مەریەمانە یان مێرەمەدیان، کە دەکەوێتە دووریی سێ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەنکاوە، مەزارگەیەکی مەسیحییە کلدانەکانی عەنکاوەیە، بۆ نزا و سرووتە ئاینییەکان رووی تێدەکەن، بەتەمەنەكان پێیان وایە زەمانی خۆی حەزرەتی مەریەم لەوێ بینراوە.
ئەو مەزارگەیە، کە لە دوو گومەزی بچووک پێک هاتووە و دوو دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە، لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد و دوو جاریش لە ساڵانی ١٩٦٥ و ١٩٧٥ نۆژەن کراوەتەوە.
هاووڵاتییە بەتەمەنەكانی عەنکاوە پێیان وایە ئەو شوێنەی مەزارگەی مەریەمانەی لەسەر بنیات نراوە، پێشتر کەنیسەیەکی کۆن بووە لە گوندێک و حەزرەتی مەریەمی دایکی پێغەمبەر عیسا، لەم شوێنە دەرکەوتووە، بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە.
تا ئێستا توێژینەوەی ئهکادیمی و زانستیی ورد لهبارهی مەریەمانەوه نەکراوە، ئهوهی ههیه ههندێ زانیاریی گشتییه لهبارهی ئەم مەزارگەیه، بەڵام مەسیحییەكان پێیان وایە ئەم مەزارگەیە کەنیسەیەکی کۆن بووە لە نزیک گوندێکی کشتوکاڵیدا، هۆکاری دروستکردنیشی بۆ دەرکەوتنی «مەریەمی پیرۆز» لەم شوێنە دەگێڕنەوە.
سهبارهت بهو مهزارگه دێرینهی عەنکاوە، نەرمین عەلی ئەمین پرۆفیسۆر لە بواری شوێنەوار و مێژوو لە زانکۆی سەڵاحەددین، بۆ هەفتەنامەی (گڵكەند) گوتی مهریهمی پاكیزه لە کولتووری ئایینی مەسیحیدا کەسایەتی و پێگەیەکی زۆر گهورهی هەیە، بۆیە پەیڕەوانی ئهو ئایینه زۆرترین شوێن و کەنیسەیان بە ناوی مەریەمەوە کردووە، تەنانەت زۆرترین سروودەكانی مەسیحیش لەبارەی مەریەمە، مهریهمی پاكیزه نه تەنها بە لای مەسیحییەکانەوە؛ بەڵکو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام و یارسانەکانیش به كهسێكی پیرۆزی دادهنێن.
سەبارەت بە بنهچهی وشەی «مەریەمانە»شەوە پێی وایە لەناوی حەزرەتی مەریەمەوە هاتووە و بە واتای ئەو شوێنە پیرۆزەی پەیوەندی بە حەزرەتی مەریەمەوە هەیە.
مەسیحییەکان ساڵانە لە 15ی ئابدا سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و دەگوترێ لە جێگای ئەو مەزارگەیه کەنیسەیەکی کۆن هەبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسەوارێکی کەنیسە كۆنەكە لەم شوێنەدا نەدۆزراوەتەوە.
سەبارەت بە مێژووی مەزارگەی «مهریهمانه«شەوە دکتۆر نەرمین پێی وا نییە مێژووییەکی دوور و درێژی تۆماركراوی هەبێت، بەڵكو دروستکردنەکەی لە شێوەی مەزارگە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگێڕێتەوە.
دكتۆر نەرمین هەروەها رەتی دەكاتەوە كاتی خۆی حەزرەتی مەریەم هاتبێتە عەنكاوە، دەڵێ ئەو دەنگۆیانەی باس لهوه دهكهن گوایە مهریهمی پاكیزه هاتبێتە ئەو شوێنە، ڕاست نین، ساڵی 1996 بۆ بڕوانامەی دکتۆراکەی، توێژینهوهی لەمبارەیەوە كردووە، مەزارگەكە سەرەتا لە قوڕ دروست كرابوو، دواتر کرا بە کۆنکرێت، لەسەر دوو گوومەزەكەیدا دوو خاچ دروست كران، بەڵام بینایهکە لە ناوەوە یەک پارچهیه و چەند تاقێک له دیوی ناوهوهی دیوارهكانی دان بۆ دانانی مۆم لە کاتی نوێژ و پاڕانهوهدا بهكار دێن.
بەر لە چەند ساڵێک شوێنەوارێکی مێژوویی لە نزیک مەزارگەی مەریەمانە دۆزرایەوە، لیژنەیەك بە ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر سەردانیان كرد، بینیان نشینگەیەکی زۆر کۆنی سیرامیک و چەند پارچە گۆزەیەکی تێدایە، مێژووەکەی بۆ 2000 ساڵ لهمهوبهر دەگەڕێتەوە، دكتۆر نەرمین پێی وایە پاشماوەكان بەڵگەی ئهوهن كە شوێنەكە خەڵکی تێدا ژیاوه.
بەپێی لێكۆڵینەوەی دكتۆر نەرمین عەلی، ئەو مەزارگەیە هی تهواوی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی نییه، بهڵكو شوێنێکی لۆكاڵییە و تایبەتە به مەسیحییەکانی عەنکاوە كه بهمهزهب کلدانن، بۆیە تەنها كلدانهكان ئهو شوێنه به پیرۆز دهزانن و بۆ نهزر و نزا رووی تێ دهكهن.