مافوور تەنها پارچەیەك كاری دەستی و چنراوێكی سادە نییە، بەڵکو گێڕەرەوەی شریتی مێژوو و حەكایەتی نەنووسراوەن، لە پەنجە و لەپی دەستی پێشینانەوە تاكو نەخش و نیگاری تەونكراوی بەجێماویان. هەر تێكستورێكی ئاڵۆز، ڕەنگێكی ئاڵ یان سێبەر و نەخشێك لەسەر مافوورێكی چندراودا، هەڵگری یاد و ڕووداوێكی نەگێڕدراوەیە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ئەوێ ڕۆژێی هۆزە کۆنەکان و دابونەریتی کۆچەرییەكان، بۆ پیرە قەراتی برند و ئەو خاكە قاوەیییەی لەناو خانووە قووڕەكاندا بەو مافوورە سۆرانە داپۆشرابوون.
لە کاتێکدا گەشەی شار و گۆڕانی كۆمەڵایەتی گەلێك ئادگاری مێژوو كاڵ دەكەنەوە، هێشتا كەسانێك هەن دەست بە میرات و كەلەپوورەوە دەگرن، لەوانە كاوان كەریم، خوێندنەوەی هێڵەكانی تەون و نیگارەكانی بەرهەمی خەیاڵی پێشینانی كردووەتە ئامانجی ژیانی.
ئەو گەنجە كوردە كە توێژەری مافوورناسییە و خاوەن بڕوانامەی دوكتۆرایە لە بواری تەون لە زانكۆی هونەریی تاران، لە ڕیشەی مافووری نەریتیی دەستچنی هەولێری كۆڵیوەتەوە كە كۆنترینیان بۆ قەڵات دەگەڕێنێتەوە، ئەو شارەزایە لە دیدارێكی (گڵكەند)دا باس لەوە دەكات كە چۆن بەری سەدان ساڵ، لە خانووەكانی قەڵاتدا بۆ داپۆشینی زەوی و هەندێك جاریش جوانكاریی دیوار، مافوور هاتووەتە بەكارهێنان.
كاوان كە خەڵكی شاری بۆكانی كوردستانە، ئێستە لە هەولێر خانەیەكی كۆكردنەوەی مافووری كۆن و چاككردنەوەیان و دواتریش فرۆشتنی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە كردووەتەوە، بەلێكۆڵینەوە ئاشكرای كردووە كە لە سنووری هەولێر لە ناو قەڵات مافوور چنراوە، هەروەها لە ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری هەولێر و لەلایەن هۆزە دوورەکانیشەوە مافوور چنراون و دواجار بۆ قەڵات هێنراون.
هەروەها باس لە کەرەستەکانی مافوور دەكات لە ڕابردوودا و بەداخەوەیە كە زانیاریی سنووردار لەم بارەیەوە لە پێشینانەوە بەجێ ماون، ئەمەش بەهۆی سروشتی ناوچەكەوە كە سەدان ساڵی ڕابردووی تژی شەڕ و ئاشووب بەڕێ كردووە، لە ئەنجامیشدا مافوور وەك هەر كەلوپەلێكی دەستكردی دیكەی مرۆڤ لەناوچوون.
بەپێی بۆچوونی ئەو شارەزایە، دیارترین و بەناوبانگترین جۆری مافوور لە هەولێر سەراناز بووە كە شێوەیەكی لاکێشەییی هەبووە و بەردەوام نەخشە هونەرییەکانی سەری دووپاتە كراونەتەوە و بەتێپەڕبوونی کاتیش بوونەتە تایبەتمەندییەکی دیاریکراوی مافووری ناوچەكە، کەرەستەی سەرەکیی بەکارهێنراویش لە چنینی ئەو مافوورانەی هەولێر خووری بووە، هەندێک جاریش لۆکەی تێکەڵ کراوە.
هۆزی سیان باشترین جۆری مافووریان دروست كردووە، هەندێك جار بەرهەمەکانیان ڕەوانەی شارە گەورەكانی وەك بەغدا، تاران و ئیستەنبۆڵیش كردووە، بەڵام هۆزەکانی دیكە زۆرتر مافووریان بۆ بەکارهێنانی خۆیان چنیوە نەک بۆ بازرگانی.
