بەڵگەنامەیەكی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، دەری دەخات كە ساڵی ١٩٦١ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی گشتیی عێراق یاوەرێکی بارزانییان بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەستگیر كردووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئەمنیی گشتیی عێراق، کە ڕۆژی ١٩٦١/١١/٥ بۆ حاکمی گشتیی سەربازی ناردووە، مەلکۆ عەباس محەمەد دەستگیر کراوە، کە یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی یاوەری بارزانیی نەمر بوون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و لەوێ هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکی ڕووسی کردبوو.
مەلکۆ عەباس محەمەد لەو کاتەی هەوڵی دەدا ئەلینا پاڤلۆتای هاوسەرە ڕووسییەکەی بەڕێ بکات، دەستگیر کراوە و بە کارمەندە ئەمنییەکانی گوتووە خەڵکی گوندی پیرستانە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی گشتیی عێراق بە حاکمی گشتیی سەربازیی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە بەهۆی ڕووداوەکانەوە نەتوانراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە بسەلمێندرێت مەلکۆ عەباس خەڵکی ناوچەکەیە و داوای کردووە حاکمی گشتیی سەربازی ڕەزامەندی بۆ زیندانیکردنی لە گرتووخانەیەکی باشووری عێراق بدات.