توركمانەكان پێكهاتەكی ڕەسەنی شاری هەولێرێنە و سەتان سارە لەگەر كوردی لەو شارەی دەژین، ئەوان هەر لە كۆنەوە بەوەی ناسراینە دەستەكی بارایان لە گۆرانی و مەقاماتی هەیە، بە هەردوو شێوەی مەقام و قۆریات گۆرانییان گۆتییە، مەقامی توركمانی لە هەولێرێ سەری هەردایە، بەران قۆریات لە كەركووكێوە هاتتە هەولێرێ، مەقامیش دەبیتە دوو جۆر : ئاسلی و چەرەم و دیوان یان ئۆرفە، گۆرانیبێژەكانی هەولێرێ بە هەردوو جۆریان گۆتییە، ئاسلی و چەرەم داستانە و دەیگێڕنەوە، وەكی شیرن و فەرهاد و لەیلا و مەجنونی، چەرەم ناوی كوڕەكی عاشق بووە و كیژەكەش ناوی ئاسلی بووە، ئەو داستانەیان وەكی هەقایەتی بە دەنگەكی خۆش لەسەر قەراتێ گۆتیتەوە، لە دیوەخانی پیاوماقووڵانی وەكی مەلا فەندی، مەلا محەمەدی موفتی (باوكی قازی ڕەشادە فەندی)، ئەحمەدە فەندی یێكەم موتەسەڕیفی هەولێرێ، ئەدیب ئاغای ئەسعەدی و عەلی ئاغای عوزێری، هەروەها لە چایخانەكانیش گۆتیتیانەوە، وەكی چایخانەكانی حاجی وەلی چایەچی، سەید جەمیل چایەچی، چایخانەی وەستا ڕەزا، عەلی فلەیح چایەچی، قاوەخانەی عەبۆ، چایخانەی مەجید (مەچكۆ)، چایخانەی حاجی شوكر و حاجی عەبدوڵڵای خەیاڵ، ئەوانەی چەرەمیان دەگۆ ئەوانە بوون: حاجی جەمیل قاپقاپچی، حاجی عەبدوڵڵای خەیاڵ، مەمۆ كارگەچی، مشكۆ، حەیدەرە كەچەڵ، مام جوبرائیل، سەید ئیسماعیل مەولوود خین، مام حەمید كورەچی و شاكر حەمە فارس، چەرەم لە ئاهەنگی مەولوودەكان لە وەختی ئیسراحەتی دوو كەس یان سێ كەس بەرامبەر یێكدی دەیانگۆ، كە قەوان پەیدا بوو، یەكەم كەس كە بەرهەمی بە زمانی توركمانی تۆمار كرد لە ساری 1959 حاجی فائیق محەمەد سوڵتانی بازرگان بوو، لە ساری 1961یش محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و یونس خەتات و محەمەد عاشق چوونە ئێسگەی بەغداد و چەند گۆرانی و مەقاماتەكیان تۆمار كرد.
جۆرەكی دی لە گۆرانی گوتن لە ناو توركمانەكان هەیە، پێی دەرێن (ئەكلەنجە)، ئەوە لەناو ماران بوو، وەكی گەعدەی كوردییە و مشكۆ و محەمەد ئەحمەد و جەلال حەردان و حەیدەرە كەچەر و جەبار ئەحمەد و یونس خەتات و محەمەد عاشق بەشداریی ئەكلەنجەیان دەكرد و لەتیف چەقماقچی تۆماری دەكرد، لە بووك گواستنەوەی خەركەكە دەبوونە دوو بەش: پیرەكان حەزیان لە مەولوود خیندنەوەی بوو، جاحێرەكانیش ئەكلەنجە، لۆ ئەوەی دری هەردوولای ڕازی بكەن، سەرەتا بە مەولوود خیندنەوەی دەستیان پێ دەكرد و دوایێش ئەكلەنجە.
زۆربەی گۆرانیبێژە توركمانەكان لە ئەكلەنجە و ئاهەنگی بووك گواستنەوە و مەولووددا بەشدارییان كردییە، بەران كەمتر چووینە ئێسگەی لۆ تۆماركردنی گۆرانی و مەقامات، لە ساری 1970 لە ئاهەنگی یازدەی ئازار بەشدارییان كردییە و گۆرانییان گۆتییە، لە دارەتووی ئاهەنگەك ساز دەكرێ و جامیلە (1929-1996) بەحەیرانەك و مەقامەكی توركمانی بەشداری دەكات، لە ساری 1970 بە دواوە ئەو گۆرانیبێژە توركمانانە سەریان هەردا: یەشار مشكۆ، سالم فەتاح، نەجات ئاڵتوونچی، ئیبۆ خەیات، جەمال جەمباز، ئەوانە زیاتر بەشداریی ئەكلەنجەیان دەكرد.