ساڵی ١٩٩٦ کوردستان خۆش نەبوو، باس هەر باسی شەڕی ناوەخۆ، گەمارۆی ئابووری، هەڕەشەکانی شەڕ بوو.
بابەتی ناخۆش، تراژیدیا، خوێناویی زۆرم لەناو دەفتەرە بەرگ ڕەشە گەورەکەم نووسیبوونەوە، لەو ساڵانە ڕۆژانە ئەوانەم دەنووسی، نووسینەکان ماون؛ زۆریان تاڵ، تفت، ناشیرین، ناڕەوا، شیاوی گێڕانەوە نین! چ بکەین ئەوانە هەبوون، هەر لە دەفتەرەکەی زۆریان بڵاوکردنەوەیان خۆش، باش، گونجاویش نییە.
بۆ نموونە لاپەڕەیەکی دوورودرێژم بەحوبری ڕەش، لەسەر زنجیرە تەلەڤزیۆنییە مەکسیکییە فەنزویلییە ئەمریکییەکەی بەزمانی ئیسپانی، بەناوی گوادالوپێ ‹›Gauadalupe››، لە ڕۆژی ١\٤\١٩٩٦ نووسیوە.
دراماکە شەوانە لە کەناڵی ‹‹mbc››ی عەرەبی بەناوی ”رهینة الماضی“ نمایش دەکرا، لە هەموو کەناڵە لۆکاڵییەکانی یەکێتی، پارتی، پارێزگاران بۆ ماوەی چل دەقە بڵاو دەکرایەوە، چەند جاریش دووبارە دەکرایەوە.
دراماکە دیمەنی ورووژێنەری زۆری تێدا بوو؛ سینگی ڕووت، سمتی خڕ، چاوی کەژاڵ، برۆی جوان، ماچی زۆر سینەمایی، دەستبازی تا دەستشکانیش.
هەموو جۆرە ڕەنگێکی وەنەوشەییی سیحراویی جلوبەرگ، پۆشاک، دیکۆری ناو کۆشک، کافتریا، ژوورەکانی نووستن، نیشانی خەڵکە داماوەکەیان دەدا.
هەموو ماڵێک پێکەوە؛ گەورە، گچکە سەیریان دەکرد، یەک بەشیان لە بیر نەدەکرد.
ئەگەرچی ڕێگەوبانەکانیش جەنجاڵ نەبوون، بەڵام لەبەر نمایشەکانی دراماکە ئێواران شەقامەکان چۆڵ دەبوون.
خەمی گەورەش ئەوە بوو، زۆر کارەبا دەبڕا، هەناسە، ڕووناکی، هیوای گەڕانەوەی نەدەما.
بەر لەوەی چاوەڕوانی دووبارەکردنەوەی بکەن، لە ڕادیۆ گوێیان لە دەنگە ناسکەکان دەگرت.
بەردەوام، بەتاسەوە، یەک بەشیان فەرامۆش نەدەکرد.
بینەران بەقسەکان، دیمەنەکان، هەڵوێستەکانی؛ هەڵدەچوون، گەرم، تووڕەش دەبوون، بەڵام هەر سەیریان دەکرد.
شەوانە دانیشتن بەدیار دراماکە، شەوچەرەیەکی شیرین بوو، کەس دەنگی نەدەما، منداڵ نەدەگریا، چێشت دەسووتا، ئاگایان لە تەقەی شەڕەکان، گرانی، بێکارەبایی، دزییش نەدەما، ئەو دەمانە دزییش هەبوو.
مەلای مزگەوتەکان، پیرەکان، هەندێ لە ژنەکان دژی بوون، قسەیان لەسەری دەکرد، نوکتەیان بۆی هەڵدەبەستا، بەڵام زنجیرەکە نەدەپچڕا، ون نەدەبوو، لە بیر نەدەکرا، لەو ڕۆژگارە چ هەبوو خەڵک بخافڵێنێت، بورووژێنێت، هانی بدات، گەرم و ساردەش بکاتەوە.
دیالۆگی زنجیرەکە دۆبلاژی عەرەبی بوو، ئەوەی لە زمانەکەش تێ نەگەیشتبوایە، بە چاو، جووڵە، ناز، موزیکەکە تێ دەگەیشت، دەیزانی ئەکتەرەکان، بەتایبەتی ژنەکان چی دەڵێن، مەبەستیان چییە! دۆبلاژەکە، لەو دەمانە زۆر مایەی ئافەرین بوو، جوان کاریان بۆی کردبوو، تروسکاییی جوانی، ئەڤینی ناسک بوو، ‹‹گوادالوپێ››.