لەناو دیکۆمێنتەكانی مامۆستا محەمەد مەولوود مەم، چاوم بەپەیڕەوی ناوەخۆی (یانەی ئازادی) لە هەولێر کەوت، کە لەلایەن (محەمەد حەسەن دزەیی) و هاوڕێکانی:
١. حوسێن عەزیز ڕەشوانی، مامۆستای خانەی مامۆستایانی سەرەتایی
٢. ئەحمەد عەلی حەیاوی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی
٣. عەلی جوکل بەریە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی
٤. شەفیق سابیر ساڵح، موفەتیش لە دایرەی مەعاریفی هەولێر
٥. مستەفا تۆفیق سلێمان، تێبینیار لە دایرەی کشتوکاڵی هەولێر
٦. سەبری ولیەم سەبری، ئەندازیاری ڕێگەوبان لە هەولێر
٧. موحسین حاجی ساڵح موختار، تێبینیار لە دایرەی ئیدارەی محەلیی هەولێر
٨. عەبدولقادر ئەحمەد قڕگەیی، بەڕێوەبەری گەنجینەی خانەنشینان
٩. نوری ئەمین حەکیم، چاودێری وەرزشی
پێشکێش بە موتەسەڕفیەتی هەولێر کراوە، بۆ کردنەوەی (یانەی ئازادی) لە گەڕەکی ئازادی، موتەسەڕفیەت دەمودەست بە نووسراوێک داوای لە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق کردووە، مۆڵەتیان پێ بدرێت ئەمەش دەقی وەڵامەکەی وەزارەتی ناوەخۆیە:
ئەندامانی دامەزرێنەری یانەی ئازادی لە هەولێر
بەڕێز محەمەد حەسەن دزەیی و هاوڕێکانی
لە ڕێی موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر
ئاماژە بە داواکارییەکەتان، کە بەنووسراوی موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر بە ژمارە ٣٣٥٠ لە ١٩٦٠/٢/٢١ لای ئێمە لە ١٩٦٠/٢/٢٤ تۆمار کراوە و وەڵامدانەوەتان لەسەر داواکاریی ڕاستکردنەوەکانمان بەپێی نووسراوی موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر ٥٥٧٣/٦/١ لە ١٩٦٠/٤/٣ کە لە ١٩٦٠/٤/٧ لای ئێمە تۆمار کراوە.
بۆیە لەبەر نەبوونی هیچ بەربەستێک لەلای ئێمەوە لەو ڕاستکردنەوانەدا، ئەو یانەیە ڕێگەی دروستکردنی پێ درا بەپێی ئەو ماوەیەی کە لە بڕگەی پێنجەمی یاسای کۆمەڵەکان لە ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٦٠دا هاتووە بۆی داناوە، کە دەکاتە ڕێکەوتی ١٩٦٠/٥/٨.
تکایە ڕەچاوی یاسای ناوبراو بکەن، پەیڕەوەکەش هاوپێچ لەگەڵ داواکارییەکەتان.
وەزیری ناوەخۆ
هەر لەم دیکۆمێنتەدا دیارە، دوای کردنەوەی ئەم یانەیە پەیتا پەیتا کەسایەتییەکانی هەولێر، داوای ئەوەیان کردووە خۆیان ناونووس بکەن بۆ ئەندام بوون لەم یانەیە، چونکە دەردەکەوێ دەستەی کارگێڕی مەرجی هەبووبێ بۆ ئەندام بوون، ئەمەش هەیبەت و بەهای ئەم شوێنە دەردەخات، بۆ نووسەر و چیڕۆکنووس مامۆستا (محەمەد مەولوود مەم)، کە ئەو کات بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەولێر بووە، داوایەکی پێشکێش بە یانەی ئازادی کردووە بەمەبەستی ئەندام بوون لەم یانەیەدا، وەڵامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکەش ئەرێنی بووە.