تەڵعەت سامان هونەرمەند و نووسەری شانۆیی، ناوێکی دیار و گەشی دونیای نووسینی دراما و هونەری شانۆی کوردی، پێشەنگی قوتابخانەی پێگەیاندن و دروستکردنی دەیان ئەکتەری دراما و شانۆیی بوو لە شاری هەولێر و کوردستان بەگشتی.
بەر لە کارە هونەريیەکانی تەڵعەت سامان، لە هەولێر بزاڤی شانۆیی لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بوو. لێرە و لەوێ لە چاڵاکیی قوتابخانەکان، یان لە بۆنە فەرمییەکان ساڵێ جارێک یان دووان کارێکی هونەریی سادە لەسەر ئاستی ئۆپەرێتی منداڵان، پێشکێش دەکرا.
ئەو دوای دەرچوونی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا، وەرچەرخانێکی گەورەی لە هونەری شانۆ لە هەولێر کرد. لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە، پتر لە نیو سەدە لەو بوارەدا بێ وچان لە کوردستان و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر، خزمەتی بزاڤی شانۆ و درامای کوردی کرد.
لە تافی لاوێتییەوە لە تەمەنی ١٦ ساڵی بۆ یەکەم جار بەچەند دەقێکی درامیی ئێزگەیی بەشداریی چاڵاکيیەکانی ڕادیۆی کوردیی بەغدای کرد. تەڵعەت سامان ساڵی ١٩٦٧ وەک خولیا و عیشقێکی سەرمەدی بۆ هونەری دراما و شانۆ، ڕووی کردە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا، لە ساڵی ١٩٦٩- ١٩٧٠ ئەو بەشەی بە پلەی زۆر باشە تەواو کرد.
بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و حوکمی زاتی بۆ کوردستان، هەلێکی زێڕین بوو بۆ تەڵعەت سامان و سوودی لەو ئازادییە وەرگرت بۆ کارە هونەرییەکانی و پەرەی پێ دا، لەو ماوەیەدا نزیکەی پەنجا دەقی درامی و شانۆیی نووسی.
هەر لەو ساڵانەی ڕێککەوتنی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی عێراق، تیپی هونەرییە شانۆیییەکانی تیپی شانۆی لاوانی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی - لقی هەولێر و تیپی هونەریی نوێی کوردی و دوای ڕاپەڕینیش تیپی شانۆی سامانی دامەزراند.
زۆرینەی دەقی شانۆ و کارە هونەرییەکانی تەڵعەت سامان گوزارشت بوون لە پرسە نەتەوەیییەکان و کێشە مێژوویییەکان و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان و کۆنەپەرستانی ناوەخۆ لە دەرەبەگ و ستەمکارانی کۆمەڵگەی کوردی.
ئەو بەپشتبەستن بە کەلەپوور و ئەفسانە و چیڕۆکە میللییەکان و داستانە نەتەوەیییەکان، زۆرترین شاکاری هونەریی شانۆییی بەرهەم هێنا، لەوانە شانۆی نەفرەتلێکراو، مەم و زین، فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، قەڵای دمدم، پیلان، شاری ئەوین. قەل و ڕووتە، کەوەکانی قەرەچووخ و خانزادێکی تر... هتد.
کارە هونەرییەکانی تەڵعەت سامان لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس بەسەر کوردستان و عێراق، بۆ دژایەتیی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرە تەرخان کرابوون و ڕێگەیەکی بەرخودانی گەلەکەمان بوو دژی حزبی بەعس و داگیرکەری عێراقی.
دوای کۆچی دواییی تەڵعەت سامان لە ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، خۆم وەک برا بچووکی ئەو هونەرمەندە، کۆکردنەوە و پوختەکردنەوەی زمانەوانی و بەچاپگەیاندنی کارە هونەری و تێکستە شانۆیییەکانیم لە ئەستۆ گرت و بە هاوکاریی کاک کاروان عەبدوڵڵای بەڕێوبەری خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریان لە هەولێر، هەر پێنج کتێبی چاپکراوی، لە دوو توێی (کۆبەرهەمی شانۆیی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان)مان چاپ کرد.