ئەگەرچی حەلیمە عوسمانی تەمەن 67 ساڵ، كە دایکی نۆ كچ و کوڕی دەرچووی زانكۆیە، تا ئێستا بە نەخوێندەواری مابووەوە، بەڵام لە كۆتاییدا دەستبەرداری خەونی منداڵی نەبوو و دواجار ڕووبەڕووی ڕێگریی دابونەریتی كۆن وەستایەوە، ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی پۆلەکەی دادەنیشێ، هەردوو دەستی لەسەر پێنووس و تێنووسەكەی بەردەمی دایە و بە هیوایەكی گەورەوە دەبێتە خوێندەوار.
حەلیمە خان ئەوها چیرۆکی خۆی بۆ «گڵکەند» دەگێڕێتەوە كە لە منداڵیدا، باوکی هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەچێتە قوتابخانە، بەڵام ئەو ئێستا بەو تەمەنەوە دەستی بە خوێندن كردووە و بە نیازە تا قۆناغی کۆتایی بەردەوام بێت.
ئەو ژنە كە ئێستا داپیرەیە و لە ڕووی تەمەنەوە لەگەڵ کوڕەزایەکیدا نزیکەی 60 ساڵیان نێوانە، هەردووکیان لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتی دەخوێنن، ئەو دەڵێ «ئەو قوتابخانەیە دەرفەتێکی باشە، رۆژانە فێری نووسین و خوێندنەوە دەبم، خەونی منداڵییم دەهێنمە دی».
دەستپێشخەریی زانكۆی جیهان
زانکۆی جیهانی ناحکومی لە هەولێر لە رێگەی قوتابخانەیەکەوە کار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکات، ئەو زانكۆیە دەستی داوەتە پڕۆژەیەكی دەگمەن و بەبێ بەرانبەر زیاتر لە 80 قوتابیی لە نێوان 20 بۆ 67 ساڵی لە چەند پۆلێكدا كۆ كردووەتەوە، كە بەزۆری ئافرەتن.
ئەندازیار بورهان سابیر (تەمەن 73 ساڵ)، سەرۆكی سەنتەری ڕۆشنبیریی زانكۆی جیهان، كە چەندین پرۆژەی كولتووری و پیشەیی لەناو زانكۆكەدا كردووەتەوە، سەرپەرشتی ئەو قوتابخانەیەش دەکات، لەبارەی بیرۆکەی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە بۆ (گڵکەند) دەدوێ و باس لەوە دەكات كە بیرۆکەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی شتێكی نوێ نییە، لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەبوون، بەڵام ئەوان لەناو زانکۆیەكی ناحكومیدا ئەو قوتابخانەیان بەخۆڕایی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری دامەزراندووە».
قوتابخانەکە ساڵی رابردوو لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کردنەوەی پێ درا. سیستەمی خوێندن لە قوتابخانەکە، سیستەمی خێرایە، واتە قوتابی بە ساڵێک دوو قۆناغ دەبڕێت، نیوەی ساڵی یەکەم قۆناغێک و نیوەکەی دیکەش قۆناغێکی دی دەخوێنێت، ئەم رێگەیە تاوەکو کۆتایی قۆناغی شەشەمی سەرەتایی یان ئەوەی بە قۆناغی بنەرەتی دەناسرێت تەواو دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی قوتابخانەکە نوێیە، هێشتا قۆناغەکانی پێنج و شەشیان نیيە.
بورهان سابیر لەبارەی بڕوانامەی دەرچوونی ئەو قوتابیانەشەوە دەڵێ: «دوای تەواوکردنی قۆناغی شەشی بنەڕەتی وەکو هەر قوتابخانەیەکی دیکەی ئاسایی قوتابی لە قوتابخانەکەمان بڕوانامەی پۆلەکەی پێ دەدرێت و دەتوانێت بچێتە قۆناغی ناوەندی، چونکە هەمان ئەو تۆمارانەی لە قوتابخانەکانی دیکەدا هەن، لای ئێمەش هەیە و بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە کار دەکەین». لەم قوتابخانەیەدا رەگەز و تەمەن بەربەستی بەردەوامی و تەواوکردنی خوێندن نین، قوتابییەکان لە 20 ساڵییەوە دەبیندرێن تاوەکو سەرووی 60 ساڵی، ئەو قوتابییانەی لێرەن بە تامەزرۆییەوە بۆ ئەم دەرفەتە دەگەڕان تاوەکو بتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن کە پێشتر بەهۆکاری جیاواز نەچوونەتە بەر خوێندن.
مەرجی وەرگرتنی قوتابی لە قوتابخانەکە تەنیا ئەوەیە كە نابێت پێشتر چووبێتە بەر خوێندن و وازی لێ هێنابێت، بەڵکو ئەوەی قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە یەک دەخات ئەوەیە پێشتر هیچیان نەچوونەتە بەر خوێندن و قوتابخانە.
زۆرینەی ئافرەتانی قوتابخانەکە ژن یان کچی ماڵەوەن، هەندێکیشیان خاوەن پیشەی خۆیانن، هەرچی پیاوەکانن خاوەن پیشەی خۆیانن. بەپێی قسەی بەشێک لە قوتابییەکان، ئەوان ئارەزوویەکی تایبەتیان بۆ تەواوکردنی خوێندن لەو قوتابخانەیە هەیە، بۆیە ئەرکەکانیان وەکو خۆی جێبەجی دەکەن. لەم قوتابخانەیەدا شەش مامۆستا وانەکان دەڵێنەوە، سەرجەمیان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە و بەشی زۆریشیان خۆبەخشانە كار دەكەن.
رۆژانە لە قوتابخانەکە سێ کاتژمێر دەوام دەکرێت لە دووی پاش نیوەڕۆوە تاوەکو پێنجی ئێوارە، رۆژانەش چوار وانە دەخوێندرێت، مامۆستاکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن كە قوتابییەکانیان هەوڵ دەدەن و بەباشی هەنگاوەکان دەبڕن.