدەنی. ئێ مادام نازانی مەدەنیانە باژۆی، ناشزانی ڕەخنە و ڕای جیاواز چییە. لە ڕووی ڕەخنە و مەدەنییەتەوە، ڕۆشنبیرانمان خراترن لە عەوام.
کورد بەوە نابێتە شت، ڕۆشنبیرێکی عەرەب دان بە کوردبوونی سەڵاحەدیندا بنێت. کورد پێویستی بەوشیارییە، بەبنیاتنانە، بەژێرخانە، بەڕێگەوبانە، بەکارەبا و ئاو و غاز و بەنزینی بەردەوامە. پێویستی بەسیستەمێکی پڕۆفێشناڵی بانکییە، نەک بەسەڵاحەدینی ئەیوبی. هەموو جارێ لە دۆخێکی وادا، پێکەنین و گریانم دێ بۆ کورد، بەزەییم بەئەقڵی ئەو ڕۆشنبیرە نەدیوبدییانە دێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved