ملیۆنێک کەس لێی سوودمەند دەبن
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکات، بەپێی ڕووپێوییەک کە ساڵانی پێشوو ئەنجام دراوە، لە كوردستان نزیكەی ٤٢٪ی ئاوی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدرێت، بڕیاریشە بۆ نەهێشتنی کێشەی کەمئاوی، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە بەشی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا لە هەولێر بکەوێتە کار.
ساڵانە 500 ملیار لە ئاو خەرج دەکرێت و
%40ی بەفیڕۆ دەدرێت
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە نێوان ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیار دینار خەرجیی لێ دەکات وەکو ئاماژەی بۆ دەکات، بە(گڵکەند)ی ڕاگەیاند «هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوان هەیە، ئاوی ژێرزەوی کە لە ڕێگەی ٥٤٠٠ بیرەوە دابین دەکرێ و ٥٠٪ی ئاو دابین دەکات، لەگەڵ ئاوی سەرزەوی لە ڕێگەی زیاتر لە ٩٠ پڕۆژە و سەدان کانییەوەیە ڕێژەی ٥٠٪ی دابین دەکات.» هەروەها ڕۆژانە لە نێوان دوو ملیۆن و ٤٠٠ تاوەکو سێ ملیۆن و ١٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەم دەهێنن بەگوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت، واتە بەتێکڕا هەر تاکە کەسێک ڕۆژانە ٤٥٠ تاوەکو ٥٠٠ لیتر ئاوی بەردەکەوێت، بەڵام پێویستیی ڕۆژانەی هەر تاکە کەسێک ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ لیترە، کەواتە هەر تاکێک نزیک دوو هێندە ئاو لە پێویستیی خۆی زیاتر بەکار دەهێنێت، لە کۆی گشتیدا ٣٠ تا ٤٢٪ی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ دەدرێت.
ئەو بەرپرسە بە نیگەرانییەوە دەڵێت ئاو ماف و سامانی نەوەکانی داهاتووشمانە، بۆیە (ڕێکخستنەوە، هۆشیارکردنەوە، هاوئاهەنگی لە نێوان حکوومەت و هاووڵاتیان) بەپێویست دەزانێت بۆ ڕاگرتنی ئەو (خوێنبەربوونە)ی ئاو. هەروەها شووشتنی بەردەرگا، ئۆتۆمۆبێل، ئاودانی هەڕەمەکیی باخچەکان، لیک و شکان و لێچوون لە شێرە و بۆڕییەکانی ئاوی ماڵان، نەبەستنی پێوەر و تەوافەی ئاو لە دیارترین هۆکارەکانی بەفیڕۆدانی ئاو ناودەبات و دەڵێ ”ئامێرەکانیش هۆکارن و دەکرێت ئامێری ئەوتۆ بکڕدرێت کە ئاوی کەمتر خەرج بکات، بۆ نموونە جلشۆرەکان.“
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئاو و ئاوەڕۆی کوردستان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە ساڵانە ٤٥٠ تا ٥٠٠ ملیار خەرج دەکات و پشتیوانیی نرخی ئاویش دەکات، لە چوار ساڵی ڕابردووشدا ساڵانە تەنیا ٤٢ تاوەکو ٦٣ ملیار دینار کرێی ئاو لەلایەن هاوبەشانەوە دراوە.
مانگی تەمووز یەکەم قۆناخی چارەسەریی
کەمئاویی هەولێر دەست پێ دەکات
ساڵانە لەگەڵ وەرزی هاوین و گەرما کێشەی کەمئاوی لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان سەرهەڵدەدات، شاری هەولێر دیارترینە، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە ڕۆژی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی بەناوی «پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر»ی دانا کە وا دەکات هەولێر بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوو (تا ساڵی ٢٠٥٥) کێشەی ئاوی خواردنەوەی نەبێت.
پڕۆژەکە بە گوژمەی ٤٧٩ ملیۆن دۆلار لەلایەن گرووپی (کۆمپانیاکانی هێمن)ەوە جێبەجێ دەکرێت، زیاتر لە ٨٠ گەڕەک کە کۆی دانیشتوانیان نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێت لێی سوودمەند دەبن.
بڕیارە لە کەمتر لە ٥٥٠ ڕۆژ تەواو بکرێت، لە ڕێگەیەوە ڕۆژانە ٤٨٠ ههزار مهتر سێجا ئاو دەپاڵێورێت، هەر کاتژمێرێک ٢٠ ههزار مهتر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گهڕهكهكانى شارى ههولێر دابین دەکرێت.
پڕۆژەکە ئاو لە زێی گەورەوە بۆ ناو شاری هەولێر دەگوازێتەوە، بە چوار هێڵی سەرەکی بۆ گەڕەکەکانی کەوتوونەتە نێوان هەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری، درێژیی بۆڕییەکانی پڕۆژەکە زیاتر لە ٢١٠ کیلۆمەتر دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە کە پێشبینی دەکات بەشی یەکەمی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بکەوێتە کار، ڕوونی دەکاتەوە: پڕۆژەکە وێستگەیەکی سەرەکیی وەرگری ئاو (Intake)ی لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک دەبێت و لە ڕێگەی دوو هێڵی ١٦٠٠ ملیمی ئاو دەگەیێندرێتە وێستگەی پاڵاوتن لە نزیک گوندی گاینج و پاشان بە دوو هێڵی دیکەی ١٥٠٠ ملیمی ئاوەکە ڕادەکێشرێت تاوەکو کۆمەڵگەی سێبیران کە هێڵی دابەشکردنی سەرەکیی لێ دەبێت، لەو وێستگەیەوە لە ڕێگەی چوار هێڵەوە ئاو دەگەیێندرێتە ناو شاری هەولێر کە بەم شێوەیەن:
هێڵی شەقامی ١٥٠ مەتری: لە گوندی ڕەشکین تاوەکو گەزنە و بەحرکە و شەقامی پیرمام و شەقامی کۆیە دەبێت.
هێڵی پێش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: تیرەی ٨٠٠ ملیمییە لە شەقامی ڕەشکینەوە تاوەکو عەنکاوە و شەقامی پیرمام دەگرێتەوە.
هێڵی دیوی ناوەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری: بۆڕییەکە ٨٠٠ ملیمە لە ڕەشکینەوە تا شەقامی مووسڵ و مەخموور و کەرکووک دەبێت.
هێڵی دیوی دەرەوەی شەقامی ١٢٠ی: تیرەی بۆڕییەکەی ١٢٠٠ ملیمە لە شەقامی ڕەشکین تاوەکو شەقامی مووسڵ و شەقامی مەخموور تاوەکو دەگاتە شەقامی کەرکووک و شەقامی کۆیە.
لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەدا هێڵە سەرەکییەکانی نێو شاریش پێکەوە دەبەسترێنەوە كە ئەویش پڕۆژەیەكی گەورەیە و بەدرێژیی ٤١١ کیلۆمەتر لەلایەن کۆمپانیای کەیوانەوە جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا، ئێستە ٧٠٪ی کارەکانی تەواو بووە، بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەشی یەکەمی بکەوێتە کار و ئاو بگەیێندرێتە ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج، شەشی هەولێر.
هەروەها بڕیارە لە کۆتاییی مانگی ١٠ تاوەکو ناوەندی مانگی ١٢ی ئەمساڵیش هێڵەکەی دیکە بکەوێتە کار و ١٠٠٪ی پڕۆژەکە تەواو ببێت.
٩٠٪ی کارە شارستانییەکان و ٥٠٪ی کارە میکانیکییەکان و ٦٥٪ی کارە کارەبایییەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون، وەکو ئاری ئەحمەد ئاشکرای دەکات.
لە هەولێر بیرەکان یەکێکن لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە کە ژمارەیان ١٣٧٠ بیر دەبێت، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە ئەو بیرانە دادەخرێن و ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیاد دەکات و پارێزگاریی لێ دەکرێت.