لە ماوەی پشووی جەژنی ڕەمەزاندا، هەولێر ڕووگەی گەشتیارانی عێراق و ئێران بوو، تەنها لە پێنج ڕۆژدا پێشوازیی لە زیاتر لە ٧٦ هەزار گەشتیار كرد لە شارەكانی عێراقەوە، هەزاران گەشتیاریش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە ئێرانەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر بڵاوی كردەوە ژمارەی گەشتیاران لە ٢٧ی ئادارەوە تا ١ی نیسان گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٦٥٤ کەس، زۆربەی گەشتیاران لەلایەن لێژنەی تایبەتەوە لە بازگەکاندا پێشوازییان لێ كراوە.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ (گڵكەند) ڕای گەیاند ئەمساڵ پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز هاوکات بوون، ئەمەش وای کرد ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بێن، بۆیە لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ٩٠ هەزار گەشتیار گەیشتوونەتە هەولێر.
هەولێر بووەتە ناوەندێكی گرینگی گەشتیاری لە ناوچەكەدا، لەلایەكەوە بەهۆی جوانی و پێشكەوتنی خێرای شارەكە، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەو ئارامی و ئازادییەی لەسەر ئاستی ناوچەكەدا نموونەی كەمە، سەرباری سەدان هۆتێل و چێشتخانەی ناودار و شوێنی بەسەربردنی كاتی خۆش و پشوودانی وەكو پاركە گەورەكان و یاریگەكانی منداڵان. ئەبو عەلی حوسێن تەمەن ٤٩ ساڵ، باوکی سێ منداڵە، لە ناوەڕاستی پارکی هەولێر، لە بەردەم قەڵات خەریکی تۆمارکردنی ڤیدیۆ و وێنەی یادگارییە، لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە هاتوون و بۆ ماوەی هەفتەیەک دەمێننەوە، ئەمە دووەم جاریەتی لەگەڵ خێزانەکەی بێتە هەولێر و دەڵێ "یەکەم جار دوو ساڵ لەمەوبەر هاتین، ئێستە بڕیارمان دا دووبارە بگەڕێینەوە، چونکە هەولێر شارێکی ئارام و جوانە. خەڵکەکەی میواندۆستن و خزمەتگوزارییەکان باشن، لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەکەین".
ئاماژەش بەوە دەکات كە لەو گەشتەیدا هەستی كرد هەولێر لە چاو دوو ساڵی ڕابردوو زۆر گۆڕاوە و زیاتر پێشکەوتووە، دەشڵێ "زۆر سەرسامی جوانیی هەولێرم".
هەولێر ئێستە شارێکی گەشتیاریی چوار وەرزەیە، بەڵام وەرزی هاوین گرینگی و تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە، بەهۆی ئەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر ناوچەی گەشتیاریی هاوینە زۆرن.
جگە لە گەشتیارانی عێراق، لە وڵاتانی دراوسێشەوە هاتوون، موژگان ڕەزایی گەشتیارێکی ئێرانییە و خەڵکی تەورێزە، لەگەڵ هاوسەرەکەی کە خاوەنی کچ و کوڕێکن، لە هەولێر بوون، سەرسامیی خۆی بەجوانی و ڕێکوپێکیی هەولێر دەردەبڕێ. دەڵێ لە ئێرانەوە زانیارییان لەسەر کوردستان هەبوو، بەڵام کاتێک هاتن شارێكی پێشکەوتووتریان بینی لە چاو ئەوەی پێشبینییان دەكرد.
موژگان بەبزەیەکەوە سەیری هاوسەرەکەی کرد و گوتی بیر لەوە دەکەنەوە بە یەکجاری بێنە هەولێر و نەگەڕێنەوە ئێران.
بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیار بازاڕەكان دەبووژێنێتەوە، محەمەد ئیدریس دوکاندارێکی جلوبەرگی ئافرەتانە لە مۆڵێكی هەولێر و لە جەژندا فرۆشیان زیادی کردووە، دەڵێ گەشتیار پارە خەرج دەكەن، بەشێكیان دیاری لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.