مانگی ڕابردوو (ئادار) گرووپێكی گەشتیاریی ئەوروپی لە چەند وڵاتێکی جیاوازه‌وه و به‌ئۆتۆمۆبێلی خۆیان؛ سه‌ردانی شاری هه‌ولێریان كرد، شەوانە لە پاركی شانەدەر دەمانەوە و چێژیان له ئارامی و جوانییەكانی هه‌ولێر بینی، دەڵێن كە گەڕانەوە هانی گه‌شتیارانی دیكەش ده‌ده‌ن بێنە ئێرە.
ئه‌و گه‌شتیاره بیانییانه له چوارچێوه‌ی گه‌شتێكی دوورودرێژیاندا بۆ چه‌ند وڵاتێك، شاری هەولێریشیان کرد بە بەشێکی سەرەکیی گەشتەکەیان، کە دوو ڕۆژی خایاند، جیاوازیی هاتنی ئەم گەشتیارانە لەوەدا بوو کە بە ئۆتۆمۆبێل و کەرەڤانە هاتبوون و بۆ پشوو شەوانە لە گەراجی پارکی شانەدەر دەمانەوە.
ڕێبەری گەشتەکەیان له لێدوانێكیدا بۆ (گڵكه‌ند) باسی لەوە کرد؛ ئامانجیان له‌و گه‌شته گۆڕینی تێڕوانینی وڵاتانی ده‌ره‌وه بوو بۆ كوردستان، کە به‌هۆی ئه‌و توندوتیژیانه‌ی ساڵانی ڕابردووه‌وه هەمیشە كه ناوی عێراق و ناوچەكە ده‌بیسترێ ترسێکیان هەیە.
گوتیشی "ئامانجمان ئه‌وه‌یه تێڕوانینی گەشتیارانی بیانی له‌و باره‌وه بگۆڕین و دڵنیایان بكه‌ینه‌وه کە ئێرە پڕە لە ئارامی و پێکەوەژیانی نێوان سه‌رجه‌م ئاین و نه‌ته‌وه و كولتووره جیاوازه‌كان".
گابریێلا ژنە گەشتیارێكی سویسریە و بۆ (گڵكەند) گوتی ساڵانێکە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەردەوام بەگرووپ گەشت بۆ وڵاتان دەکەن، له‌م گەشته‌یاندا ١٥ كەسن، لە سویسرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئوسترالیاوە هاتوون، په‌رۆشی ئه‌وه‌ن وڵات و كولتوورە جیاوازەکان ببینن.
گابریێلا هه‌ستی خۆی پاش گه‌شته‌كه‌یان بۆ هه‌ولێر دەردەبڕێ كە شارێکی پێشکەوتوو و سەردەمییانەیە، لەگەڵ ئەوەدا پارێزگاریی له كولتووری خۆیشی كردووه، دەشڵێ "تەنها دوو ڕۆژ كاتمان هەیە لێرە، بەڵام جوانیی ئەم شارە وای کرد کاته‌كانی پشوومان کەم بکەینەوە، تا بتوانین تەواوی شارەکە ببینین".
هەروەها قەڵای هه‌ولێر زۆر سەرنجی ڕاکێشاوه و وای لێ كردووه بەپەرۆشەوە مێژووی شارەكه بخوێنێتەوە. ستایشی خەڵکی هه‌ولێریشی كرد كه" زۆر میواندۆستن، وا هەستم دەکرد لەمێژە لێرە بم؛ ئه‌وان هاوڕێیانە مامەڵە دەکەن، لێره خواردنی نوێ و بەتاممان تاقی کردەوە".
ئه‌و ژنە گه‌شتیاره سه‌رسامیش بوو به‌وه‌ی لێره هەست بە پارێزراوی و ئارامی ده‌كات، جیاواز له‌و ترسه‌ی پێشتر هه‌یانبووه له عێراق به‌گشتی و به‌شوێنێكی مه‌ترسیداریان زانیوه، بەڵام پاش ئه‌و سه‌ردانه بۆچوونیان گۆڕاوه چونكه وەك خۆی دەڵێ "ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان"یان بینیوه، به‌تایبه‌ت پێی وایە له هه‌ولێر ئافره‌ت ئازادە و، وه‌ك ئێران باڵاپۆشیان به‌زۆر به‌سه‌ردا ناسه‌پێنرێت.
له كۆتاییدا جه‌ختی له‌وه كردەوە كه له گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ وڵاته‌كه‌ی هانی خه‌ڵك ده‌دات سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن و چێژ له جوانییه‌كانی ببینن.