گه‌نجەكی گه‌ڕه‌كی به‌سته‌پیازه‌ی هه‌ولێرێ لە كۆتای هه‌شتاكانەوە هەتا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان ناوبانگەكی زۆری پەیدا كرد، كه‌تافە‌كی خاكیی بێ پشتێنی له‌به‌ر دەكرد، لایه‌كی ڕوومه‌تی كوترا بوو، پرچی بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌داوه و به‌رده‌وام حه‌فتاوپێنجییه‌كی به‌شانه‌وه بوو، بەو دوایییە پاش تێپەڕینی سی ساڵ بەسەر كوژرانیدا، فیلمێک بەناوی (به‌ڕازیلییه شینه‌كه) بڵاو كرایەوە، گوایە باسی ئەو گەنجە دەكات و جارێكی تر ناوی خسته‌وه سه‌ر زاران.
ئەو گەنجە ته‌حسین موحسین بوو، ناسراو به ته‌عۆی به‌سته‌پیازه، كەسێكی مشت‌ومڕ هەڵگر لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، هەندێك جار بەتووڕە و شەڕانگێز، هەندێك جاریش بە هاوڕێیەكی بەوەفا دێتە باسكردن. لە پۆلی شەشی سەرەتایی وازی لە خوێندن هێناوە و ژنی نەبووە.
دوای ئەوەی وا بڵاو بووەوە كە ئەو فیلمە بەناوی (به‌ڕازیلییه شینه‌كه) پیشان دراوە، چیڕۆكی ته‌عۆی به‌سته‌پیازه ده‌گێڕێته‌وه، ناڕەزاییی بنه‌ماڵه‌کەی لێ كەوتەوە.
موخڵیس موحسین ناسراو بە مخۆ بەستەپیازە برای ته‌عۆی به‌سته‌پیازه، بۆ (گڵكەند) قسەی كرد و ڕەتی كردەوە ئەوەی لەو فیلمەدا پیشان دراوە، چیڕۆكی ژیانی برا كوژراوەكەی بێت، بەڵكو گوتی ”تەعۆ هه‌تا برێی زەلامەكی به‌خیره‌ت بوو، له‌سه خه‌ركی به‌جواب ده‌هات و ناعه‌قیشی لە كەس قبوور نه‌ده‌كرد، لۆیه معه‌ده‌ل به‌شه‌ڕ ده‌هات“.
مخۆ به‌سته‌پیازه كە ئێستە ته‌مه‌نی (٤٧) ساڵە و تەعۆی برای ساڵی (١٩٩٥) لە تەمەنی (٢٢) ساڵیدا كوژرا، باس لەوە دەكات برایەكەی پێش نه‌وه‌ته‌كان به‌س به چه‌قۆ شه‌ڕی ده‌كرد، بەڵام دواتر وەك خۆی دەڵێ ”پاش ئینتیفازەی له معه‌سكه‌ری سیلاعه‌كی حەفتاوپێنجیی هینا، دایموسعات پێی بوو، ده‌یویست تۆره‌ی خینی برایه‌كمان بكاته‌وه، لە سوڵحی عەشایەری كوژرابوو“.
تەحسین بە زۆری لە لای ماڵی خۆیان لە گەڕەكی به‌سته‌پیازه‌ی هەولێر دەبیندرا، بەو هۆیەوە بەستەپیازە كرایە پاشگری كورتكراوەی ناوەكەی، ئه‌و كه‌سانه‌ی بینیویانه ده‌ڵێن كه‌سێكی باڵا مامناوه‌ندیی قژڕه‌ش بوو، بەردەوام كالەی لیتۆنی سپیی لە پێ بوو، مخۆی براشی دان بەوەدا دەنێت كە شه‌ڕه‌كانی ته‌عۆ بەستەپیازە له ژماردن نەدەهاتن، چەندین جار گیرابوو، زۆر جاریش لێی درایه و په‌نجه‌كی قرتابوو.
مخۆ ڕەخنە لە فیلمی (به‌ڕازیلییه شینه‌كه) دەگرێ و دەڵێ تووشی شۆكی كردوون، هه‌رچه‌ند پێشتر لەم بارەیەوە ئاگەدار كرابوونه‌وه و ده‌رهێنه‌رەكە له‌گه‌ڵ برایه‌كی دیكەی قسه‌ی كردووه، بەو مەرجە ڕێگەیان دابوو كە (شتی خراپ)ی تێدا نەبێت له‌سه‌ر براكه‌یان، به‌ڵام وەك مخۆ ده‌ڵێ ”دوایێ دیتمان فلیمه‌كه ئه‌وها نه‌بوو، لۆیێ له مه‌حكه‌مه‌ی شكایه‌تمان كردییه و ده‌مانه‌وێت قانوون ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی ڕابگری“.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەرهەمهێنەری فیلمی (به‌ڕازیلییه شینه‌كه) ڕەتی كردووەتەوە باسیان لە تەعۆ بەستەپیازە كردبێت و بەهیچ شێوەیەك ناویشیان نەهێناوە. لە ڕاستیدا فیلمەکە باسی گرووپێک گەنجی شەڕانی دەکات کە لە دەوروبەری ساڵانی نەوەد لە هەولێر تاوانی کوشتن و رێگرییان ئەنجام داوە.
له ساڵانی هه‌شتاكان تا كۆتاییی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌ڕازیلی یه‌كێك بوو له دیارترین ئۆتۆمۆبێله‌كان له كوردستان، مخۆ دان بەوەدا دەنێت كە فیلمەکە گوزارشت لە براكەی ناكات، چونكە تەعۆ بەڕازیلییەكی سۆری هەبوو نه‌ك شین.
به‌پێداگیریشه‌وه ده‌ڵێ ”ئه‌وان گۆتیان فلیمه‌كه به درینگۆ ده‌بی، به‌س شتی زۆر خراپی تێدا بوو، وەیان نیشان دا ته‌عۆی برام عایله‌كی ده‌كوژی و دزی ده‌كا و قۆری عاله‌مێ ده‌بڕی“.
مخۆ له باره‌ی ژیانی تایبه‌تی ته‌عۆی براشیه‌وه دەڵێ ”لە عەیاتی عه‌ب و سیكۆتینی نه‌ده‌خوارد، بەس مه‌شروبی ده‌خوارده‌وه، عیلاقه‌ی له‌گه‌ر كچان نه‌بوو، بەس كێ خۆی پێ خۆڕی با، شه‌ڕی له‌گه‌ر ده‌كرد“.
ته‌عۆی به‌سته‌پیازه له سناعه‌ی هه‌ولێر ڕوونی ئیستاپی ده‌فرۆشت، براده‌ری زۆری هه‌بوو، لەوانەش فه‌رهاد زیره‌كی هونه‌رمه‌ندی میللی كە دراوسێی یەكتر بوون، بەڵام بەگوتەی مخۆ، تەعۆ نەدەچووە گەعدەکانی وی.