گوندێکی ناوچەی شاخاویی شاری هەولێر لە ساڵی (١٩٥٦) لە (١٣٠) خانوو پێکهاتووە نزیکەی (٧٠٠) کەسی تێدا ژیاوە، بژێویی ئەم گوندە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بووە، ئەم گوندە گوندی ڕۆستێیە. خانووەکانی دۆڵی ڕۆستێ لەو کاتە بەشێوەیەکی سەرەکی بە بەرد دروست کرابوون و بنمیچی خانووەکان تەخت بوونە، بەشی سەرەوەی خانووەکان هەندێک یان خشتی قوڕ و پووشن، بەڵام بناغەکانیان هەمیشە بە بەرد دروست کراون، دەرگە و پەنجەرەی خانووەکان دارن و پەنجەرەکان بچووکن هەندێک جار بەنەخشی دار ڕازاندراوەتەوە و داپۆشراون. تەختەی بنمیچەکان بە داری چەقەڵە دروست کرابوون بۆ ئەم مەبەستە دارەکان بە دوو چین دادەندرێت پاش دانانی چینی یەکەم بەقوڕ دادەپۆشرێت، پاشان چینەکی تر دادەندرێت ئەویش بە قوڕ دای دەپۆشن لە کۆتاییدا بە باگوردان دەپەسترێتەوە، ئەو ئیشە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دوای یەکەم بارانبارینی زستان دەستیان پێ دەکرد. بێگومان خانووی پیاوە دەوڵەمەندەکان و ئاغاکان زۆرجار دیواری ناوەوە و دەرەوەیان بە قسڵ سواخ دەدا.
بەهۆی گونجاویی شوێنەکە لە ڕووی کەشوهەواوە دارێکی زۆر لە گوندەکە هەبووە و ڕەزی زۆری لێ بووە کە کەوتووەتە خوار گوندی، وەک بەروبوومی دانەوێڵەش گەنم و جۆیان هەبووە لەپاش ئەوەی گەنم و جۆیان دووریوەتەوە خەڵکەکە لە هەمان کێڵگە فاسۆڵیا یان لۆبیایان چاندووە، واتە کشتوکاڵی زستان و هاوینەیان کردووە
تووتن سێیەم بەرهەمی گوندەکە بوو کە لە مانگی حوزەیران دەچێندرا لە پارچە زەوییەکی باش لە سەرەتای ئەیلوول بەرهەمەکانیان دەڕنی و دەیانگواستەوە بۆ شوێنێکی تایبەت بۆ وشکبوونەوەی، پاش وشکبوونەوەی ئامادەیان دەکرد بۆ فرۆشتن لە ڕواندزێ لە ڕواندزێش حکوومەت فەرمانبەری خۆی دانابوو بۆ ئەوەی قۆرخکاری نەکرێت لە فرۆشتنیان بۆ ئەم مەبەستەش پلەبەندی دانا بوو لەسەر تووتن، باشترین تووتن بە (١٠) (شیلینە) شیلین پارەکی خوردەی بەریتانی بوو لە عێراقیش بەکار دەهات (تووتنە خراپەکەش لە نێوان (٣-٤) شیلین بووە.
بۆ لێکردنی و هاڕینی دانەوێڵە ئاشی گوندی بەردەوام بەگەڕ خراوە ئەم ئاشە بە ئاو کاری کردییە لەسەر ڕووبار و دانەوێڵەی هاڕییە، زۆربەی باراشەکان بریتیبوونە لە ئارد و ساوار و گەنم.. خواردنە کوردەوارییەکان لە کاتێکدا ئاژەڵداری پیشەکی سەرەکی بووە لە گوندی ڕۆستێ بە نزیکەیی (٢٥٠٠) سەرمەڕ و بزن لەگەڵ (١٠٠٠) سەرچێر و ڕەشەوڵاغی لێ بووە، لە گوندی ڕۆستێ مەڕ و بزنەکان جگە لەوەی جێگەی دابینکردنی شیر و ماست، کەرە، ماستاو، دۆ و گۆشت بووە لە هەمان کاتیش بۆ جلوبەرگ و دروستکردنی فەرش و ڕایەخ سوودیان لە موو و خورییەکان وەرگرتییە لەناو هەموویان دروستکردنی ڕەشماڵ، گوریس و کیسەی دانەوێڵە بووە هەروەها پێستەکانیان بۆ هەڵگرتنی پەنیر و ژاژی سوودیان لێ وەرگرتییە، ژن لە دروستکردنی فەرش و قوماش لە ڕەنگکردن و لە بەرهەمهێنانی بۆ جلی کوردی و فەرش دەستێکی باڵایان هەبووە بە نزیکەی لە زۆربەی ماڵەکانی ڕۆستێ ژنەکان خەریکی دروستکردنی فەرش بوونە، ئەو فەرشانەی لەوێ دروست کراون بەشێوازی ئەستوورییەکەی جیاوازیی هەبووە لەگەڵ فەرشی دەوروبەر.
ئەم بابەتە بەناوی (گوندێکی کوردی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی عێراق) لەلایەن ج. پ. ن. گالۆوەی نووسراوە، ئەم برادەرە لە ساڵی ١٩٥٦ دەچنە گوندی ڕۆستێ خۆی و سێ برادەری تر کە کاتی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کاریان کردووە، لە کاتی سەردانەکەیان خەڵکی ڕۆستێ دۆیان دەدەنێ ئەوانیش لەبەر بەلەزەتیی دۆیەکە دەیچوێنن بە کۆکا کۆلا ناوی لێ دەنێ دۆ-کۆلا کە بەخواردنەوەیەکی کوردانەیان هەژمار کردووە.
- (A Kurdish Village of North-East Iraq)J. P. N. Galloway, The Geographical Journal
- Vol. 124, No. 3 (Sep., 1958), pp. 361-366 (6 pages)
- Published By: The Royal Geographical Society (with the Institute of British Geographers)