بیست بەهارە کۆمەڵێک گوندنشینی جاران بە پێیان ٣٥ كیلۆمەتری ڕێی گرد و دۆڵی بەپیتی كۆیێ دەگرنە بەر، بەرەو ئەو گوندەی باوباپیرانیان ڕۆژێک پێیان دەگوت ماڵ. تا نەریتی بازرگانیی ئەوان و پەیوەندیی نەشکاویان بە زێدەوە بەرز ڕابگرن.
خەڵكی گوندی بۆگد وەك نەریتێكی ساڵانە، هەموو بەهارێك شوێنپێی باوباپیرانیان دەگرنەوە بەر، كە جاران بۆ پەیداكردنی بژێوی و بازرگانیی بە پێیان و بەسواری بەرەو شاری كۆیێ ڕۆژانە هاتوچۆیان پێدا كردووە.
لەو ڕێوڕەسمەدا ژن و پیاو، گەورە و بچووك بەشداری دەكەن، پێیان وایە بەو نەریتە كولتووری باوباپیرانیان دەپارێزن و یادیان بەرز ڕادەگرن.
بۆ ئەمساڵ، ڕۆژی (٢٠٢٥/٤/٣) هاووڵاتیانی گوندی بۆگد، كه زیاتر لە ١٥٠ كهس دهبوون بەدروشمی) ڕوو لە ئاسۆی ڕوون بۆ تیشکی ھەتاو، بەرەو بۆگدمان ھەنگاو بەھەنگاو) گهڕانهوه گوندهكهیان.
جاران خەڵكی گوندەكە بەکۆڵەپشتەکانیان پێداویستی و خواردنیان لە کۆیەوە دەگواستەوە بۆ گوند و ئهوانیش ئهو نهریتهیان بهزیندوویی هێشتووهتهوه، هەركەس كۆڵەپشتێكی پێیە كە خواردن و ئاوی یەك ڕۆژی تێدایە.
ئاراس خالید، یەكێ لە سەرپەرشتیارانی گەشتی گەڕانەوە بۆ (گوندی بۆگد) لەبارەی ڕێڕۆیشتنهكەیان بۆ (گڵكەند) دوا "ئێمهى بۆگدی ئەمساڵ بیستەمین گهشتى به پێ گهڕانهوەمان له شارى كۆیهوه بۆ گوندى بۆگد، بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ كهس ئەنجام دا، كە ٥٠یان ژن بوون، بچووكترین ڕێبواریشمان منداڵێكی ٨ ساڵان بوو، گەورەترینیشمان پیاوێكی تەمەن ٧٥ ساڵ بوو".
گهشتهكه بەسەرپەرشتیی گرووپی شاخەوانیی بۆگد و چاڵاکوانانی بۆگد، له بهیانییهكى زووهوه لە شاری كۆیەوە دەستی پێ كرد. ئاراس خالید دەڵێ ئامانجیان ڕۆیشتنەوە بوو بەسەر جێپێی باب و باپیرانیان كە ساڵانێكى زۆر بهپیاده و سواریى بهم ڕێگهیهدا هاتوچۆیان كردووه بۆ شارى كۆیه و لە شاریشەوە هەر بەو ڕێگەیەدا گەڕاونەتەوە و شتیان بردووە بۆ گوند.
بەلای بۆگدییەكانەوە، زیندووكردنەوەی ئەو یادەوەرییانە و ناساندنەوەیان بەنەوەی نوێ وەفایەكە بۆ باوباپیرانیان، هەروەها پێزانینی نەوەی دوای خۆیانە بەو دابونەریتانە و تێگەیشتن لەوەی كە ژیانی جاران چەند زەحمەت بووە بە بەراورد بە ئێستە، هەر لەم گەشتەدا چەند جارێك شانۆ پیشكێش دەكەن كە ژینگە و ئەو سروشتە جوانەی هەیانە بیپارێزن.
كوێستان جەلال مامۆستای وەرزشە و بەشداریی لەو ڕێڕۆیشتنهدا كردووە، دەڵێ ئەو وەك بۆگدییەك كە ئێستە لە كۆیە نیشتەجێیە، ئەمساڵ بۆ سێیەم جار بەشداریی گەڕانەوەی بۆ گوندەكەیان كرد، ئامانجی سەرەكیی پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵاتییەكان و زیندی هێشتنەوەی دابونەریتێكی جوانی باوباپیرانی بوو. هەروەها بۆ ئاشناكردنی نەوەی داهاتووە بە ژیانی جاران، دەشڵێ باوباپیرانیان بەم ڕێگەیەدا هاتوچۆیان كردووە، بۆیە ئەو گەشتەیان كەمترین وەفایە بۆ یادكردنەوەی ئەوان.
عەباس محەمەد یەكێكە لە بۆگدییەكان بەشداریی لەو ڕێپێیوانی گەڕانەوەیەدا كردووە و تهمهنى ٧٠ ساڵه، ڕادیۆیەكی كۆنی بەدەستەوەیە و بێ ئەوەی هەست بەماندووبوون بكات، پێشڕەوی ڕێبواران دەكا و دەڵێ ئەوە ١٢ ساڵە بەشداری لەو ڕێڕۆیشتنەدا دەكات. ئەوەش دەگێڕێتەوە كە "لە زەمانی گەنجیدا لە بۆگدەوە بە چوار سەعاتان گەیشتیمە كۆیێ، لە كۆیێشهوه چەند جێ گەڕایمە و ئەوجە دیسان بەپێیان گەڕایمەوە بۆگد".
گوندی بۆگد دەكەوێتە سەر زێی بچووك سەر بەناحیەی ئاشتییە و بە دووریی ٣٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قەزای کۆیە، ئێستە ٣٥ ماڵی لێیە.