ئەو شارەزا كوردە باس لەوە دەكات كە تایبەتمەندییەكی دیاری مافووری نەریتیی هەولێر بەکارهێنانی ڕەنگی سوور و مۆری زیندووە. بە داخیشەوەیە كە زۆربەی مۆرەکان یاخود وەنەوشەیییەكان لە مافوورە كۆنەكاندا کاڵ بوونەتەوە، هەندێکیشیان تەواوی ڕەنگەکانیان لەدەست داوە. هەروەها ئەو مافوورانەی کە بەکەرەستەی سروشتی ڕەنگ کراون، ڕەنگەکانیان باشتر ماوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەم پارچانە ئێستە لە دەرەوەی کوردستان لەلایەن كۆكەرەوە بیانییەكانەوە هەڵگیراون. تەکنیکەکانی چنینی بەکارهاتوو لە مافوورەكانی هەولێر بەوە دەناسرێتەوە كە بەتەریبی چنراون، دوو گرێ لەسەر هەمان بەن بەستراون و تەریب دەردەکەون. دووەمیش چنینی نیوەتەریبە، کە هاوشێوەیە، بەڵام یەکێک لە گرێیەکان وەک نیوەگرێ دەردەکەوێت. ئەم ڕێگەیانە دەق و نەخشی تایبەت دروست دەکەن کە تایبەتن بەهەولێر.
ڕێگەیەکی تر بۆ ناسینەوەی مافووری دەستچنیی هەولێر مۆتیڤەکانیانە. کاوان ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ٥٠٠ مۆتیڤی جیاواز لەناو مافوورەكانی هەولێر هەن، لە دارەوە بگرە تا شێوەی ئاژەڵ و وێنەی مراوی و مریشک. جەختیش لەسەر گرینگیی لێکۆڵینەوە لەم مۆتیڤانە دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەکانیان. مافووری ناوچەكەش لە ڕووی جوگرافییەوە بۆ سەر تەونی شار و تەونی گوند و تەونی كۆچەریدا دابەش دەكات.
ئەو تەونناسە مافووری ناوچەی خۆشناوەتیش بەوە دەناسێتەوە كە لە ڕووی نەخشەوە قەرەباڵغترن لەچاو عەشیرەكانی تر، زۆر جاریش نەخشەكانیان تێكەڵ بەیەكتر كردووە، بۆیە دەڵێن مافووری كوردی قەرەباڵغە، هۆكارێكی تریش دەگەڕێتەوە بۆ هەمەڕەنگیی كولتووری كوردی. چونكە كورد بەهۆی هەمەڕەنگییە كولتوورییەكەیەوە ماوەتەوە.
هەروەها دەڵێ لە دوای هاتنی ئیسلامەوە، مافووری كوردستان لە شێوازی مینیماڵیستی و سادەیییەوە بازی داوەتە سەر شێوازێكی كولتووریی نوێ كە زیاتر لە سروشتی ڕووەكەوە نزیكە. بەهۆی سروشتیی جوگرافیی كوردستانیشەوە، لەجیاتیی وێنەی ئاژەڵ و مرۆڤ، وێنەی سروشتی گوڵ و گوڵزار و ڕووەكەكان هێنراوەتە ناو تێكستوری مافوورەكان.
لە مێژووی نزیكی كوردستانیشدا، تا درەنگ تەون و چنین وەک سەرچاوەیەکی ئابووری چاوی لێ نەكراوە، بەڵام كاتێك ژمارەیەك كارگەی پیشەسازیی چنین دامەزران، بەتایبەتی كە دوو كارگە لە هەولێر كرانەوە، مافوور كرایە سەرچاوەیەكی قازانج، بەڵام لەسەر نەخش و شێوازی مافووری تورکی و فارسی بەرهەم دەهێنران، چونکە داواکاریی زۆریان لەسەر بووە و لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەفرۆشران. بۆیە كاوان كەریم بەگشتی بازرگانیی مافوور لە هەولێر بەسەر دوو سەردەمی جیاوازدا دابەش دەكات، ئەوانەی پێش دامەزراندنی کارگەکان دروست کراون و لەگەڵ ئەوانەی دوای كارگەكان. پێی وایە ئەوانەی گرووپی یەکەم ڕیشەیان لە کولتووری ناوەخۆدا هەیە، بەڵام هی كارگەكان زیاتر بەهای ئابوورییان هەبووە تا كولتووری.
كۆنترین دەستەچن كە لە جیهاندا دۆزرابێتەوە پەزیریکە (Pazyryk)، بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ لە ڕووسیای ئێستە دۆزراوەتەوە. كاوان ئاماژە بەلێكۆڵینەوەی توێژەرانی بوارەكە دەكات كە پێیان وایە ئەو تەونە كاتی خۆی دیارییەك بووە لەلایەن یەكێك لە پادشاكانی ساكاكانەوە نێردراوە بۆ یەكێك لە پادشاكانی ناوچەكە. دەشڵێ ساكاكان بنەچەیان بۆ كورد دەگەڕێتەوە، چونكە پایەتەختەكەیان شاری سەقزی كوردستان بووە.